رووداو دیجیتاڵ
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت ئەمریکا تەنیا هاوکاریی 14 لیوای هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، سەبارەت بە پێکهێنانی هێزێکی نیشتمانیش ئاماژە بەوە دەکات "هەر کاتێک واز لە دەستکەوت و دەسەڵات هێنرا دەبینە خاوەنی هێزێکی نیشتمانی".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە چەند پرسێک کرد، لەبارەی چاکسازی لە ریزی هێزەکانی پێشمەرگە، باسی لەوە کرد کە چوار وڵات چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگە دەکەن، هاتنی داعشیشی بە رێگر لەبەردەم یەکخستنەوەی پێشمەرگە ناوبرد. بە گوتەی ئەو چاکسازی نەکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە "خەتاکەی خۆمانین"، بەبێ ئەوەی ناوی کەسیش بێنێت گوتی "هەندێك کەس بەربەستن لەبەردەمیدا".
بە گوتەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی رەزامەند نین لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەشی خستەڕوو کە یەکخستنەوەی پێشمەرگە کاتی دەوێت و "بەرنامەیەکی رێکوپێک دانراوە بۆ یەکخستنەوەی".
سەبارەت بە رێککەوتنە سەربازییەکان لەگەڵ عێراق، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەوە کرد کە عێراق لەو رووەوە "جیددی نییە" و دەشڵێت "ئومێدم بەو رێککەوتنانە نییە کە لەگەڵ سوپای عێراق دەکرێن".
شێخ جەعفەر بە پێویستی دەزانێت کە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروستبکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر "ترسی هاوپەیمانان نەبێت داعش دەتوانێت شاریش بگرێتەوە"، پێیوایە نەبوونی هاوئاهەنگیش بووەتە هۆی زیادبوونی جموجۆڵی داعش و دەڵێت "داعش لە هەموو روویەکەوە بەهێز بووەتەوە".
بە گوتەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "هیچ خاڵێکی" رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
رووداو: بڕیاردراوە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەم مانگە سێ مووچە بەسەریەکەوە وەربگرن، بەڵام بەشێک لە هێزەکانی دیکەی وەکو یەکەکانی 70 و 80 گلەیی ئەوەیان هەیە و هەستدەکەن جیاوازی لەنێوانیاندا دەکرێت، چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە نەمێنێت و ئەو پرۆسە چاکسازییەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە دەستیپێکردووە ئەوانیش بگرێتەوە و ئەوانیش وەکو هێزەکانی دیکە مووچەیەکی باشیان پێبدرێت؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: دیارە هاوپەیمانان، بەتایبەتی ئەمریکا، هەر لە سەرەتای هاتنیانەوە بۆ رزگارکردنی عێراق تاوەکو ئەمڕۆ دەڵێن ئێمە یارمەتیی هیچ هێزێک نادەین کە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەبێت. تەنانەت لەکاتی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانیان و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، تەنیا هاوکاریی ئەو 14 لیوایە دەکەن کە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان.
پێشتر هاوپەیمانان بڕێک پارەیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کڕینی پێداویستییە ئیدارییەکان و خۆراک تەرخانکردبوو ، هاوکات نیو مووچەیەکی پێشمەرگەشی تێدابوو، بەڵام ئێستا مووچەی تەواو بەو 14 لیوایە دەدەن کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، راستە لەو لیوایانەش هەندێک گرفت هەیە، بەڵام پێموایە ئەو گرفتانەش لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە چارەسەر دەکرێن.
سەبارەت بە سێ مووچەکەش، ئەو بڕە پارەیەی هێناویانە دیارە هی چەند مانگێکە، بۆیە ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردەوە، کە دەبێت ئەو پارەیەی هاتووە بۆ مووچەی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە زووترین کات دابەشبکرێت، کە ئێستا مووچەیەکیان داوە، سێ مووچەش دەبێت لەو مانگەدا بدرێت بە ئاگاداریی ئەوان و لەژێر چاودێریی خۆیان.
رووداو: هەر لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە چاکسازییەی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان دەستیپێکردووە، بڕیاروایە یەکەی ژمێریاری یەکەکانی 70 و 80ش یەکبخرێن و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم پرۆسەیە بە کوێ گەیشتووە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەمڕۆ چوار دەوڵەت لە پرۆسەی چاکسازیدا لە وەزارەتی پێشمەرگەن، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا. ئەم چوار وڵاتە بە هەموو توانایەکیانەوە هاتوونەتە ناو هێزی پێشمەرگە، راوێژکاریان هەیە بۆ چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە.
چەند ساڵێکە خەریکن و بەرنامەی باشیشیان داڕشتووە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە یەکەکانی 70 و 80، کە بە دوو هێزی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی و پارتی ئەژمار دەکرێن، لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە رێکبخرێنەوە، سەرەتا پرۆسەکە زۆر بە باشی دەڕۆیشت، بەڵام دوای هاتنی داعش بوو بە رێگرییەکی گەورە لەبەردەم یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی یەکەکانی 70 و 80 لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە پێویستی بە کاتیە.
رووداو: رێگری هەیە لەبەردەم یەکخستنەوەی ئەو هێزانە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: لەڕاستیدا ئەوەی تاوەکو ئێستا بینیبێتم، لە پێشتر رێگرییەکی وا نەبووە. لەڕاستیدا بۆ ئەو یەکخستنەوەیە پێویستە هەردوو حیزب کە خاوەنی دوو هێزی گەورەن کە یەکەکانی 70 و 80یە، هەردوولایان دەبێت هاوکار و یارمەتیدەری وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بن، بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە بەرەو پێشەوە بچێت؛ بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ئۆکەیە لەلایەن ئەو دوو سەرکردایەتییەوە نەدراوە.
رووداو: هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، هیچ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ هێزی پێشمەرگە و باشترکردنی بژێوییان؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: بەپێی یاسا سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی گشتیی هەموو هێزە چەکدارەکانە، واتە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشە، واتە دەسەڵاتی رەها لای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. لەڕووی ئۆپەراسیۆن و جووڵەی هێزەکانەوە هەمووی دەبێت لەژێر بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. ئێمە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرنامەیەکی رێکوپێک بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەردوو جێگرەکەی و کۆمەڵێک شارەزا لە سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 و شارەزایەکانیان دانراوە، ژمارەیەک کۆبوونەوە کراون و بەرنامەیەکی زۆر رێکوپێکیش دانراوە بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆئەوەی ئەو هێزانە ببەسترێنەوە بە سەرۆکایەتیی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەو بەرنامەیە لەبەردەستدایە، بەڵام چاوەڕوانی ئەو ئۆکەیە دەکرێت لەلایەن هەردوو حیزبەوە بدرێت بۆئەوەی دەست بە کار بکرێت.
رووداو: بڕیار وابوو ژووی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بەتایبەتی لە ناوچە دابڕاوەکان و کێشەلەسەرەکان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان دروستبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ژوورە دروستنەبووە، گرفتەکە چییە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەو دانیشتنانەی لەگەڵ عێراق دەکرێن، من هیچ ئومێدێکم پێیان نییە، بەتایبەتی لە پرسە سەربازییەکاندا. لە سەرەتای ئازادکردنی عێراقەوە لەگەڵ برای بەڕێزم کاک کەریم سنجاری و کۆمەڵێک لە برادەرانی دیکە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ عێراقییەکان بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان کاردەکەین، تاوەکو ئێستا چەندین رێککەوتنمان کردووە و چەندین بڕیارمان داوە، بەڵام یەک لەو بڕیارانە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ نموونە دێن و قسەی باش دەکەن و بڕیاری باش دەدرێت و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، بەڵام جاری وا هەیە لایەنە عێراقییەکان دوای شەش بۆ هەشت مانگ دێنەوە و داوای کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەنەوە، کە بابەتەکە کۆن بووە و هەر لە بەرنامەدا نەماوە. بەڵێ ئەوە راست بوو بڕیاربوو ناوەندی هاوئاهەنگیی هاوبەش دروستبکرێت لە دیالە، کەرکووک، موسڵ و هەولێر، بەڵام بەداخەوە عێراقییەکان ئەوەشیان جێبەجێ نەکرد و گوتیان دەبێت دوو ناوەند هەبێت، یەکێک لە هەولێر و یەکێک لە بەغدا، کە ئەو دوو ناوەندە هیچ گرنگییەکی نییە لەسەر بەرەکان و شەڕی داعش و هاوئاهەنگیکردن لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق، چونکە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان مامەڵەمان لەگەڵ سوپای عێراقە.
رووداو: وەک باست کرد، سەرەتا رێککەوتن هەبوو بۆ دروستکردنی ئەو ژوورە، بەڵام ئێستا عێراق لەبری ناوەندی هاوبەش داوای لیژنەی هاوبەش دەکات، ئایا هەرێمی کوردستان بەمە رازییە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەوەش لە بڕیارەکاندا هاتووە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوانە دروستنەکراون، پێموایە حەق نییە رێگەبدەن ئەوەش دروستبکرێت.
رووداو: ئەمە کاریگەریی لەسەر ئەوە هەیە کە داعش لە ناوچە کێشەلەسەرکان جموجۆڵەکانی زیاد بووە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە، نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە کە داعش بە ئارەزووی خۆی چالاکیی لێوە ئەنجامدەدات و خۆی رێکدەخاتەوە، بەتایبەتی لە پشتی سوپای عێراقییەوە.
لەنێوان ئێمە و سوپای عێراقدا ئەو بۆشاییانە کەمە، لە زۆر شوێن ئەو بۆشاییانەمان نییە، ئەوەی کێشەی ئێمەیە ئەوەیە بۆشاییەکان کەوتوونەتە پشتی سوپای عێراقییەوە، لە سەنگەرەکانی سوپای عێراقییەوە دزە دەکەن و دێن و کردەی تیرۆریستی دەکەن دژی پێشمەرگە یان دژی گوندە کوردییەکان، لە خانەقین و قەرەچووخ و ئەو شوێنانە.
بۆیە ئێمە پێویستمان بەوەیە ناوەندی هاوئاهەنگی و ژووری ئۆپەراسیۆنمان هەبێت، ئێمە و وەزارەتی بەرگری لەگەڵ هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکەین لەپشتی سوپای عێراقییەوە بۆئەوەی لە رەگ و ریشەوە هەڵیان بکێشین. ئەگەر ئێمە ئەوە نەکەین، ئەوا مەترسی داعش رۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت.
رووداو: داعش مەترسیی زیاد بووە و بەهێز بووەتەوە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: داعش ئێستا هەر ئەوەیە کە شارەکانی بەدەستەوە نییە، من پێموایە داعش ئێستا ئەگەر لە ترسی هاوپەیمانان نەبێت دەتوانێت شاریش بگرێتەوە. داعش ئێستا لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی و چەکەوە زۆر بەهێزە، بۆ نموونە ئێستا جۆرە چەکێکیان پێیە کە دووربینی شەوی لەسەرە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن یەک بە یەک ئەو سەربازانە یان پێشمەرگانە شەهید بکەن، جاران ئەو چەکانەشیان نەبووە. بۆیە ئێستا لە هەموو روویەکەوە داعش زۆر بەهێزە، تەنیا ئەوەیە شارەکانی بەدەستەوە نییە. ئێستا لە دەرەوەی شارەکان زۆر بەهێزە، لە شاخی حەمرین تونێلیان هەیە، بارەگای گەورەیان هەیە، لە شاخی قەرەچووخ بە هەمان شێوە، بە بەردەوامییش هێزی پشتیوانییان بۆ دێت لە سووریاوە، ئەو هێزانە دێنە عێراق و لە عێراقیشەوە دابەشی سەر ناوچەکان دەبن.
رووداو: لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتنێک هەبوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی هێزێک لەو ناوچەیە و تاڕاددەیەکیش گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ شنگال، ئایا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ شنگال؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە، چی بڕیار درابێت دەبێت بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بڕیاردرابێت پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو سنوورانە، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، ئێمە پێمانخۆشە شارەکان هەموویان خاڵی بن لە هێزە چەکدارەکان و لە دەرەوەی شارەکان هێزی هاوبەش هەبێت بۆئەوەی بتوانین شارەکان بپارێزین.
رووداو: لە سەرەتای پرۆژەی چاکسازی لەنێو هێزی پێشمەرگە گڕوتینێکی زیاتر لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بەدیدەکرا، ئایا ئێمە نایبینین یان هەست بەو گڕوتینەی هێزەکانی هاوپەیمانان ناکەین لەوبارەیەوە؟ ئایا بێ هیوا بوون لە چاکسازی یان پرۆسەکە بەردەوامە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: پێموایە ئێستا هاوپەیمانان زۆر گەرموگوڕترن لە جاران، جۆرەها رێگە دێننە پێشەوە بۆئەوەی چاکسازی بکەن، جۆرەها بەرنامەی تازە دەهێنن. زۆر جیددین و بە هەموو توانایەکیانەوە ئێستا لەگەڵ چاکسازین لە وەزارەتی پێشمەرگە. چەک و پێداویستییەکی زۆر دەهێنن بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بە هەمان شێوە پاڵپشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش دەکەن. ئەو پاڵپشتییەی ئێستا بۆ هێزی پێشمەرگە هەیە لە رابردوودا نەبووە، بەڵام گرفتەکە لای خۆمانە.
گرفتەکە لێرەیە، ئێمە ئەگەر بەرەو پیری داواکاری و بەرنامەکانی ئەوان بچووباین..
رووداو: بۆ ئەو گڕوتینە لەلایەن خۆمانەوە نییە؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت لەوانە بپرسیت کە دەبن بە کێشە و بەربەست لە بەردەمی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە من پێموایە مادام ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێممان هەیە و بەپرسین لە خەڵک، پێویستمان بە سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتووی پڕ چەک و پڕ مەشقە بۆئەوەی بتوانێت پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکات، رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە روودەکاتە ئەو هەێمە و ببێتە گەرەنتییەکیش بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوانە بۆسەر هەرێمی کوردستان، تەنیا گەرەنتیش بۆ بەدەستهێنانی ئەمانە بوونی لەشکرێکی پێشمەرگەی یەکگرتووە لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: هەرێمی کوردستان کەی دەبێت بە خاوەنی لەشکرێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو؟
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: هەرکاتێک واز هێنرا لە دەستکەوت و دەسەڵات، پێموایە دەبین بە خاوەنی ئەو هێزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ