دەیڤید شەنکەر بۆ رووداو: رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران کۆتاییهات و مەترسیی گرووپەکان ماون

24-06-2025
جووتیار قارەمان
دەیڤید شەنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک
دەیڤید شەنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەیڤید شەنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک پێیوایە، رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران دوای هێرشەکەی سەر قەتەر "کۆتایی هاتووە"، بەڵام هۆشداری دەدات مەترسیی ئەوە هەیە ئێران گرووپەکانی سەر بەخۆی، وەک حەشدی شەعبی، بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاربهێنێت. 
 
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ شەهیان تەحسین لە هەواڵەکانی کاژێر 00:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، شەنکەر رایگەیاند،  ترەمپ "نزیکەی 100 جار" گوتوویەتی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن.
 
دوای ئەوەی ئێران لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە قەتەر مووشەکباران کرد، دەیڤید شەنکەر رایگەیاند، دۆخەکە هاوشێوەی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانییە: "پێموایە هێرشەکان دەوەستن. ئێرانییەکان ویستیان بە رێگەیەک لە رێگەکان وەڵام بدەنەوە، بەڵام نەیانویست هیچ کەسێک بریندار بکەن یان بکوژن. ئیدارەی ئەمریکایش دەیەوێت ئەمە تێبپەڕێت."
 
شەنکەر لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ترەمپ وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەداتەوە، گوتی: "پێموایە کە زۆر روونە ئەمریکا نایەوێت وەڵام بداتەوە، چونکە هیچ کەسێک بریندار نەبووە. قەتەرییەکانیش بەرپەرچی مووشەکەکانیان دایەوە. بۆیە پێموایە ئێستا ترەمپ دڵی ئاسوودەیە و کێشەی نییە."
 
ئەم دۆخە دوای زنجیرەیەک پەرەسەندن دێت. سەرەتا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان. رۆژی دووشەممەیش 2025/06/223، تاران و کەرەج رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوان بوونەوە. لە وەڵامدا، بەرپرسانی باڵای ئێران هەڕەشەی وەڵامی "پەشیمانکەرەوە"یان کرد، بەڵام وەڵامە سەربازییەکەیان بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازی لە قەتەر سنووردار کرد.
 
شەنکەر پێیوایە، ئێران بۆیە قەتەری هەڵبژاردووە، چونکە "دەیزانی ئەو مووشەکانەیان ناگەنە ئامانج و بەرپەرچ دەدرێنەوە".
 
سەرەڕای گرژییەکان، شەنکەر پێیوایە دەرگەی دیپلۆماسی دانەخراوە: "ترەمپ نزیکەی 100 جار گوتوویەتی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنەکان. پێموایە هێرشەکانی ئەم چەند رۆژەی ئیسرائیل و هێرشەکەی ئەمریکا، گوشارێکی تەواویان بۆ ئێران هێناوە کە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ."
 
بەڵام شەنکەر مەرجێکی بۆ دانوستاندنی سەرکەوتوو دانا: "ئەمە دەکەوێتە سەر ئەوەی ئێران چەندە جیددییە لەوەی کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. ئەگەر ئەوان جیددی بن، ئەوا ترەمپ قسە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و پێیان دەڵێت بوەستن. ئەگەرنا، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە زۆر قورس دەبێت."
 
یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا کە ئێران لەوانەیە گرووپەکانی سەر بە خۆی لە عێراق بۆ هێرشکردن بەکاربهێنێت: "ئەگەر حەشدی شەعبی لە هێرشە درۆنییەکانیان بەردەوام بن، بێگومان ئەمریکا و ئیسرائیل وەڵامیان دەبێت، هەر وەک لە 2024دا بینیمان. ئەمەش بۆ عێراق یارمەتیدەر نابێت."
 
شەنکەر لەنارەی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "پێموانییە ئەم جەنگە کاریگەرییەکی راستەوخۆی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبێت. لاوازبوونی ئێران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان باشە. پێمخۆشە کە ئێرانییەکان هێرشیان نەکردە سەر هەولێر و عەین ئەسەد، بەڵام دیار نییە کە لە داهاتوودا ئەمە دەکەن یان نا."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئێران لە تۆڵەی هێرشی 22ـی حوزەیران، مووشەکبارانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە قەتەر کرد، ئەمە لێرەدا دەوەستێت، یان ئەمریکا لە بەرامبەردا هێرشی زیاتر دەکات؟
 
دەیڤید شەنکەر: پێموایە هێرشەکان دەوەستن. ئەم دۆخە هاوشێوەی ئەوەیە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی روویدا. ئێرانییەکان بە ئەمریکایان گوت ئێمە هێرش دەکەین. داوایان لە ئەمریکییەکان کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ ئەوان نەیانویست هیچ کەسێک بریندار بکەن یان بکوژن. ئیدارەی ئەمریکایش دەیەوێت ئەمە تێبپەڕێت، بەڵام هەرگیز نازانیت کە ئایا ئێرانییەکان گرووپەکانی وەک حەشدی شەعبی رادەسپێرن کە هێرش بکەنە سەر عەین ئەسەد یان هەولێر، یان دیپلۆماتەکانی ئەمریکا. بەڵام پێموایە ئێستا ئەمە کۆتایی پێهاتووە و لەمە دوورین.
 
رووداو: واتە لە عێراق، سووریا، قەتەر، بەحرین و بە گشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسی لەسەر هیچ بنکەیەکی ئەمریکی نییە؟ 
 
دەیڤید شەنکەر: پێموایە ئێرانییەکان ویستیان بە رێگەیەک لە رێگەکان وەڵام بدەنەوە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو هێرشەی ئەمریکا بدەنەوە، کە کردییە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان. بەڵام نیگەرانییەک هەبوو کە ئەو هێرشانەی ئێران فراوانتر دەبن، هەر وەک ئەوەی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بینیمان کە هێرش کرایە سەر عەین ئەسەد و هەولێر. بەڵام پێناچێت ئێستا هەمان شت رووبدات. دەکرێت ئێران بیکات، بەڵام وادیارە ئێستا بەم هێرشانە ئاسوودەن و ئیدی دەوەستن.
 
رووداو: ترەمپ لە پۆستێکیدا نووسیی کە "کاتی ئاشتییە". ئەوە مانای وایە کە ئەمریکا وەڵامی ئەو هێرشە ناداتەوە؟
 
دەیڤید شەنکەر: بەڵێ، پێموایە کە زۆر روونە ئەمریکا نایەوێت وەڵام بداتەوە، چونکە هیچ کەسێک بریندار نەبووە. ئینجا قەتەرییەکانیش بەرپەرچی مووشەکەکانیان دایەوە. بۆیە پێموایە ئێستا ترەمپ دڵی ئاسوودەیە و کێشەی نییە.
 
رووداو: کاتێک ترەمپ دەڵێت "ئێرانییەکان ئێمەیان ئاگادار کردبووەوە کە هێرش دەکەن." ئایا ئەوە بەو مانایەیشە کە ئەمریکییەکانیش بە ئێرانییەکانیان گوتبێت بنکە ئەتۆمییەکانیان چۆڵ بکەن؟
 
شەنکەر: نەخێر، پێموانییە ئەمریکا هیچ هۆشدارییەکی دابێت کە فۆردۆ چۆڵ بکەن، چونکە دێم هێرش دەکەم. بەڵام ئەمڕۆ بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا و کارمەندانی لە قەتەر شتێک هەبوو، ئەوانیش شوێنەکانی خۆیانیان چۆڵ کرد. بەروونی دیار بوو کە هۆشدارییەک هەیە و لەوانەیە شتێک رووبدات. بەڵام پێموانییە ئەمریکا لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئێران هیچ زانیارییەکی بە ئێران دابێت کە هەر خۆیان بەرگرییە ئاسمانییەکەیان سنووردارە هیی ئەوە نییە دەرفەتێکیان پێبدات، تا وەڵامی ئەمریکا بدەنەوە. بۆیە پێموایە نەخێر شتی وا نەبووە.
 
رووداو: ئێستا دوای ئەم قۆناخە و دوای ئەم هێرشانە، ئایا ترەمپ ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا؟
 
شەنکەر: بەڵێ، ترەمپ نزیکەی سەد جار گوتوویەتی کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنەکان. لە رێگەی ستیڤ ویتکۆفی نێردەی تایبەتی خۆیەوە ئەمەی گوتووە کە دوو مانگ دانوستاندنیان کرد. بەڵام پێموایە ترەمپ لەوە تووڕە بوو کە ئێران نایەوێت دانوستاندن بکات و کار بۆ وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات. ترەمپ کە دەبینێت ئێرانییەکان هێشتا پابەندی ئەو پرۆژەیەن، پرسیاری ئەوەی لا دروست بووە کە بۆچی دەیانەوێت تا 60٪ یۆرانیۆم بپیتێنن. ئەو هەمیشە گوتوویەتی کە من دەرگام بۆ دیپلۆماسیەت کراوەیە. بەڵام پێموایە ئەوە تاکتیکێک بوو بۆ ئەوەی ئیسرائیلییەکان بەردەوام بن و ترەمپیش وەڵامیان بداتەوە.
 
رووداو: ئێستا ترەمپ دەڵێت ئێمە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانمان وێران کرد و بنکە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئەمریکاوە وێران کراون. ئایا ئەمریکا بۆ دوای ئەو قۆناخە دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا دەکات؟
 
شەنکەر: سەرەتا، پێموانییە بە دڵنیاییەوە بزانین کە فۆردۆ وێران بووە یان نا. بەڵێ، دەکرێت بزانین کە زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام نازانین کە خاپوور بووە یان نا. تاوەکو لێکۆڵینەوەیەکی باش نەکرێت ئەمە نازانین. بەڵام پێدەچێت بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز و ئیسفەهان بە تەواوی پەکخرابن. هەر وەک گوتم، ترەمپ دەیەوێت ئەمە لە رێی دانوستاندنەوە چارەسەر بکات. پێموایە هێرشەکانی ئەم چەند رۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەم هێرشەی ئەمریکا بۆ سەر فۆردۆ گوشارێکی تەواوی بۆ ئێران هێناوە کە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام پێموانییە ترەمپ بچێتە دانوستاندنێک کە دەرفەت و کاتی زیاتر بە ئێرانییەکان بدات بۆ ئەوەی سیستمی دژەمووشەک و دژەفڕۆکە دابنێن و بەهێز ببن. ئەگەر ئێرانییەکان لەسەر دانوستاندن جیددی بن، دەتوانن تەلەفۆن بۆ ویتکۆڤ بکەن و بڵێن دەمانەوێت پرۆگرامەکە رابگرین و قسە بکەین. ئەگەر ترەمپ شتێکی وای گوێ لێبێت، زۆر دڵخۆش دەبێت.
 
رووداو: تۆ دەڵێیت کە تەنیا قۆناخی خەمڵاندنی زیانەکانی فۆردۆ ماوە و ئەگەر ئەمریکا دڵنیا ببێتەوە کە ئەویش لەناو براوە، ئەو کاتە بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی ئامادە دەبێت. ئایا ئەو کاتە داوا لە ئیسرائیل دەکات کە هێرشەکانی رابوەستێنێت و هەوڵێکی دیکەی دیپلۆماسی هەبێت؟
 
شەنکەر: پێموایە ئەمە دەکەوێتە سەر ئەوەی ئێران چەندە جیددییە لەوەی کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت یان نا. ئەگەر ئەوان جیددی بن، ئەوا ترەمپ قسە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و پێیان دەڵێت بوەستن. هەرچۆنێک بێت، ئیسرائیل دەیەوێت زیانێکی زۆر لە ئێران بدات. بیستوویشمانە کە ئیسرائیل خەریکە سیستمی دژەمووشەکی پێنامێنێت و کەمبووەتەوە. بۆیە ئەوان دەیانەوێت کە بزانن ئێران دەیەوێت پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت یان نا. 
 
رووداو: ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا هەژموونیان زۆرە. ئایا هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەگەری هەیە لە نێوخۆی عێراقدا دابەشبوونی سیاسی قووڵتر بکات؟ یان ئەو گرووپانە بەهێزتر بکات کە ئێران پشتیوانییان دەکات؟ بە بۆچوونی تۆ ئەوە روودەدات یان پێچەوانەکەی؟
 
شەنکەر: نازانم کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر عێراق چی دەبێت. پێموایە لاوازکردنی گرووپەکانی سەر بە ئێران دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئێران. بۆ نموونە لاوازکردنی حیزبوڵڵا، لاوازکردنی حەماس و لەدەستدانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەمانە هەموویان ئێرانیان لاواز کرد. بەڵام پێموایە هێشتا دوو هاوپەیمانی گەورەیان هەیە کە میلیشیاکانی عێراقن وەک حەشدی شەعبی و هەروەها حوسییەکانی یەمەنیش. بۆیە پێموایە ئێران زۆر پشتی بە عێراق و یەمەن بەستووە و، پەرلەمانتارێکی ئێرانیش گوتی کە ئەوان حەشدی شەعنی چالاک دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە هێرش بکەنە سەر ئەمریکا یان ئیسرائیل. نازانم ئەوە بۆ عێراق مانای چی دەبێت، بەڵام دەتوانم بڵێم کە ئەوە بەو مانایە دێت کە هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر حەشد دەبینین ئەگەر ئەوان لە هێرشە درۆنییەکانیان بەردەوام بن، هەر وەک لە 2024دا بینیمان کە نزیکەی 150 هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. بێگومان ئەمە بۆ عێراق یارمەتیدەر نابێت، چونکە عێراق ئێستا هەوڵ دەدات ئابوورییەکەی بەرەو پێش ببات و وڵاتێکی سەرکەوتوو بونیات بنێت، بەڵام نازانم ئاراستەکە بەرەو کوێ دەڕوات و ئاخۆ حەشدی شەعبی دنەی ئەم جەنگە دەدەن و هێرش دەکەن یاخود دەوەستن و چاوەڕێ دەکەن.
 
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی کارکردنتان لەسەر داڕشتنی ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر چین لە ناوچەکە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران چۆن کاریگەریی کردووەتە سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا؟
 
شەنکەر: پێموایە چین زۆر نیگەرانی ئەو نەوتەیە کە لە کەنداودا دێت و دەڕوات. نیگەرانی ئەوەن کە ئێران گەرووی هورمز دابخات. بەڵام پێناچێت ئێران ئەم گەرووە دابخات، بەتایبەتی بۆ بابەتی گاز، چونکە ئێران نایەوێت زیان بە چین بگەیەنێت. ئەم هێرشانە نیشانەی ئەوەن کە ئەمریکا هەڵوێستێکی بەو جۆرەی هەیە کە گەرەنتیکاری ئاشتییە. 
 
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی تایبەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و لایەنە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان، هەروەها بەپێی مامەڵەی پێشووتان لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد، پێشبینی چ لێکەوتەیەکی دیاریکراوی ئابووری، ئەمنی و مرۆیی دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەنجامێکی راستەوخۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و هەر پەرەسەندنێکی دواتر؟
 
شەنکەر: پێموانییە ئەم جەنگە کاریگەرییەکی راستەوخۆی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبێت. ئینجا ئێستا ئێران مووشەکی کەمتری هەیە. بۆیە لاوازبوونی ئێران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان باشە. پێمخۆشە کە ئێرانییەکان هێرشیان نەکردە سەر هەولێر و عەین ئەسەد، بەڵام بێگومان دیار نییە کە لە داهاتوودا ئەمە دەکات یان نا.
 
رووداو: ئایا ئەوە بۆ ئێوەیش پرسیار نەبوو کە بۆچی ئێران هێرشکردنە سەر قەتەری هەڵبژارد، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێیان دەکرد هێرش بکاتە سەر عێراق؟
 
شەنکەر: لەوانەیە بۆیە قەتەری هەڵبژاردبێت لەبەر ئەوەی سیستمێکی زۆری دژەمووشەک لەوێ هەن. رەنگە ئێرانییەکان بۆیە ئەوێیان هەڵبژاردبێت چونکە دەیانزانی ئەو مووشەکانەیان ناگەنە ئامانج و بەرپەرج دەدرێنەوە. من نازانم بۆچی بە تایبەتی قەتەریان هەڵبژارد، بەڵام ئەوان یەک بنکەیان هەڵبژارد و هیچ کەسێکیش بریندار نەبوو.
 
رووداو: بە بۆچوونی تۆ، ئایا دەرگەی دیپلۆماسیەت کراوەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم جەنگە؟ ئایا هیچ هیوایەک هەیە لایەنێک دەستپێشخەری بۆ راگرتنی ئەم جەنگە بکات؟ یان ئایا ئیسرائیل لەسەر جەنگکردن سوورە و راناوەستێت؟
 
شەنکەر: بێگومان هەمیشە دەرفەتێک بۆ کاری دیپلۆماسی هەر هەیە. بێگومان ئەم جەنگە 12 رۆژ لەمەوبەر دەستی پێنەکرد، جەنگەکە لە زووەوە دەستی پێکردووە؛ کاتێک لە لوبنان سەرۆکوەزیرانی لوبنانیان کوشت، کە لە سووریا هانی ئەسەدیان دا نزیکەی نیو ملیۆن کەس بکوژێت و 12 ملیۆن کەس کە زۆربەیان سوننە و مەسیحی بوون ئاوارە بکات، کە ناسەقامگیرییان خستە یەمەن، کە سەروەریی عێراقیان پێشێل کرد و چەندین میلیشیایان دروست کرد کە وەڵامی حکومەتی عێراقیش نادەنەوە، ئەوان لە 1979وە لە دژی ناوچەکە دەستیان بە جەنگ کردووە. ئەمریکا و ئیسرائیل یەک نیگەرانیی گەورەیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. ئەگەر ئێران بیەوێت سازش بکات لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی سەدیی زۆر بەرز، ئەوە لەوانەیە دەرفەتێکی دیپلۆماسیەت هەبێت، ئەگەرنا جارەسەرکردنی ئەم کێشە زۆر قورس و ئاڵۆز دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا

جەم ئۆزدەمیر بۆ رووداو: تێناگەم بۆچی ئێزدییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە و نەتەوەپەرستەکان دەمێننەوە

جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە شتوتگارتەوە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی پەیام ئاراستەی کورد دەکات و بەشداریکردنی لە کۆنسێرتە خێرخوازییەکەدا بە "دەربڕینی رێز بۆ قوربانیانی دەستی داعش" ناودەبات.