سەرۆکى نێردەى خاچى سوور لە عێراق بۆ رووداو: 1480 نامەى بەندکراوانمان گۆڕیوەتەوە

24-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى نێردەى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە عیراق دەڵێت، ئەم ساڵ 1483 نامەى بەندکراو و کەسوکاریانی گۆڕیوەتەوە، بەدواداچوونیشیان بۆ دۆسیەى زیاتر لە 7000 کەس کردووە و دۆسیەى کراوەى زیاتر لە 30 هەزار بێسەروشوێنیشیان لایە کە بەدواداچوونیان بۆ دەکەن.
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ، سەرۆکى نێردەى لیژنەى نێودەوڵەتیى خاچى سوور لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، لە 10 ساڵدا 5324 رووفاتى سەربازانى عێراق و ئێرانیان لەنێوان هەردوو وڵات ئاڵۆگۆڕ کردووە، کە لە جەنگى 8 ساڵەى نێوانیان بێسەروشوێن ببوون.
 
دەقى هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سەرەتا لە سرووشتى کارەکانتان لە عێراقەوە دەستپێدەکەین. کام بوار لە پسپۆرى ئێوەیە و دەتوانن کارى تێدا بکەن؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) لە عێراق لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییە مرۆییەکانی ململانێ چەکدارییەکان و پرسەکانى دیکەی تووندوتیژی لە سەرانسەری وڵاتدا. سەرەڕای کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان و زیادبوونی گرنگیدان بە هەوڵەکانی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە، هێشتا زۆرێک لەو کۆمەڵگایانەی لە عێراقدا زیانیان بەرکەوتووە، پێویستیان بە جۆرە جیاوازەکانی یارمەتی و هاوکارى مرۆییە، لەوانەش دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. کاری لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە چەند بوارێکی سەرەکیدا چڕ بووەتەوە، لەوانە سەردانیکردنی شوێنەکانی دەستبەسەرکردن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دەستبەسەرکراوان، ئەوانەی لە قۆناخە جیاوازەکانی ململانێ و تووندوتیژییەکاندا دەستگیرکراون، مامەڵەیەکی مرۆیی و شایستەیان لەگەڵ دەکرێ، هەروەها توانای پەیوەندیکردنیان لەگەڵ خێزانەکانیان هەیە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە و دڵنیابوون لەوەی کە باری گوزەران و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان شایستەیە. هەروەها ئەرکێکى دیکەمان گەڕانە بەدوای بێسەروشوێنبووان و پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان لە هەوڵەکانیان بۆ دەستخستنى وەڵام، هەروەها پاراستن و یارمەتیدانى ئەو کەسانەى کاریگەری تووندوتیژییان لەسەرە و دڵنیابوون لە دەستگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک چاودێریی تەندرووستی، بە تەندروستی دەروونیشەوە و پشتیوانیکردنی چالاکییە ئابوورییەکانیان، هەروەها پشتیوانیکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و دەرفەتەکان کە توانیان پێبدات بە تەواوی تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببن.
 
رووداو: دۆخى عێراق لەو بوارانەی باست کرد چۆن دەبینن؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ:  عێراق ئێستا ئارامی و سەقامگیرییەکی رێژەیی لە ئاستی ئاسایش و ئابووری و هەروەها لە کەشى سیاسیدا هەیە ، بەراورد بە ساڵانی رابردوو. وەک رەنگدانەوەی ئەم دۆخە، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورى کاردەکات بۆ گونجاندنی ستراتیژی کارکردن و رێبازەکەی بۆ ساڵی 2026 و ساڵانى دواتر. ئەم ئاڕاستە نوێیە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە گواستنەوەی زانیاری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان بەستووە، وەک بەشی دادپزیشکى لە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەی شەهیدان و خزمەتگوزارییەکانی فریاگوزاریی پزیشکی و پڕۆگرامەکانی راهێنان بۆ کارمەندانی زیندانەکان لە وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ.
 
رووداو: سەردانی زیندانەکان لە عێراق دەکەن؟ سرووشتی ئەو سەردانانە چۆن و چییە؟
 
ئیختیار ئاسڵانۆڤ: بەڵێ، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، وەک بەشێک لە ئەرکی مرۆیی خۆی، سەردانی زۆرێک لە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن لە سەرانسەری جیهان دەکات، لەوانەش عێراق. ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانانە گەرەنتیکردنى مامەڵەکردنە لەگەڵ  دەستبەسەرکراوان، ئەوانەی لە قۆناخە جیاوازەکانی ململانێ و تووندوتیژییەکان دەستگیرکراون، بە شێوەیەکی مرۆیی کە شکۆ و رێزیان بپارێزرێ و دۆخی ژیان و تەندروستییان لەگەڵ ستانداردە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان بگونجێت. ئەم سەردانانە بە هاوئاهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتداران ئەنجام دەدرێن، کە لەگەڵیاندا گفتوگۆى دوولایەنە و نهێنی دەکەین و دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەنجامی سەردانەکانمان زۆر نهێنین و تەنیا لەگەڵ لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکاندا هاوبەشی پێ دەکرێ کە هاوکارییان دەکەین.
 
رووداو: بۆچى بەنهێنى دەیهێڵنەوە؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: دوو هۆکاری سەرەکی هەن. یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە باشترکردنی دۆخ و شێوازەکانی مامەڵەکردنی کەسانی بێبەشکراو لە ئازادی، کاتێک پێویست بێت. دووەم، ئەم رێبازە کاریگەری خۆی سەلماندووە لە دروستکردنی دیالۆگ و متمانە لەگەڵ دەسەڵاتداران کە گەرەنتیمان دەداتێ لە بەردەوامبوونی دەستگەیشتنمان بە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن لە عێراق و دەرەوەی.
 
رووداو: ئامارتان لایە کە چەند سەردانتان بۆ لای بەندکراوان ئەنجامداوە؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: لە ساڵی 2024دا لیژنەکەمان 69 سەردانی بۆ 36 شوێنی دەستبەسەرکردن ئەنجامداوە کە زیاتر لە 64 هەزار دەستبەسەرکراویان تێدابوو و دۆخی زیاتر لە 7 هەزار کەس بە شێوەیەکی تاکەکەسی بەدواداچوونی بۆ کراوە. هەروەها هاوکار بووین لە ئاڵوگۆڕکردنی هەزاران نامە لەنێوان دەستبەسەرکراوان و خێزانەکانیان بۆ پاراستنی پەیوەندییە خێزانییەکان. لە ساڵی 2024دا، 10,450 نامەی خاچی سوور لەنێوان ئەندامانی خێزانە جیاجیاکاندا ئاڵوگۆڕ کراوە، زۆربەیان لە نێوان دەستبەسەرکراوان و خێزانەکانیاندا بووە. ئەم ساڵیش نزیکەی 1483 نامەمان ئاڵوگۆڕ کراون.
 
رووداو:چۆن سەرپەرشتی دۆسیەی بێسەروشوێنبووانی کوێتی لە عێراق دەکەن بۆ زانینی چارەنووسیان؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: لە ساڵی 1991ەوە، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور سەرۆکایەتی میکانیزمێکی سێ لایەنە دەکات کە عێراق و کوێتی لەخۆدەگرێ، بە ئامانجی روونکردنەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە کاتی جەنگی کەنداو بێسەروشوێن بوون. لەم چوارچێوەیەدا، لیژنەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان هەردوو وڵات  و پشتیوانی لە دەسەڵاتداران دەکات لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان و دیاریکردنی شوێنیان و گەڕاندنەوەی رووفاتەکانیان. ئەم میکانیزمە وڵاتانی دیکەى وەک ئەندامى چاودێر لەخۆدەگرێ؛ بوارێکی فراوان لە هاوکارییە تەکنیکییەکان دابین دەکات، لەوانەش پشتیوانی لە بواری دادپزیشکى و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان، ئەمەش بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان.
 
رووداو: ژمارەی ئەو کوێتییانەی لە ساڵانی 1990 و 1991 دەستبەسەرکراون و لە عێراق بێسەروشوێنن چەندە؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: لە ئەنجامی جەنگی کەنداو 1990-1991، هەزاران عێراقی و کوێتی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە بێسەروشوێنن. خێزانەکانیشیان چەندین ساڵە بەدەست دڵنیانەبوون و دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە دەناڵێنن سەبارەت بە چارەنووس و شوێنیان.
 
رووداو: جار بە جار عێراق و ئێران رووفاتی سەربازەکانی یەکدى ئاڵوگۆڕ دەکەن، رۆڵی ئێوە لەم پرسەدا چۆنە؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: با بڵێم جەنگی عێراق و ئێران هێشتا ئازارێکی قووڵە بۆ هەزاران خێزان کە خۆشەویستەکانیان لە کاتی ئەو  جەنگە هەشت ساڵیە (1980-1988) لەدەستدا. تەنانەت دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە، هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان چاوەڕێی وەڵام دەکەن سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی کەسەکانیان. بە هەمان شێوە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور سەرپەرشتی میکانیزمێکی سێ لایەنە دەکات لەنێوان عێراق و ئێراندا کە ئامانجی دیاریکردنى چارەنووسی سەربازە بێسەروشوێنبووەکانە. لە چوارچێوەی ئەم میکانیزمەدا، لیژنەی نێودەوڵەتی ئاسانکاری بۆ دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەردوو وڵات دەکات و پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەسەڵاتداران دەکات بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان، و چاودێری پرۆسەی ڕادەستکردنی پاشماوەی مرۆییش دەکات.
 
رووداو: دوای ساڵی 2003،چەند رووفاتى سەربازانى عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کراوە؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: لەنێوان ساڵانی 2010 و 2025، 62 رێوڕەسمی رادەستکردنەوەى رووفات بە سەرپەرشتی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سووردا ئەنجام دراون، کە بوونەهۆی گەڕاندنەوەی 5,324 رووفات، لەوانەش 4,213 ئێرانی و 1,111 عێراقی. بەگوێرەی راپۆرتەکان، نزیکەی 60,000 کەس هێشتا لە هەردوو لایەنەوە بەهۆی جەنگی عێراق و ئێرانەوە بێسەروشوێنن.
 
رووداو: زۆرترین ئەو رووفاتانە لەکوێى عێراق بوون؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: زۆربەی رووفاتەکان لەو ناوچانەدا دەدۆزرێنەوە کە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی گەورەیان تێدا روویداوە، بەتایبەتی بە درێژایی سنووری عێراق-ئێران، کە گۆڕەپانی سەرەکی شەڕ بوو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا. ئەمەش پارێزگاکانی بەسرە و میسان و واسیت لەخۆدەگرێت؛ هەروەها پاشماوەی دیکە لەسەر سنووری سعودیە و لەو پارێزگایانەدا دۆزراوەتەوە کە ململانێی چەکداری نوێتریان تێدا روویداوە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو شوێنانەی رووفاتەکانیان تێدا دەدۆزرێتەوە، زۆرجار بە شێوەیەکی بەرچاو پاشماوەی جەنگ، وەک تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگىان تێدایە، ئەمەش ئاڵۆزی پرۆسەی گەڕان و هەڵکەندن زیاد دەکات، بۆ خۆپاراستن لە رووداوە نەخوازراوەکان. لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، بە هاوکارییەکی چڕ لەگەڵ دەسەڵاتداران، بەتایبەتی بەرگری شارستانی لە دامەزراوەی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەکانى جەنگ جێبەجێ دەکات.
 
رووداو: لێکۆڵینەوە لەبارەی بێسەروشوێنبووانی نێوخۆیی لە ماوەی جەنگەکانی رێکخراوی قاعیدە، جەنگی تائیفی، و جەنگی داعش دەکەن؟
 
ئیختیار ئەسڵانۆڤ: بەرپرسیارێتی سەرەکی لە روونکردنەوەی چارەنووس و شوێنی بێسەروشوێنبووان و پێشکەشکردنی وەڵام بۆ خێزانەکانیان لەسەر شانی دەسەڵاتدارانە و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور رۆڵێکی دیاریکراو دەگێڕێ سەبارەت بە بێسەروشوێنبووان بەهۆی ململانێکانەوە بەگوێرەی دەسەڵاتی مرۆیی خۆی. لە چوارچێوەی ئەم ئەرکە دژوارەدا، لیژنەی نێودەوڵەتی شارەزایی و پشتیوانی تەکنیکى خۆی پێشکێش بە دەسەڵاتداران و دامەزراوەکان دەکات لە هەوڵەکانیاندا بۆ روونکردنەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە قۆناخەکانی دیکەدا، لەوانەش دوای ساڵی 2003، بێسەروشوێن بوون. هەروەها دەمەوێت روونی بکەمەوە کە لیژنەی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکانی بێسەروشوێنبووان نییە، ئەم بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی دەسەڵاتدارانی نیشتمانی یان ئەو میکانیزمانەیە کە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بۆ ئەو مەبەستە دروست دەکرێن و رۆڵی لیژنەی نێودەوڵەتی تەنیا لەسەر لایەنی مرۆیی چڕ دەبێتەوە. لیژنەی نێودەوڵەتی بەدواداچوونى بۆ زۆرێک لە دۆسیەکانی بێسەروشوێنبوون دەکات کە هێشتا کراوەن، لەوانەش بێسەروشوێنبووان لە ململانێ نوێیەکان دوای ساڵی 2014. تاوەکو کۆتایی حوزەیرانى 2025 ژمارەى دۆسیەى ئەو بێسەرشوێنانەى کە لامانە و  دۆسیەى کراوەن گەیشتووەتە 30,650 دۆسیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا

جەم ئۆزدەمیر بۆ رووداو: تێناگەم بۆچی ئێزدییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە و نەتەوەپەرستەکان دەمێننەوە

جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە شتوتگارتەوە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی پەیام ئاراستەی کورد دەکات و بەشداریکردنی لە کۆنسێرتە خێرخوازییەکەدا بە "دەربڕینی رێز بۆ قوربانیانی دەستی داعش" ناودەبات.