جەنگیز چاندار: ئاماژەی ئەوە هەیە بەرپرسانی پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازی ئۆجەلان بکەن

27-02-2025
نیشانەکردن کۆڕبەندی هەولێر2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
هێمن عەساف و دیار سلێمان

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە بازنەی ئامەد دەڵێ رای گشتیی لە چاوەڕوانی بانگەوازەکەی ئۆجەلانە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری. دەشڵێ "بەپێی لێدوانەکانیان ئاماژەکان بەم ئاراستەیەن؛ پەکەکە و قەندیل پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن."
 
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان لە بازنەی ئامەد لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا، چەک دانانی پەکەکە، پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چاوەڕوانییەکان لە دەوڵەتی تورکیا لەدوای چەکدانانی پەکەکە و پەیوەندیی کورد لە باشوور و باکوور و رۆژئاوای کوردستان، قسەی کرد.
 
چاندار بە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێ "بانگەواز" وەک خۆی دەڵێ، "چونکە ناوەڕۆکەکەی لە روونکردنەوە و راگەیاندن جیاواز و فراوانترە. بانگەوازەکە وەک چاوەڕوان دەکرێت هیوایەک بەهەموو لایەک دەبەخشێت."
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی باسی لەوە کرد، ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیلەوە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن دەڵێ "لێدوانەکانیان ئەوەمان پێ دەڵێن، پێوەی پابەند دەبن."
 
یەکێک لەو پرسانەی باسی دەکرێت "لەدوای چەکدانانی پەکەکە، چی روودەدات و پەکەکە چی بۆ دەکرێت؟' لەمبارەیەوە جەنگیز چاندار دەڵێ "بۆ قسەکردن لەبارەی ئەم وردەکارییانەوە، پێویستە هەنگاوی یەکەم تێپەڕێنین. دوای تێپەڕاندنی هەنگاوی یەکەم دەوڵەت بۆی نییە بڵێت، ئیدی کاری من کۆتایی پێهات، نەخێر کاری تۆ ئێستا دەستپێدەکات."

 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئامەد:

رووداو: زۆر بابەت هەن قسەیان لەبارەیەوە بکەین. دەمەوێت بە پرۆسەکە دەستپێبکەین. پرۆسەکە لە تورکیا چۆن بەڕێوەدەچێت؟ 
 
جەنگیز چاندار: کەمێک پێش ئێستا بە زمانی کوردی دوام، لێم تێدەگەیشتی؟ 
 
رووداو: بەڵێ، بەڵێ
 
چاندار: (بەکوردی)
 
رووداو: با، پرسیارەکەم دووبارە بکەمەوە؛ پرۆسەی ئاشتی یان دیالۆگەکان چۆن بەڕێوەدەچن؟ 
 
جەنگیز چاندار: پاشەکشە ناکات، بەشێوەیەک بەڕێوەدەچێت وەک ئەوە بێت کە ئیدی لە قۆناخی کۆتاییدایە. یان بەشێوەیەکی دیکەی بیڵێم، دەستپێکی سەرەتایە، چونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەر بەڕاست لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا، رەنگە دوو، سێ رۆژی دیکە، پێموایە نەگاتە سێ رۆژ بەپێی ئەو پێشهات و ئاماژانەی بۆمان دێت، بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە. بۆیە دەڵێم بانگەواز، چونکە ناوەڕۆکەکەی لە روونکردنەوە و راگەیاندن جیاواز و فراوانترە. بانگەوازەکە وەک چاوەڕوان دەکرێت هیوایەک بەهەموو لایەک دەبەخشێت. بۆیە دەڵێم هەرکەس، مەبەستم هەموو ئەو کەسانەیە کە هیوای ئاشتی دەخوازن. بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیاش لەنێویدایە و رای گشتیی لە چاوەڕوانی بانگەوازەکەی ئۆجەلانە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری. بانگەوازەکەی لەپێناو ئەوە دەبێت کە دۆزی کورد، زیاتر بەرەو پێش بچێت و مافی کورد فەراهەم بکرێت، بەمەش پێویست بە بەکارهێنانی چەک نامێنێت. بۆیە با چەکە ئاراستەکراوەکان بەڕووی تورکیا بۆ هەمیشە وازلێبهێنین. کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنین و ئەو خەباتە چەکدارییەی، کە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو، ئیدی پەکەکە پێویست ناکات وەک رێکخراوێک یان رێکخستنێک بەردەوام بێت. با یاری بە وشەکان نەکرێت مەبەست لەوەدایە پەکەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە. ئەمە بە چ شێوازێک دەکرێت؟ چۆن دەکرێت؟ بە چ میکانیزمێک دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ راستییەکەی ئەمانە نازانین. بەڵام ئەو ئاماژانەی بۆمان دێت مەبەستم ئەو ئاماژانەن کە لە بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیلەوە دێن. مەبەستم لە ئاماژەکان، ئەو روونکردنەوانەن کە لە میدیاکانیاندا بڵاوی دەکەنەوە. واتە شتێکی شاراوە نییە، ئاشکرایە، بۆیە ویستم بەمشێوەیە بیڵێم کە ئاماژەکان بەم ئاراستەیەن بەپێی لێدوانەکانیان. بۆیە پەکەکە و قەندیل پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن. لێدوانەکانیان ئەوەمان پێ دەڵێن پابەند دەبن. بەڵام دەبێ ئەمانە ببینین و دوای بینینمان، روونتر دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بکەین. بەڵام وەک گوتم، بانگەوازەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت. رەنگە لە 24 کاژێر یان لە 48 کاژێر یاخود ئەوپەڕی لە 72 کاژێری داهاتوودا دەبێت. بەڵام پێناچێت لەم ماوەیە زیاتر درێژەبکێشێت. خوێندنەوەم بۆ کاتی بانگەوازەکە بەمشێوەیەیە، تەنانەت لە کۆڕبەندی هەولێر، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بانگەوازەکە دا و پەیامیان بڵاوکردەوە. ئیدی لەسەر بنەمای پەیامەکەی بەڕێزیان، دروستیی خوێندنەوەکەمان بۆ دەردەکەوێت کە پەکەکە پێشوازی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە زمانێک قسەی کرد، هیوای بۆ گەڕاندینەوە، رەنگە من وای تێگەیشتبم لە قسەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی. 
 
رووداو: ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت چی روودەدات؟ ئەگەر بانگەوازەکە هات و پەکەکە پابەند نەبوو بە دانانی چەک، چارەنووسی پرۆسەکە چی بەسەردێت؟ 
 
جەنگیز چاندار: با لە ئێستاوە بیر لە بژارەی دووەم نەکەینەوە، چونکە ناگەینە هیچ شوێنێک. دەمانەوێت دەست بە هیواکانەوە بگرین، هیوای گەلی کورد نەوەک تەنیا لە تورکیا، بگرە لە هەموو شوێنێک. ئێستا لە هەولێرم، باش دەزانم کوردانی ئێرەش چەند بایەخ بەم پەیامە دەدەن و هیوا و خرۆشی زۆریش لێرە بەدی دەکەم. هەرکەسێک دوای سڵاوکردن یەکسەر پرسیاری پەیامەکەم لێ دەکات 'چی بوو؟ بە چی گەیشت؟' هەروەها پرسیار دەکەن 'کەی ئاشتی دەستپێدەکات؟ ئاشتی دەبێت؟' یەکسەر باس لە ئاشتی دەکەن. دڵنیام لە رۆژئاڤاش مەبەستم کوردانی سووریایە، ئەوانیش هێندەی هەولێر چاویان لە ئاشتییە. هەموو هیواکان بەندن بە ئاشتییەوە و هەموو کورد چاویان لەم ئاشتییەیە. بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش پەکەکە کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت و رێکارەکان دەگرێتەبەر. بەڵام ئەگەر پابەند نەبوو، کە هەرگیز نامەوێ بێمە سەر ئەم باسە بۆ ئەوەی خەڵک بێهیوا نەکەم، چونکە لەم قۆناخەدا سوودی بۆ کەس نابێت. 
 
رووداو: با وای لێکبدەینەوە پابەندی بانگەوازەکە بوون و چەکیان دانا. پرۆسەی سیاسی چۆن دەستپێدەکات؟ چۆن بەرەو پێش دەچێت؟ کوردیش چاوەڕوانی زۆری هەیە و دەستکەوتی ئەوان چی دەبێت؟ 
 
جەنگیز چاندار: ئەم پرسیارەی بەڕێزتان دەمێکە لێرە و لەوێ و لە دانیشتنە تایبەتەکانیش دێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە. 'پەکەکە دەستبەرداری چەک بوو، لە بەرامبەردا چی بۆ دەکرێت؟' کاتێک دەچنە تورکیا و لەگەڵ دەوڵەت گفتوگۆتان کرد یان کاتێک ئەم پرسیارە لە نوێنەرانی دەوڵەت دەکەن یەکسەر پێت دەڵێن، ئەمە سەودا و مامەڵەکردن نییە، دانوستاندن نییە. ئەم جۆرە هەڵوێستە، هی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میللی (مەهەپە)ـیە کە هاوبەشی دەسەڵاتە نەوەک هاوبەشی حکومەت. لەوێ هاوپەیمانییەک بەناوی هاوپەیمانی جمهوور هەیە، مەهەپەش پێکهێنەری سەرەکییەتی و لە سایەی ئەم هاوپەیمانییەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە. ئەگەر مەهەپە لەم هاوپەیمانییە بێتە دەرەوە، رەنگە ئەردۆغان هەڵنەبژێردرێت و توانای دامەزراندنی حکومەتیشی نەبێت. بەهەر حاڵ ئەمە بابەتێکی دیکەی مشتومڕەکانە. لەئەنجامدا مەهەپە و سەرۆکەکەی کە وەک گوتم هاوبەشی دەسەڵاتە، ئەو پرۆسەکەی دەستپێکرد. دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، ئەم کارەمان بۆ برایەتی هەزار ساڵەی کورد و تورکە و دەمانەوێت هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە. هەروەها گوتی، لە پارتەکەیدا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن و خواستی ئەوانیشە ئاشتی بەدی بێت. دەوڵەت باخچەلی ئەو سیاسەتڤانە نەتەوەپەرستە، کە پێشتر وشەی کورد بەسەر زمانیدا نەدەهات، دواتر گوتی، هاونیشتمانی بە رەچەڵەک کورد. ئێستاش دەڵێت برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک. هەروەها دەڵێت ئەمە پرۆژەی ئاشتییە و برایانی کورد خواستیان بۆ ئاشتی هەیە. لێرەشدا لە برایانی کورد لە هەولێر هەمیشە لەکاتی سڵاوکردن و گفتوگۆکانماندا باسیان لە ئاشتی کرد. لەمەودوا چۆن دەبێت؟ پرۆسەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ لە مانگی تشرینی دووەمی پارەوە، ئەم بابەتە بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی تورکیا. ئەو پرسیارەی بەڕێزتان کردتان، رۆژانە لە گفتوگۆی بەردەوامی سیاسەتڤانان و بڕیاربەدەستەکاندا دەکرێت. دەستکەوتی ئەوان چی دەبێت؟ لە وەڵامدا دەڵێن چاوەڕوانی چی دەستکەوتی چی ئیدی ئاشتی بەدی دەکرێت. ئەوان بایەخ بە درووشمی ئەردۆغان دەدەن کە دەڵێت 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' ئەوان دەڵێن ئیدی تورکیایەکی بێ تیرۆر بنیات دەنرێت، لەمە باشتر چی هەیە؟ بەڵام ئەمە دڵنەوایی بە زۆر کەس نادات. بۆیە پێدەچێت ئەم پرسیارانە بەردەوام دەبن. لە ئەزموونی خۆمەوە دەیڵێم؛ لە ئەنقەرە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سیاسەتڤانان گفتوگۆ دەکەین و ئەو ئاماژانەی لە قسەکانیان وەردەگرم. بۆیە دەڵێم ئاماژە، چونکە هیچ بەڵگەیەک، هیچ شتێکی بەرجەستەکراو نییە. ئەگەر ئەمە بکرێت، کارێکی زۆرباش دەبێت. چونکە خەڵک متمانەی نییە و باوەڕ ناکات، پرسیار دەکەن ئەگەر چەک دابنێن و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بێت ئەی دواتر؟ کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی خۆی بڵاودەکاتەوە و بە روون و ئاشکرا ئەم داوایە دەکات بەرپرسانی ئەنقەرە دەیانەوێت بزانن ئایا پەکەکە پابەند دەبێت یان نا؟ ئەگەر پابەند بوو لەمەودوا چی روودەدات؟ خوێندن بە زمانی دایک دەستپێدەکات؟ زمانی کوردی دەکرێتە زمانی فەرمی؟ ئایا پێناسەی هاونیشتمانیبوون لە دەستوور هەموار دەکرێتەوە؟ دۆخی حکومەتە خۆجێییەکان چی لێ دێت؟ ئەوان دەڵێن هەموو ئەمانە یەک بەدوای یەک دەردەکەون. هەروەها دەڵێن بەبێ دانانی چەک، هیچ شتێک ناکرێت. با سەرەتا ئەم کارە بکرێت و با ئاشتی دەستپێبکات دوای ئەوە دێینە بەشی دووەمی وانەکەمان. بۆیە دووپاتی دەکەنەوە بەبێ ئەم هەنگاوەی یەکەم، قسەکردن لەبارەی ئەم بابەتە هیچ مانایەکی نییە. بۆیە ئێمەش لە دانوستاندنەکان و گفتوگۆ و دیالۆگەکانیشمان دا ناتوانین باس لەم بابەتە بکەین. وەک گوتم، کاتێک پرسیار لە بڕیاربەدەستانی دەوڵەت دەکەین، دوای دانانی چەک چی دەبێت؟ یەکسەر دەڵێن لێرە سازش ناکرێت و قابیلی دانوستاندن نییە. ئێ باشە ئەمە چارەسەرکردنی پرۆسەی کورد نییە؟ ئەمە هەنگاوێکە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر وەک خۆیان دەڵێن. بۆ هەندێک پرۆسەکە ئاشتییە، بۆ کەسێکی وەک دەوڵەت باخچەلی بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی برایەتی هەزار ساڵەی کورد و تورکە. ئەوەی باس دەکرێت پەیوەندیی بە چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە نییە، بەڵام دوای ئەوەی ئەمە دەکرێت [دانانی چەک] کێشەی کورد ون نابێت، دوای ئەمە دەست دەکرێت بەم پرسە. باشە ئەوەی ویستتان روویدا، کە هەمیشە پێداگری لێ دەکەن کە لەژێر سێبەری چەک هیچ شتێک نابێت و تا چەک هەبێت، دانوستاندن نابێت. 
 
رووداو: کەواتە دەوڵەت چ جۆرە هەنگاوێک دەنێت؟ 
 
جەنگیز چاندار: ئیدی منیش هەمان شت دەڵێم، ئەوکات ئێمە هەموومان بە دەوڵەت دەڵێین، بەڕێزان ئەوەی ویستتان و داواتان کرد جێبەجێ کرا، ئێستا بێینە سەر بابەتی کێشەی کورد، کە تاوەکو ئێستا هەنگاوی بۆ نەنراوە. رێز لە هەڵبژاردن ناگیرێت، لەم ماوەیەدا قەییوم بۆ چەندین شارەوانی دانرا. هەروەها زمانێک هەیە پێی دەگوترێت زمانی کوردی، ئەی ئەوە ماف نییە؟ ئەی نابێت ئەم مافەمان دەستبکەوێت؟ دواتر کەس کێشەی نییە بەوەی زمانی تورکی زمانی فەرمی بێت، بەڵام لانیکەم بۆچی گفتوگۆ لەبارەی زمانی کوردی نەکەین، کە ببێتە دووەمین زمانی فەرمی؟ هەروەها لە بابەتی پێناسەی هاونیشتمانیبوون دا لە دەستوور، کورد خۆی وەک هاووڵاتییەکی تورکیا نابینێت. مەبەست لێرە تەنیا ئەوە نییە کە ناوی کورد بهێندرێت. دەتوانین پێناسەکەی زۆر ئاسان بکەین بۆ نموونە هەرکەسێک مەرجە یاساییەکانی هەبێت، دەبێتە هاووڵاتیی فەرمیی کۆماری تورکیا. لێرەدا نە ناوی تورک هەیە نە کورد، نە عەرەب، نە ئەرمەنی و نە رۆم. هەموو ئەمانە دەکرێت، کە پەیوەستە بە هەموارکردنەوەی دەستوور. بەڵام بۆ قسەکردن لەبارەی ئەم وردەکارییانەوە، پێویستە هەنگاوی یەکەم تێپەڕێنین. دوای تێپەڕاندنی هەنگاوی یەکەم دەوڵەت بۆی نییە بڵێت، ئیدی کاری من کۆتایی پێهات، نەخێر کاری تۆ ئێستا دەستپێدەکات. 
 
رووداو: باسی قەییومتان کرد، لەلایەک باسی ئاشتی و برایەتی دەکرێت، لەلایەکی دیکە قەییوم دادەنرێت، ئەمە چۆنە؟
 
جەنگیز چاندار: با من بە ناوی خۆمەوە وەک پەرلەمانتارێک، کەسێک و رۆشنبیرێک قسە بکەم. ئەمە بابەتێکە من هیچ حەزی پێ ناکەم، هەمیشە کاردانەوەی تووندم لەبارەیەوە هەبووە و زۆر پێی تووڕە دەبم. بۆ نموونە، کاتێک شیکاریی سیاسی دەکەن، ئێوە چالاکڤان نین، پسپۆری یاسا نین، پەرلەمانتار نین، ئێوە شیکەرەوەیەکی سیاسین لە ئەرجەنتین، لە کەنەدا، لێکۆڵینەوە لەبارەی تورکیا دەکەن، لەوێوە لە دۆخەکە دەڕوانیت و دەڵێیت، باشە ئەمانە باسی ئاشتی دەکەن و چاوەڕێی بانگەوازن، لەولاوەش قەییوم دادەنێن، ئەمە رەوایە؟ دەشتوانن وەک کەنەداییەک یان وەک ئەرجەنتینییەک، هەموو ئەوانەی لە دوورەوە لە بابەتەکە دەڕوانن، بڵێن 'ئەمە رەوا نییە' ئەگەر ئەمە نەبووایە باشتر دەبوو. بەڵام ئەمە وەک یاریێکی سیاسییە، بەر لەوەی بابەتە بگاتە قۆناخی ئاشتی، دەوڵەت وەک پێویستیێک بە یەکێک لە لایەنەکان دەڵێت؛ سەیرکە، کوتەک لە دەستی مندا هەیە، هەموو کاتێک توانای سزادانی تۆم هەیە. لە تورکیا کەشێکی نەتەوەپەرستی هەیە، مەبەستم لە کەشی نەتەوەپەرستی، کەشێکی دژەکورد هەیە، ئەمە شتێکە نابێت، هەبێت، بەداخەوە، بەڵام هەیە. پێویستە ئەم کەشە نەهێڵدرێت. بۆ ئەوەی هیچ بەربەست و کاردانەوەیەک رووبەڕووی هەنگاوەکانی دواتر (لەبارەی پرۆسەی چارەسەری) نەبنەوە، پێویستە کەشەکە دابمرکێندرێتەوە. بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، ئەمە شتێکی باش نییە، نابێت ئەمە هەبێت. ئەم بابەتی قەییومە، مانای ئەوەی نییە بەڕێز ئۆجەلان بانگەواز ناکات و داواکارییەکانی بانگەوازەکەی جێبەجێناکرێن. بۆیە ئەم پرۆسەیە بەڕادەیەک گرنگە، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بگاتە قۆناخێک، پرۆسەیەکی دیکە دەستپێدەکات، ئێمەش لەسەر بابەتی دیکە قسە دەکەین.
 
رووداو: لە رۆژانی رابردوو دا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و چەند کۆبوونەیەکیان لەگەڵ سەرکردە جیاجیاکانی کوردستان کرد، دواتر گەڕانەوە. لەگەڵ ئێوە لەبارەی نێوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوانە هیچ قسەیەکیان کردووە؟
 
جەنگیز چاندار: ئەو کاتەی شاندەکە سەردانی ئێرەی کرد و گەڕانەوە، من لە تورکیا نەبووم. بەڵام روونە، لەنێوان پارتەکە و پەرلەمانتاراندا زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکرێت، هەندێک زانیارییان پێدام، بەڵام زانیارییەکی تێروتەسەلم پێ نەدرا، ئەوەی من بیزانم زۆر بە تێروتەسەلی گفتوگۆ نەکراوە دوای ئەوەی من هاتمە هەولێر، لەگەڵ بەڕێز دکتۆر عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەتایبەت کۆبووینەوە، لەگەڵ ئەو دۆستی کۆنین. هاوکات ئەمڕۆ کە گوێم لە نێچیرڤان بارزانی دەگرت، هەروەها ئەو دوو رۆژە کە لەگەڵ ئەو کەسانەی نزیک لەم بابەتە قسەم کرد، ئەوەی تێگەیشتبێتم؛ هەندێک زانیاری کە لەگەڵ شاندەکە دەستم نەکەوت، لێرە لەگەڵ لایەنانی کوردی عێراقی دەستمکەوت، بەڵام ئایا شاندی ئیمراڵی کە چووەتە ئیمراڵی لەسەر چی قسەیان کردووە، لە هەردوو سەردانەکە دا ئەمانە دەزانین، ئۆجەلان چی گوتووە و چی بە ئەوان گوتووە چۆن لە بابەتەکە دەڕوانێت.
 
رووداو: دەکرێت ئەمانە بۆ ئێمە باس بکەن؟
 
جەنگیز چاندار: راستییەکەی دۆخێکی سەیر هەیە، لایەنێکی زۆر نادیار و شاراوەی هەیە، هاوکات لایەنێکی زۆر شەفافیشی هەیە، ئەوەی ئێمە وەک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە تورکیا دەیزانین، ئێمە چەند دەزانین سەبارەت بەو زانیارییانەی لەلایەن ئۆجەلانەوە نێردراون، بەڕێز مەسعود بارزانی دەزانێت، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەزانێت، بەڕێز مەسرور بارزانی دەزانێت، بافڵ تاڵەبانی دەزانێت، قوباد تاڵەبانی دەزانێت، بەلایەنی کەمەوە بەڕادەی ئێمە دەیزانن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقیش کە ئەویش کوردە، بە رادەی ئەوان دەزانێت. کاتێک لەم زانیارییانە دەڕوانیت، شتێکی وەها نییە شاراوە و نەبیستراو بێت. مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، برا تاڵەبانییەکان و مەسرور بارزانی، هەمووان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە خستەڕوو و گوتیان ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین. لایەنی ئێمەش بەدڵخۆشی و ئەرێنییانە گەڕانەوە. کەسکین بایندر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا دیار بوو کە دڵخۆش و گەشبینن، من ئەوەی هەولێر و سلێمانیم لە تەلەڤیزیۆنەوە سەیر کرد. ئێمە هاوڕێکەی خۆمان دەناسینەوە، هێڵەکانی رووخساری کەسکین بایندر و تۆنی دەنگی، بینیمان زۆر دڵخۆش بوون. تونجەر باکرهان دوێنی لە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا گوتارێکی پێشکێشکرد، باسی لەوە کرد، گرنگترین شت کە لەم سەردانانەی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان بەدیدەکرا، کەشێک بوو، گوزارشتی لە دووبارە یەکگرتنی نیشتیمانیی کورد دەکرد، چونکە هیچ مانایەکی نییە شتێک هەموومان بیزانین و لە یەکدی بشارینەوە. پەکەکە و کەدەپە (پارتی دیموکراتی کوردستان) ماوەیەک بوو بەجۆرێک وێنایان دەکرد وەک ئەوەی دەستیان لە قوڕگی یەکدی بێت، ئەو لایەنە کوردییانەی تورکیا کە لەژێر کاریگەریی پەکەکەدان، لەبەرامبەر کەدەپەدا دوورەپەرێز بوون، هەر خۆی ئەگەر سەیری دامەزراوە میدیاییەکانیان بکەن، سەیری مانشێتەکان و زمانی نووسیانیان بکەن، بەڕوونی هەست بەمە دەکەن، یەک لەوانە رۆژنامەی ''یەنی یاشام''. تەنانەت ئەم رووداوەی (کەناڵی رووداو) ئێستا ئێمە قسەی تێدا دەکەین، لایەنەکانی نزیک لە پارتەکەی ئێمە بە چاوێکی ئەرێنی سەیریان نەدەکرد، دەگوترا، هەر کاتێک رووداو هاتە بەردەمت، لێدوانی بۆ مەدە. ئێستا ئەمە، گوزارشت لە یەکگرتنی نیشتیمانیی کورد ناکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا دێت و لە پەرلەمان کاتێک لەبارەی یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتی، ئەوان نوێنەرایەتیی کوردانی سووریا ناکەن، گوتی، ئەو کوردانەی سووریا کە ئێمە لەگەڵیاندا لە پەیوەندیداین، نوێنەرانی راستەقینەی کوردیان هەیە، مەبەستی ئەنەکەسە بوو. لەو رۆژەوە، دیالۆگ لەنێوان ئەنەکەسە و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە، مەزڵووم عەبدی سەردانی ئێرەی کرد و لەلایەن مەسعود بارزانییەوە پێشوازیی لێکرا و کۆبوونەوە. ئێستا پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شام، بیر لە پێکهێنانی شاندێک دەکەنەوە. دواتر پەرلەمانتارانی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان، پەیامەکانی ئۆجەلانیان بۆ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هێنا و بەدڵخۆشییەوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. ئەمە پێیدەگوترێت یەکگرتنی نیشتیمانیی کورد. قسەکانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانییش زۆر گرنگ بوون.  
 
رووداو: ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کەمێک گفتوگۆتان کرد، هەندێک شتی بە ئێوە گوت، من لە دوورەوە سەیری ئێوەم دەکرد، ئێوە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پێدەکەنین، چی بە ئێوە گوت؟
 
جەنگیز چاندار: سەبارەت بە پرۆسەکە و سیاسەت هیچ قسەیەکمان نەکرد. من لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی زۆر کۆنم هەیە، لە ساڵی 1991ـەوە یەکدی دەناسین و زۆر بەیەکەوە بووین، لە رۆژە سەختەکاندا بەیەکەوە بووین. لە ساڵی 2003 کە هێشتا دۆخی عێراق بەتەواوی سەقامگیر نەبووبوو، من هەر کاتێک سەردانی ئەربیلم بکردبایە، لەگەڵ ئەو یەکدیمان دەبینی. ئەو زۆر دڵ گەورە بوو، زۆر نانی بەیانی ئەومان خواردووە. زۆر هەنگوینی بارزانی (بارزان) بە دیاری داوەتەوە من و دەیگوت ئەمە باشترین هەنگوینی دونیایە. بۆیە لەم کاتەوە دۆستایەتیێکی دێرینمان هەیە. چوار، پێنج ساڵە لەگەڵ ئەو رووبەڕوو یەکدیمان نەبینیوە. 
 
رووداو: ئەمڕۆ چی بە ئێوە گوت؟
 
جەنگیز چاندار: بە منی گوت، زۆر لەمێژە یەکدیمان نەبینیوە، یەکدیمان لەباوەش گرت و یەکدیمان ماچ کرد. بە منی گوت، زۆر گەنج دیاری، منیش گوتم، کاتێک لەگەڵ بابەتەکانی ناوچەکە خەریک دەبیت، بەم شێوەیە دەگەشێیتەوە. پاشان، دوای ئەوەی قسەیکرد و لە سەکۆکەوە هاتەوە خوارەوە، من لە تەنیشت ئیسماعیل بێشکچی بووم، کە ئیسماعیلی بینی، گوتی 'ئابێ' و بەرەو رووی هات. دواتر قسەی جوانی بۆ بەڕێز ئیسماعیل کرد، بەڵام ئیسماعیل بێشکچی گوێی لێنەبوو، داوای لە من کرد بۆی بکەمە تورکی، بۆم کردە تورکی. دواتر رووی کردەوە من و دیسان گوتی، چییە ئەو هەموو گەنجییە؟ منیش گوتم تۆش بە هەمان شێوەیت. بەم شێوەیە وەک دوو دۆست گاڵتە و قسەی خۆشمان کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە