مەلا بەختیار بۆ رووداو: یەکێتی سووربوو لەسەر کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی ستراتیژی

28-08-2025
مەعد فەیاز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەلا بەختیار، سیاسەتڤان و بەرپرسی پێشووی دەستەی کارگێڕیی یەکێتی دەڵێت، ئەوەی بەغدا لە پرسی مووچە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات " گەردنبڕییە" لە هیچ سەردەم و کاتێکدا ئەوە بەرامبەر خەڵک نەکراوە.
 
مەلا بەختیار لە هەڤپەیڤینێککدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، "ئەوەی لە پرسی مووچە بەرامبەر مووچەخۆران دەکرێت کارەساتە، دەبێ بیرکردنەوەیەک لە بەغدا ببینین جیاوازی بکات لەنێوان کێشە سیاسییەکان و مافە مەدەنییەکان."
 
ئەو سیاسەتڤانە نموونە بەوە دێنێتەوە کە کاتی خۆی مووچەی هەڵەبجەیان نەبڕیوە کە لەژێر دەستی گرووپی ئیسلامیدا بووە و دەڵێ :"نە مووچە نە خزمەتگوزاری و نە کارەبا هیچمان نەبڕی.''
 
وەکو مەلا بەختیار باسی دەکات، لەو ملیۆنێک و 300 هەزار مووچەخۆرەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەشێکی زۆریان سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسی نین.
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، مەلا بەختیار بە رووداوی راگەیاند، "دەبوو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکبهێنرێت بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکان، پێش 10 بۆ 15 ساڵ ئەنجامیان دەستدەکەوت."
 
لە بەشێکی قسەکانیدا مەلا بەختیار باسی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی دەکات و دەڵێت، "پێویست بوو پارتی رەچاوی ئەو گوشارە دەروونییە بکات کە لەسەر یەکێتی هەیە.''
 
بە بڕوای ئەو چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی پارتی و یەکێتی، هەروەها نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمەڵێک کێشەی دیکەش نووسینەوەی دەستوورێکە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو دەڵێت :"دوو پڕۆژەی دەستوور هەن نەک تەنیا دانەیەک، نووسینی دەستوور بڕیارێکی سیاسی نیشتمانی دەوێ، بێ بوونی سازانێکی سیاسیی نیشتمانی ئەستەمە دەستوور بنووسرێت."
 
لەبارەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتیش دەڵێت، "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەرپرس بوو لە کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی ستراتیجیی نێوان یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو سەرکردانەی سوور بوون لەسەر کۆتاییهێنان بەو رێککەوتنە، ئێستا ئەوان کەسانی کاریگەرن لەناو یەکێتی دا."
 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: سڵاو بینەرانی رووداو، کەمجار، لانی کەم لە عێراق، سیاسەت، رۆشنبیری و دانایی پێکدەگەن، بەڵام ئەوانە لە کەسایەتیی سیاسەتڤانی ناسراوی کورد.

 

مەلا بەختیاردا کۆبوونەتەوە، ئەمڕۆ ئامادەیە لەگەڵمان لەم گفتوگۆیەدا بۆ ئەوەی باس لە رووداوەکانی عێراق بکەین.
 
مەلا بەختیار: سوپاس 
 
رووداو: ئایا لە عێراق سیاسەت و دانایی پێکدەگەن؟
 
مەلا بەختیار: لە عێراق؟ بەڵێ هەندێکجار  
 
رووداو: باشە، رووداوەکانی ئێستا لە 2003وە تاوەکو ئەمڕۆ روودەدەن، نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی سیاسەت و دانایی بەیەک بگەن.
 
مەلا بەختیار: هیواخوازبووین دوای 2003 وە دوای رووخانی سەدام تاوەکو ئێستا، بارودۆخەکە جێگیر بێت، عێراق پێشەنگیی شارستانی، رۆشنبیری، ئەدەبی و داهێنەرانە هەبێت، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەم شتانە پاشەکشەیان کرد، هۆکارەکەشی بە بڕوای من ئەم ناکۆکییەی نێوان حیزبەکان و عەقڵییەتە دژبەیەکەکان و حەزی دەستگرتن بەسەر دەسەڵات بەشێوەی رەوا و ناڕەوا، هەموو ئەم شتانە رێگرن لەبەردەم گەشەی شارستانی، هۆشیاریی دیموکراتی، ئازادی و داهێنان و تادوایی، بەداخەوە ئێمە 22 ساڵمان لەناو گێژاوێکی سیاسیی خنکێنەردا بەسەربرد، تاوەکو ئێستاش خنکێنەرە. مەترسیی سەیروسەمەرەش رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، تاوەکو ئێستا چ لە ناوچەکە بێت، چ لەناو حیزبە شیعییەکان یان حیزبە سوننییەکان، یان لەنێوان سوننە و شیعە، یان لەنێوان هەولێر و بەغدا، یان لەنێوان حیزبە کوردستانییەکان و حیزبە عێراقییەکاندا بێت ،یانی چ کێشەیەک لە کێشەکان چارەسەر کراوە؟ یان  لەنێوان هەولێر و سلێمانی؟ 
 
رووداو: ئەم پرسیارە ئاراستەی بەڕێز دەکەین، تۆ سیاسەتڤانی...
 
مەلا بەختیار: هۆکارەکەی بە راشکاوی دەیڵێم، رووداوەکان سەلماندیان زۆربەی حیزب و سەرکردەکان لە ئاستی رووداوەکاندا نین، لە ئاستی ئەو قۆناخە سەخت و چارەنووسسازەدا نین پێیدا تێدەپەڕین، هەموو جیهان ئێستا لەنێو دڵەڕاوکێی گۆڕانکاریی سەیروسەمەرەیە، تەنیا عێراقە مەترسیی سەیروسەمەرەی لەسەرە  بگەڕێتەوە دواوە لەجیاتی ئەوەی بچێتە پێشەوە. بۆچی؟ رەخنە نییە، هەڵسەنگاندنی بابەتی نییە، سیاسەتی ژیرانە نییە یانی ئێمە بە کەمی ئەم شتانە دەبینین، بە راستی من دەمەوێت بە راشکاوی قسە بکەم. ستایشی هیچ سەرکردەیەک ناکەم. ستایشی هیچ حیزبێکی سیاسی ناکەم. من هەموویان دەناسم، لە نزیکەوە دەمناسن، هاوڕێمن، دۆستمن، دەمناسن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت... من بانگیان دەکەم بە جیددی و بە قووڵی بیر لەم قۆناخە سەخت و چارەنووسسازە بکەنەوە، بە راستی بۆ زۆربەی خەڵکی عێراق زۆر ئازاربەخشە، یانی ئەوان دەزانن لە هەڵبژاردنەکاندا رێژەیان چەندە کەمە و رێژەی حیزب و سەرکردەکان چەندە نزمە؟ ئەم بابەتە تێدەگەن؟ هەر چوار ساڵ جارێک لە عێراق راپرسییەک هەیە لەسەر ئەم سەرکردانە و ئەم بەرپرسانە و ئەم حیزبانە، جا سەیر بکە ساڵ لەدوای ساڵ و هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن، ئاستی حیزبەکان دادەبەزێت بۆ دۆخێکی خراپ.
 
رووداو: ئایا کێشەکە لە سەرکردەکاندایە یان لە حیزبەکاندا یان لە جەماوەرەکەیاندا دووبارە هەڵیان دەبژێرن؟ یانی هەمان رووخسار، هەمان حیزب؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر، نەخێر، نەک هەموو جەماوەر، نەک هەموو رای گشتی، لە دوا هەڵبژاردندا رێژەکە نەگەیشتە 30%، 70%ی خەڵک لە هەڵبژاردن دوورکەوتنەوە. کەمتر لە... نەخێر، 30% نا، 18% بوو. 18%. جا ئەمە رێژەیە؟ یانی چەند؟ 82%ی خەڵک لە هەڵبژاردن دوورکەوتنەوە، دەنگیان نەداوە، ئەمە ناڕەزایەتی و بێزارییە، هەڵوێستێکی گشتیی رای گشتیی عێراقە بەرامبەر بە حیزبەکان، بەرامبەر ئەو هەڵانەی دەیکەن. دۆخی ئابووری خراپە، دۆخی سیاسی خراپە، دەوڵەتی قووڵ و دەوڵەتی فەرمی هەیە. حیزبە شیعییەکان لەنێوان سەدرییەکان و حیزبەکانی دیکەدا کێشەی گەورەیان هەیە. سوننەکان لەنێوان خۆیاندا کێشەی گەورەیان هەیە. حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، لە مافی خۆ بەربژێرکردن بێبەشیان کرد. سەیر بکە، ئێستا گەڕایەوە، گەڕاندیانەوە. جارێک دەگرین و جارێک پێدەکەنین بەم پرۆسە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە. یەکێک پێدەکەنێت و یەکێک دەگری، ئێمە چی بکەین بەرامبەر ئەم دیمەنە سەیرانەی دنیای سیاسەتی عێراق؟ تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ ئەم کێشانە نییە، کۆنگرە نییە، لێکۆڵینەوە نییە، زانکۆ نییە، مامۆستا نییە، رەخنەگر نییە بۆ ئەم دۆخە، راوێژکار نییە، هەمووی لێدوان و پێکهێنانی حکومەت و کۆبوونەوەی سەیر و پروپاگەندە و نازانم چیی و لە ئەنجامدا کێشە بنەڕەتییەکان وەکو خۆی ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون. بەڵێ، ئاوەدانی لە بەغدا و هەندێک ناوچەی باشوور و ناوەڕاست هەیە. ئەمە باشە.
 
رووداو: لە هەولێریش.
 
مەلا بەختیار: من باسی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەم، باسی بەغدا دەکەم. بەڵێ، لە کوردستانیش باشترە، یانی لە هەموو روویەکەوە لە کوردستان باشترە، بە راستی، لەگەڵ هەموو رەخنە و تێبینییەکانمان هەمانە، بەڵام بەغدا و بەسرە و کەربەلا.
 
رووداو: چی لە هەرێمی کوردستان باشترە؟
 
مەلا بەختیار: ئاوەدانی باشترە، ئابووری باشتر بونیاتنان، پرۆژەی ئاو و نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری و ئاسایش و ئابووریی ئازاد...
 
رووداو: کێشە سیاسییەکان؟
 
مەلا بەختیار: کێشەی گەورە هەن. گەورەن، بەداخەوە.
 
رووداو: بۆچی ئەو شتانە روودەدەن؟ لە سلێمانی، لە بەغدا، لە خور عەبدوڵڵا، هەمووی، با لە هەرێمی کوردستانەوە دەست پێبکەین؟
 
مەلا بەختیار: کاکە، ئێمە دوای 33 ساڵ هێشتا دەستوورمان نییە، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، دوای 33 ساڵ هێشتا هێزی چەکدارمان لە کوردستان یەک نەخستووە، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، دوای 33 ساڵ کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکانی کوردستانمان نەکردووە، تاوەکو ئێستاش ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، تاوەکو ئێستا یەکێتی دامەزراوەی ئەمنیی خۆی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دامەزراوەی ئەمنیی خۆی هەیە، جگە لە ئاسایشی گشتی لە هەرێمی کوردستان. تەنانەت زمانی کوردیشمان یەکنەخستووە! لە بادینان بادینی دەخوێنن، لە سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و خانەقین و گەرمیان و ناوچەکانی دیکە سۆرانی دەخوێنن، یانی ئەو بنەمایانەی هیوا نەتەوەییەکان کە سەتان ساڵە خەباتیان بۆ کراوە لەسەری بونیات دەنرێت، ئەو بنەمایانەی لە ئەوروپا دەوڵەتی دیموکراتی و نەتەوەی یەکگرتووەکان و بازاڕی هاوبەش و کولتوور و داهێنان و زمانی یەکگرتوویان لەسەر بونیاتنا ، ئێمە تاوەکو ئێستا لە کوردستانی عێراق نەمانکردووە. ئەمانە کەموکوڕیی گەورەن. شتێکی ئاسایی نییە، یانی شتێکی ئاسایی نییە لە سلێمانی هێزێکی چەکداری حیزبیی گەورە هەبێت و لە هەولێر و دهۆک هێزێکی چەکداری گەورە هەبێت. هەندێک سەرکردەی حیزبەکان هێزی چەکداریان هەیە، لەناو حیزبەکاندا هێزی چەکداریان هەیە. ئەمە چییە؟ چۆن دەبێت دوای 33 ساڵ؟ ئیسرائیل، هەموومان رەخنەی لێدەگرین، و دەڵێین دەبێت گەلی فەلەستین رزگار بکرێت ، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت و پشتگیریشی دەکەین. ئیسرائیل لە 1948ەوە تا ئێستا سوپایەکی یەکگرتووی هەیە، یانی دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی ئیسرائیل، سوپایەکی یەکگرتووی دامەزراندووە تاوەکو ئێستاش هەیە. کولتوورێکی نەتەوەیی یەکگرتوو، کولتوورێکی بەڕێوەبردنی دەوڵەت یەکگرتووە، تاوەکو ئێستاش. جا ئەمە شتێکی بە هەڕەمەکی نییە من باسی دەکەم. یانی دوای هۆلۆکۆست، دەوڵەتی ئیسرائیل دادەمەزرێنن. گەورەترین جینۆساید لە مێژوودا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم جووەکان تووشی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا، نەکەوتن. توانییان دەست بەسەر کارەکاندا بگرن و دەوڵەتێک دابمەزرێنن.
 
رووداو: ئێستا ئەوان هۆلۆکۆست بەسەر فەلەستینییەکاندا دێنن.
 
مەلا بەختیار: ئەوان چی دەکەن؟ سەیر بکە. بینیمان چی دەکەن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی یارییەکانیان، گۆڕەپانی چەکە کوشندەکانیان، فڕۆکەکانیان، سیخوڕەکانیان، لەو شەڕەی ئەمدواییەشدا بە راستی گورزی سەختیان وەشاند زۆر قورس، هاوسەنگیی هێزیان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی سەیر گۆڕی.
 
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر هۆکارەکان بۆچی؟ واتە جەنابت ئێستا دەڵێی سوپای یەکگرتوو نییە، پێشمەرگەی یەکگرتوو نییە، رای یەکگرتوو نییە، ئابووریی یەکگرتوو نییە؟
 
مەلا بەختیار: من دەڵێم وەڵامی من بەم شێوەیەیە، وەڵامێکی زانستییە نەک کەسی، ئێمە وەکو نەتەوەی کورد، وەک گەلی کورد، لە کاتی خەباتدا بۆ رزگارکردنی کوردستان پاڵەوان بووین و ئەرکی خۆمان جێبەجێ کرد. بەڵام وەکو بزووتنەوەیەکی دیموکراتی ، دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیی راستەقینە، کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی راستەقینە و ئازادیی راگەیاندن و بیری راستەقینە، تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووین، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئازیزی من، شتێک نییە بە ناوی شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی دیموکراتییەوە، نییە. ئێمە هەموو شتێک لە دەرەوە دەهێنین، هەناردەی ناکەین.
 
رووداو: تەنانەت بیرۆکەکانیش؟
 
مەلا بەختیار: تەنانەت بیرۆکەکانیش لە دەرەوە دەهێنین، هیچ بیرۆکەیەکی داهێنەرانەی عێراقیی تاک و هیچ بیرۆکەیەکی داهێنەرانەی کوردستانیی تاک نییە ئێمە هەموو حیزبەکان، چ ئیسلامی، چ عەلمانی، چ چەپ لە دەرەوەمان نەهێنابێت، شتی وا نییە،لە عێراق یەک فەیلەسووف نییە و لە کوردستانیش یەک فەیلەسووف نییە، من جارێک لە ئیتاڵیا بووم، چوار سەرۆک زانکۆ دوای شەڕی داعش، ویستیان لەگەڵم کۆببنەوە، کۆبووینەوە. گوتیان پرسیارێکمان هەیە، گوتم فەرموون. گوتیان ئەم کێشانە چین لەلاتان؟ هەموو ساڵێک حیزبێکی سیاسیی ئیسلامی بە چەکی خۆیەوە خەڵک دەکوژێت، ئەمە چییە؟ ئێمە لە هۆکارەکەی تێنەگەیشتین. گوتم، ''بەڵێ، هۆکارەکەی سادەیە.'' گوتیان، ''چۆن؟'' گوتم، ''ئێوە چەند فەیلەسووفتان هەیە لە ئیتاڵیا؟'' گوتیان، وەڵا ژمارەیان نازانین.'' گوتم، ''بەڵام من ژمارەی فەیلەسووفەکانی کوردستان دەزانم،'' گوتیان، ''چەندن؟' گوتم، یەک دانەش نییە.'' گوتیان، کەواتە تێگەیشتین.
 
رووداو: ئایا فەلسەفە کێشەی سیاسی چارەسەر دەکات؟
 
مەلا بەختیار: واتە فەلسەفە بابەتێکی گرنگە لە ژیاندا، ئەگەر شۆڕشێکی پیشەسازی، شۆڕشێکی فەلسەفی، شۆڕشێکی دیموکراتی، شۆڕشێکی مەدەنی، شۆڕشێکی ژنان و ئازادیی ژنان هەبێت، هەموو ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی ئەندامی پێکەوە گرێدراون.
 
رووداو: بەڵام کاتێک سەرکردەی سیاسی ناخوێنێتەوە و بەدواداچوون ناکات، چۆن داوا دەکەیت فەلسەفە هەبێت؟ 
 
مەلا بەختیار: ئەو لە رووی فیکرییەوە نەزۆکە، لە رووی سیاسییەوە نەزۆکە، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە نەزۆکە، ئەو سەرکردانەی ناخوێننەوە و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ رووداوەکان نییە، ئەوانە بە راستی زیانیان هەیە.
 
رووداو: تۆ رووداوەکانت باش خوێندووەتەوە؟ بەلایەنی کەمەوە لە هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی؟
 
مەلا بەختیار: خوێندوومەتەوە، خوێندوومەتەوە. من لە سلێمانی گەورە بووم. من لە تەمەنی 22 ساڵییەوە تا ئێستا لە سلێمانیم. چۆن سلێمانی ناخوێنمەوە؟
رووداو: پێت وا بوو ئەوەی روویدا رووبدات؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ.
 
رووداو: چیتان کرد پێش روودانی؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ، نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵێ. سێ ساڵ لەمەوبەر سیمینارێکم هەبوو، پێشبینیی ئەم رووداوانەم کردبوو کە روویاندا.
 
رووداو: کێت ئاگادارکردەوە؟
 
مەلا بەختیار: ئاگادارم کردووە، سیمینارێکی ئاشکرا بوو، بەڵێ.
 
رووداو: چۆن رێوشوێن نەگیرایەبەر؟
 
مەلا بەختیار: عەقڵییەتی تۆڵەسەندنەوە زاڵە، لەجیاتی عەقڵییەتی چارەسەر،لەناو یەکێتیدا مام جەلال دیتوانی گەورەترین کێشە لە مێژووی سیاسیدا چارەسەر بکات، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر چارەسەری دەکرد. مێژووی دەبڕی مام جەلال. ئەمە جیاوازییەکەیە.
 
رووداو: یانی عەقڵییەتی تۆڵەسەندنەوە تەنانەت لەناو حیزبدا؟ لەناو عەشیرەتدا؟
 
مەلا بەختیار: تەنانەت لەناو خێزانیشدا، لەناو خێزان، بەڵێ. نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەکانەوە، ئەم بابەتە دوادەخەم بۆ سیمینارێکی دیکە، پەنابەخوا. دوایدەخەم با کەمێک رووداوەکان روون ببنەوە و وردەکارییەکان زیاتر بزانین. من لەم رووداوانە بێزارم، بە تەواوی، من لە رووداوەکان دوور بووم، ئامۆژگاریم هەیە دەبێت لەم رووداوانە دوور بکەونەوە. ئامۆژگاریم هەیە، پەیامم هەیە. بەداخەوە. لەگەڵ ئەمەشدا نامەوێت بچمە ناو وردەکاری.
 
رووداو: لەگەڵ ئەوەی تۆ لە رووی خێزانی و سیاسییەوە نزیکی؟
 
مەلا بەختیار: نزیک، دوور، کێشەم نییە ، واتە نزیک، راستە. بەڵام من هەڵوێست و بۆچوون و بڕیارەکانم نەگۆڕیون، من لە بۆچوون و باوەڕە ئایدۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانمدا زۆر راشکاو بووم. زۆر راشکاو. بۆیە تکایە ئەم بابەتە دوابخە.
 
رووداو: دوایدەخەم، بەڵام ناوی مەلا بەختیار لە سەرەتادا، لە سەرەتای رووداوەکاندا هاتە گۆڕێ؟
 
مەلا بەختیار: هیچ رووداوێک لە سلێمانی یان لە کوردستاندا نییە، چ پەیوەندیی بە مێژووەوە هەبێت، چ پەیوەندیی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەبێت، ناوی من نەهێنرێت. نییە.
 
رووداو: ئەمە نیشانەی خۆشەویستی، متمانە، یان تۆڵەسەندنەوەیە؟
 
مەلا بەختیار: هەموو شتێک. هەمووی، ئەمە پاکێجێکە پاکێجێک لە خۆشەویستی و رق و... هەموو شتێک.
 
رووداو: تۆ پێشتر رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بوویتەوە، لەلایەن نزیکترین کەسەکانتەوە؟
 
مەلا بەختیار: هەشت جار، من لە ژیانی سیاسیمدا، بەڵێ، هەشت جار.
 
رووداو: جاری کۆتایی لە نزیکترین کەسەکانتەوە بوو؟
 
مەلا بەختیار: جاری کۆتایی، بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو: باشە نامانەوێت بچینە ناو رووداوەکان و وردەکارییەکانەوە. بەڵام خەڵک نیگەرانن، لە سلێمانی، هەولێر، بەغدا، بەسرە، هاوڕێکانم پرسیار دەکەن چی روودەدات؟ لە دەرەوەی عێراق، چی لە سلێمانی روودەدات؟ ئەم شارەی بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ناودەبرێت، شاری ئارام، جوان، کە خەڵکەکەی باشن. ئەوەی تێیدا روویدا و روودەدات.
 
مەلا بەختیار: ئەو رووداوانە نامۆن بە سلێمانی، بەداخەوە، جا چ لە دەرەوە بێت یان لەو کەسانەی سلێمانی ناناسن و لە سلێمانی دادەنیشن، یان ئەو کێشانەی دەیانتوانی بە سادەیی چارەسەری بکەن، لە ئەنجامدا دۆخەکە ئاڵۆز بوو.
 
رووداو: هۆکاری سیاسی یان ئابووری؟
 
مەلا بەختیار: هەموو شتێک. سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، دەروونی، ئەمنی، هەرێمی، هەموو شتێک.
 
رووداو: بۆ دەستگرتنە بەسەر دەسەڵاتدا؟
 
مەلا بەختیار: بێگومان، ئایا شتێک لە مێژوودا هەیە گرووپێک هێزی چەکداری هەبێت و نەیەوێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت؟ ئایا نموونەیەکی وا لە جیهاندا هەیە؟
 
رووداو: بەڵام هێزی چەکدار بۆ پاراستنی خەڵکە، بۆ پاراستنی سیستمە؟
 
مەلا بەختیار: ئەوە ئەگەر سیستمێک هەبێت، دەستوورێک هەبێت، سوپایەکی یەکگرتوو هەبێت، هۆشیارییەکی دیموکراتی و نیشتمانیی گەورە هەبێت، هۆشیارییەکی نەتەوەیی گەورە هەبێت.، رێژەیەکی گەورە لەم هۆشیارییە نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراتییە تائێستا نییە.
 
رووداو: داوایەک هەبوو بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان 
 
مەلا بەختیار: داوا؟ 
 
رووداو: داوای جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێم، ئایا ئەو جیابوونەوە سیاسی یان ئابووری بوو چۆن بوو، چۆن هەرێم بەهێز و تۆکمە دەبێ بەمشێوەیە؟ 100 ساڵ خەباتتان کرد بگەنە ئەو خەونە، بەڵام دوای ئەوە خەڵک نیگەران بوو، عەرەب هەروەها کوردیش بە پلە یەک 
 
مەلا بەختیار: من بەشێوەیەکی فەرمی گوێم لێنەبووە بڕیارێک هەبێ لەنێو یەکیتی یان لەنێو سلێمانی بۆ ئەوەی داوا لە بەغدا بکەن لە هەرێم جیاببنەوە، من بەفەرمی گوێم لێی نەبووە، بەڵام ئەو پڕوپاگەندانە هەن.
 
رووداو: لەنێو سەرکردایەتی هەیە یان لەنێو خەڵك؟ 
 
مەلا بەختیار: نەخێر لەنێو خەڵک، لە راگەیاندن لە سۆشیاڵ میدیادا. 
 
رووداو: ئایا راگەیاندن لە دۆخێکی تەواودایە لە سلێمانی؟
 
مەلا بەختیار: نەخێر. 
 
رووداو: ئازادی رادەربڕین.
 
مەلا بەختیار: ئازادیی رادەربڕین بەمشێوەیەی لە ئەورووپا هەیە لە هەموو کوردستان نییە.
 
رووداو: ئێمە بەراوردی ئەورووپا ناکەین بە عێراق. 
 
مەلا بەختیار: نەخێر نە لە هەموو کوردستان و نە لە عێراق و نە لە ناوچەکەش نییە. 
 
رووداو: کە سلێمانیت جێهێشت چۆن بوو، ئایا ئەوێ باش بوو یان؟ 
 
مەلا بەختیار: بە کاتی هاتوومەتەدەرەوە و دەچمەوە سلێمانی. 
 
رووداو: نا مەبەستم ئەوەیە ئەوکاتەی بەجێت هێشت چۆن بوو؟ 
 
مەلا بەختیار: دیمەنەکان ئازاربەخشن.
 
رووداو: کاریگەری لەسەر خەڵک هەبووە؟ 
 
مەلا بەختیار: زۆر زۆریش.
 
رووداو: سەردانت بۆ هەولێر بە چ ئامانجێکە سیاسییە یان چی؟
 
مەلا بەختیار: کۆڕبەندێک هەبوو لەبارەی کوردستانی تورکیا و تورکیا و ئەو دەستپێشخەرییەی بەڕێز ئۆجەلان پێشکێشی کردووە، کۆڕبەندێک کرا لەوبارەوە 
 
رووداو: هاوکاری چاکبوونەوەی دۆخی سلێمانی دەکەن؟ 
 
مەلا بەختیار: درێخی ناکەم، ئەگەر ببینم یەک تۆز دەرفەت هەیە درێخی ناکەم.
 
رووداو: بەڕێز مەلا بەختیار، ئەوە دۆخی هەرێمی کوردستان، چۆن وەسفی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەی، تۆ پەیوەندییەکی بەهێزت لەگەڵ بەشێکی سیاسەتڤانانی عێراق هەیە؟ 
 
مەلا بەختیار: خۆزگە نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکدەهێنا بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجامێکیان دەستدەکەوت نەک پێش ئێستا بەڵکو پێش 10 بۆ 15 ساڵ، ئەوەیان دەستدەکەوت کە بۆچی ماددە دەستوورییەکان جێبەجێ ناکرێن کە دەکرا بەهۆیەوە چارەسەری ریشەیی کێشەکان بکرێت، پرسەکان دارایین، یەکەمیان بودجە، دووەمیان مووچە، هەروەها پڕۆژەکان و شایستەکان لە ئاوەدانی و کۆمەڵێک پرسی دیکە، من دەپرسم ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەموکوڕی هەبێ، من گفتوگۆی ئەو بابەتە ناکەم و بەرگریشی لێ ناکەم، بەڵام بەمشێوەیەش کەموکوڕی نییە کە لە بەغداوە پێی تۆمەتبار دەکرێت، دڵنیام نە حکومەتی عێراق، نە حیزبە سیاسییەکان گوێ بۆ کەسی دیکە راناگرن، بەڵام با لیژنەیەکی بێلایەن پێکبێت و بابەتییانە لێی بکۆڵنەوە، ئەنجامی باشتریان دەستدەکەوێت، دەگەڕێمەوە بۆ مووچە، داوای حکومەت هەیە، بەڵام ئەی فەرمانبەر، هاووڵاتی، کرێکار، جووتیار ئەوان چی بکەن بۆ مووچەیان بڕاوە؟
 
رووداو: ئەوە کارەساتە. 
 
مەلا بەختیار: زیاتر لە کارەساتە.
 
مەلا بەختیار: سەدام بەشێوەیەکی فاشیستی مامەڵەی دەکرد و دروشمی ئەوەبوو " بڕینی گەردن نەک بڕینی ژیان" ، ئەو درووشمە لە نێو شەقامی عێراقی دەگوترایەوە ئەوکاتە کە ئێمە پێشمەرگە بووین و گوێمان لەو درووشمانە دەبوو، براگیان ئەمە بڕینی گەردنە، هیواخوازبووین لە بەغدا عەقلیەتێک ببینین کە جیاوازی بکات لەنێوان کێشە سیاسییەکان و مافە مەدەنییەکان ،سەیر بکە 10 ساڵ هەڵەبجە بەدەستی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی بوو، ئێمەش لە سلێمانی بووین، وەکو یەکێتی مووچەی هەڵەبجەمان نەبڕی ئەوکات، خزمەتگوزاریمان لە شارەکە نەبڕی، هەموو قەزاکە نەک تەنیا شارەکە، هەر لە هەورامانەوە بۆ خورماڵ و سیروان و سەیدسادق، نە مووچە و نەخزمەتگوزاری و نەکارەبا و هیچ شتێکمان نەبڕی، با بگەڕێینەوە ئەو سەردەمە و تاوەکو کاتی رووخانی ئەسەد، رۆژئاوای کوردستان بەدەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بوو، بەشار ئەسەد مووچەی فەرمانبەرانی نەبڕی، حکومەتی بەعس لە سووریا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەو ناوچانە نەبوو هەسەدە کۆنتڕۆڵی کردبوون، برا ئەوە مووچەیە مووچە، پێی دەژیت، ئێستا ملیۆنێک و 300 هەزار کەس مووچەیان هەیە، زیاتر لە ملیۆنێكیان سەر بە هیچ حیزبێکی سیاسی نین، ئایا ئەوە مەترسیدار نییە کە نەینێرێ؟ 
 
رووداو: راستە، داوای هەموو خەڵکە لە کوردستان بۆ مووچە.
 
مەلا بەختیار: تەنانەت ئەگەر من سەر بە حیزبیش بم،رۆڵەکانم چی بکەن، هاوژینم چی بکات، چێشتخانەکەی ماڵەوە چی بکات کە هیچی تێدا نییە لێی بنێم 
رووداو: ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی لەدەست بووایە، مووچە دەهات؟ 
 
مەلا بەختیار: لە بەغداوە؟ 
 
رووداو: نەخێر لانی کەم لە سلێمانی.
 
مەلا بەختیار: بێگومان دەیتوانی، من پێتدەڵێم کە مووچەی هەڵەبجەم نەبڕی کە ئیدارەیەکی نێوخۆیی بوو.
 
رووداو: باسی کام ساڵ دەکەی؟ 
 
مەلابەختیار: لە 1994ـەوە تاوەکو 2003 .
 
رووداو: ئایا یەکێتی هەژموون و جەماوەر و کۆنترۆڵی ماوە لە سلێمانی؟ 
 
مەلا بەختیار: لە هەڵبژاردنی رابردوو کەمترین بەشداری لە سلێمانی بوو. 
 
رووداو: ئایا هیچ شتێك لە یەکێتیی نیشتمانی ئەوەی پێشوو ماوەتەوە، دامەزرێنەران؟ نزیکەکانی مام جەلال؟ 
 
مەلا بەختیار: پرسیار دەکەی مەلا بەختیار بۆچی بەرپرسیارێتی نییە، پرسیار دەکەی بۆچی بەرهەم ساڵح بە هەمان شێوە بەرپرسیارێتی نییە، عەدنان موفتی بۆ نیەتی، بۆچی ئەرسەلان بایز لە ماڵەوە دانیشتووە، هەرچەندە بەشێوەیەک لە شێوەکان کارەکانی بەڕێوەدەبات و هەڵوێستی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەرپرسیارێتی نییە، سەرۆکی پەرلەمان بوو، ئەمانە باکگراوند و ئەزموونێکی گەورەیان هەیە، پڕ ئەزموونن ئەوانە، لەگەڵ ئەوەش لە ماڵەوە دانیشتووە و لەبەر دەرگەی خوا دانیشتووە، منیش هەروا گونجاوە؟ 
 
رووداو: بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێوە بەرپرس بوون، سەرکردە بوون؟
 
مەلا بەختیار: پرسیارمان کرد، کۆبووینەوە، یاداشتمان نووسی، گۆشەمان نووسین، سیمینارمان کرد، دیدارەکانمان دیارن لەگەڵ هەموو راگەیاندنەکان لە عەرەبی و لە ئێرانی دا، لە کوردستانیش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی ئەوتۆ بەدەستنەهات. 
 
رووداو: ئایا ئەوە کاریگەری لەسەر یەکێتی دەبێ؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ زۆریش کاریگەری دەبێ، دۆخی سلێمانیمان بینی. 
 
رووداو: کەواتە کاریگەری دەبێ لەسەر داهاتووی یەکێتی یان ئێستای؟ 
 
مەلا بەختیار: بەڵێ، بێگومان زۆر کاریگەری دەبێ، تەنانەت ئەگەر هەست بکەن کە لە رووی سەربازییەوە ٪100 کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە، لە رووی سیاسی و متمانەی جەماوەرییەوە وانابێ. 
 
رووداو: هیچ دەستپێشخەریتان نییە ئەو سەرکردانە لەجیاتی ئەوەی وەکو خۆت گوتت دانیشتوون؟ 
 
مەلا بەختیار: هەموو شتێکمان کردووە، هەموو شتێکمان تاقیکردووەتەوە و کردوومانە و گوتوومانە، سەیرکە، من بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووم. چوار ساڵ پێش کۆنگرەی چوارەم، دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە و چووم... خۆم بە بابەتە رۆشنبیرییەکان و فەیسبووک و ئەو بابەتانەوە سەرقاڵ کرد، بۆچی؟ تا کۆنگرەی چوارەم پۆستەکەم پارێزراو بوو، ئۆفیسەکەم لە سلێمانی و هەولێر پارێزراو بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەستم دەکرد ئیدی سوودی نییە بگەڕێمەوە بۆ پۆستەکەم، من بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بووم نەک ئەندامێکی ئاسایی، نەک سەرکردەیەکی ئاسایی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، کە بەرپرسی یەکەم و کۆتاییە لەسەر جێبەجێکردنی هەموو بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام من بێزار بووم. زۆر. دوای 10 ساڵ لە هەوڵدان بۆ چاککردنی دۆخەکە، بێزار بووم.
 
رووداو: مام جەلال خوا لێی خۆشبێ، دەزانی پەیوەندیم هەبوو لەگەڵی؟ 
 
مەلا بەختیار: بێگومان.
 
رووداو: بەپێی ئەوەی کە من لە کاک عەدنان موفتی بیستم لە هەولێر وەکو دەڵێن "گوتاری ماڵئاوایی" پێشکێشکرد و گوتویەتی رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی گەرەنتی مانەوەی هەرێمی کوردستانە، ئایا ئێوە وەکو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە و رێچکەکەی مانەوە؟ 
 
مەلا بەختیار: نەخێر. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەرپرس بوو لە کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی ئەو کاتە سوور بوو، ئەو سەرکردانەی کە سوور بوون لەسەر کۆتاییهێنان بەو رێککەوتنە، ئێستا ئەوان کەسانی کاریگەرن لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
 
رووداو: ئایا ئەمە کاریگەریی هەیە لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت؟ 
 
مەلا بەختیار: کاریگەریی هەیە، تائێستاش کاریگەریی ماوە، لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا ئەنجامەکانی، بینیمان چەندە زیانی بە یەکێتی گەیاند.
 
رووداو: دانوستاندنەکانی حکومەت بەڕای تۆ گەیشتوونەتە کوێ؟
 
مەلا بەختیار: تەنیا هەواڵی خۆش دەبیستین، بەڵام هەنگاوی کرداری تا ئێستا نەنراوە.
 
رووداو: زیاتر دوادەکەوێت؟
 
مەلا بەختیار: پێموایە هەرچەندە هیوام و داواکاریم ئەوەیە بە زووترین کات پێکبێت.
 
رووداو: کێ دار دەخاتە بەر پێی حکومەت؟ 
 
مەلا بەختیار: هەموو حیزبێک بیانووی خۆی هەیە، پارتی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان،یەکێتی سوورە لەسەر هەندێک ئیمتیازات و پۆست، پارتی دیموکراتی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی زۆرینەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە و مافی ئەوەی هەیە ئەو پۆستانە لە دەستی خۆیدا بمێننەوە، تا ئێستا کێشەکانی چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستەکان، ئەمە گرێی سەرەکیی نێوان هەردوو حیزبەکەیە.
 
رووداو: بە بڕوای تۆ ،کێ هۆکارە بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت، وەکو سیاسەتڤانێکی خەباتکار، هاوکاربوو لە پێشمەرگایەتی تاوەکو ئەمڕۆ؟ 
 
مەلا بەختیار: یەکێتی لە دۆخێکی تایبەتدایە. یەکێتی بە قۆناخێکی هەستیار و تایبەتدا تێدەپەڕێت،بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەم دۆخە رزگار بکات، سوورە لەسەر هەندێک پۆست، بۆچی؟ بۆ ئەوەی جەماوەر و متمانەی جاران کە تاوەکو رادەیەک لەدەستی داوە، لەدەست نەدات، چونکە یەکێتی ئێستا لەژێر گوشاری دەروونی و راگەیاندن دایە بەوەی کە هەموو ئەو شتانەی لە بانگەشەکان دەیڵێن جێبەجێیان نەکردووە، ئەو گوشارە دەروونییە وای کردووە کە هەندێک پرسی سەرەکی دوابخات، بە بڕوای من، هیواخوازبووم پارتی دیموکراتی کوردستان، بێگومان باسی پێش ئەو دۆخەی سلێمانی دەکەم، چونکە ئەو رووداوانە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن، هیواخوازبووم پارتی رەچاوی ئەو دۆخە دەروونییەی یەکێتی بکردایە. 
 
رووداو: بۆچی؟ 
 
مەلا بەختیار: چونکە پێمگوتی ئەو دۆخە دەروونیە بووە گرێ لەلای یەکێتی، گرێی پۆست و گرێی هاوسەنگی بەڕێوەبردن و دەسەڵات لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی، کەواتە چۆن ئەو گرێیە دەکرێتەوە و باشتر دەبێ؟
 
رووداو: لەوباوەڕەدای هاوکاری پارتی بۆ کردنەوەی ئەو گرێکوێرەیە دەیتوانی چی بگۆڕێت؟ 
 
مەلا بەختیار: کردنەوەی ئەو گرێکوێرەیە هاوسەنگیییە لە چی دا لە نووسینی دەستوور، لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە، یەکخستنی دارایی، یەکخستنی جوگرافیای کوردستان، هەموو ئەمانە یەک پاکێجن ،دەچێتە سەر هەموو پرسە سەرەکییە مێژووییەکان و ناوەستێتە سەر ئەوەی چ پۆستێک بدەین و کامیان نەدەین، جگە لە پۆست رێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر واژۆ دەکەن، بە ئامادەیی حیزبەکان بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکان و باسکردنی ئەوەی لە ماوەی 33 ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ چ کراوە؟ عێراق چۆن دەستووریان نووسی؟ دوو ساڵ دوای رووخانی سەدام. 
 
رووداو: بەڵام خولەکێک، کوا دەستووری عێراق؟ 
 
مەلا بەختیار: دەبێ بنووسرێتەوە.
 
رووداو: ئایا عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە؟
 
مەلا بەختیار: هەیە یان نا؟ لانی کەم کێشەیەکیان تووش دەبێ دەگەڕێنەوە بۆ ماددە دەستوورییەکان ناڵێم هەمووی بەڵام هەندێکیان، ئێ با دانەیەکی وامان هەبێ، هەندێکی جێبەجێ بکەین. 
 
رووداو: کێ ئاستەنگ بۆ نووسینی دەستوور دروست دەکات؟ 
 
مەلا بەختیار: من کاتی خۆی لە پەرلەمان بووم، ئەوکات دۆخەکە لەبار نەبوو بۆ نووسینی دەستوور، بەڵام لەدوای 2003وە تاوەکو ئێستا ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن لەراستیدا لاوەکین.
 
رووداو: رەشنووسێکی دەستووریش هەیە؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ هەیە، دوو پڕۆژەی دەستوور هەیە نەک تەنیا دانەیەک، نووسینی دەستوور بڕیارێکی سیاسی نیشتمانی دەوێ، بێ بوونی سازانێکی سیاسی نیشتمانی ئەستەمە دەستوور بنووسرێت.
 
رووداو: ئاستەنگ هەیە بێگومان بۆ نووسینی؟ 
 
مەلابەختیار: بەڵێ ئاستەنگ هەیە، بەڵام هەردوو حیزبە سیاسییەکە دەبێ روانگەیەکی سیاسیان بۆ عێراق و کوردستان و ناوچەکە هەبێ، بۆ ئەوەی دڵنیاییەک هەبێ بۆ داهاتووی ئەو نەتەوەیە، ئێمە وەکو نەتەوەی کورد نزیکەی 50 ملیۆن کەسین، تاکە هیوای ئەو نەتەوەیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوونی هەرێمی کوردستانە، گونجاوە هیچمان نەبێ کە نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچە هیوای هەڵچنیوە لەسەرمان، لەو ناوچەیە چوار نەتەوەی سەرەکی هەن، فارس دەوڵەتی خۆیان هەیە، تورک بە هەمان شێوە، عەرەب دەوڵەتی خۆیان هەیە، ئێمەی کورد لەو هەرێمە بچووکەش نەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین. 
 
رووداو: لەنێو نەتەوەی کورد سیمبولێک هەیە، کەسێكی دانا هەیە، سەرۆک مەسعود بارزانی، کورد باوەڕیان پێیەتی لە مێژووەوە تاوەکو ئێستا، سەرەڕای ئەوە نەتوانراوە رێککەوتن لە دەوری ئەو هێمایە بۆ چارەسەری کێشەکان، لانی کەم کورد لە عێراق لە سەرەتادا؟ 
 
مەلا بەختیار: کۆچی دوایی مام جەلال، کاریگەری نەرێنی زۆر زۆری هەبوو بۆ چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی کە ئێستا بەرۆکی گرتووین، ئەوە یەکەم، دووەمیان ئێمە بێ نووسینی دەستوور تاهەتەیانە ناتوانین پرسە ستراتیجییەکان چارەسەر بکەین، ئەگەر گرووپی چەکداری دەرچوو هەڵنەوەشێنینەوە ناتوانین.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ لە هەرێم، نەنووسینەوەی دەستوور، بوونی گرووپی چەکدار، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم دەرچوونە لە قۆناخی رابردوو بۆ داهاتوو.
 
رووداو: چەندین ساڵ پێش ئێستا دیدارم هەبوو لەگەڵ سیاسەتڤانێکی گەورەی کورد ، دەیگوت ئەم ساڵ پاش شەش مانگی دیکە پێشمەرگە یەکدەخرێت؟ 
 
مەلا بەختیار: من هیچ گۆڕانکارییەک نابینم، نازانم ئەو قسەیە لە کوێ هاتووە؟ من دەبینم نە دەستوور نووسراوە نە پێشمەرگەش یەکخراوە. 
 
رووداو: ئایا یەکخستنی پێشمەرگە ئاڵۆزبووە؟ 
 
مەلا بەختیار: بۆچی ئاڵۆزە یەکخستنی پێشمەرگە، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان بۆ دڵنیایی هەر نەتەوەیەک لە جیهاندا، پشتیوانی هێزێکی چەکداری یەکگرتووە لەگەڵ سنوور، ئەوە ئەزموونی مێژوو لە هەموو وڵاتان، تەنیا لە چەند وڵاتێكی ئەفریقی گرووپی چەکدار ماون، لە کوێ ماوە؟ 
 
رووداو: لە ناوچەی دیکە نییە؟
 
مەلا بەختیار: تەنیا لە هەندێک شوێنی وەکو سۆماڵ و چەند شوێنێک، ئەورووپا هەمووی یەکگرتووە، ئەمریکای لاتینی هەمووی یەکگرتووە، وڵاتانی ئاسیا بە هەمان شێوە، هەموویان خەریکی پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان، ئەوە نەماوە کێ چەند چەکی هەیە و چەند زرێپۆشی هەیە. 
 
رووداو: ئایا چەک لێرە كێشە چارەسەر دەکات یان؟
 
مەلا بەختیار: چەک کێشە چارەسەر ناکات، بەڵکو چارەسەری کێشە ئاڵۆز دەکات. 
 
رووداو: من باسی بۆچوونی تۆ ناکەم، بۆچوونی تۆ دەزانم کەسێکی رۆشنبیری، بەڵام بۆچوونی سەرکردەکان لە کورد، لە سلێمانی؟ 
 
مەلا بەختیار: بەڵێ؟ 
 
رووداو: واتە رۆڵ درایە چەک بۆ ئەوەی روویدا 
 
مەلا بەختیار: ئەگەر چەک نەبووایە زۆر کێشە رووینەدەدا ، ئەگەر گرووپی چەکدار نەبووایە زۆر لەو کێشانە دروستنەدەبوون، کێ رەخنەی هەیە با بیگرێت، کێ دەنووسێ با بنووسێ، داوایان هەیە بە هەمان شێوە، بەڵام ئەگەر هێزی چەکدارت هەبێ و بۆچوونی خۆت بسەپێنی، سیاسەت و بڕیارت بسەپێنی، ئەوە لە هەموو کوردستانیش هەیە باسی دەکەم. 
 
رووداو: دوایین پرسیارم بەڕێز مەلا بەختیار ، چاوەڕێی چی دەکەی بۆ لە داهاتوویەکی نزیک بۆ دۆخی سلێمانی و یەکێتی؟ 
 
مەلا بەختیار:  بە بۆچوونی من دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر وابەستەیە بە دۆخی هەموو ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕانکارییەکان لەو ناوچەیەی لێی دەژین، ئێمە ناتوانین خۆمان لەو دۆخە جیا بکەینەوە، بەتایبەت لە چارەسەرکردنی  کێشەکانی هەولێر و بەغدا، چارەسەری کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، ئێستا ئێمە وامانلێهاتووە بەشێکی لەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا هەن، لەنێو ئەو دۆخەداین، بۆیە لە ئێستاوە تاوەکو دوای هەڵبژاردن دۆخەکە بەمشێوەیە دەبێ، نە ئاشتی و نە شەڕ، نە هەڵبژاردنی ئازاد و نە دڵنیایی سیاسی، نە پێکهێنانی حکومەت بەمشێوەیەی پێویستە، تەنانەت پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بچینە دوای هەڵبژاردن دڵنیام دۆخەکە دەگۆڕێت. 
 
رووداو: چاوەڕێ دەکەی دۆخی سلێمانی تێکبچێت؟ 
 
مەلا بەختیار: بە تەنیا بۆ سلێمانی نا، پاش ئەو رووداوە ناخهەژێنەی روویدا، دۆخی سلێمانی ئارام دەبێتەوە، من بەشێوەیەکی فراوانتر باسی پرسەکانت بۆ دەکەم، گەرەنتی بۆ ئێمە چیییە دیسان نەکەوینە نێو جەنگێکی دیکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، گەرەنتی بۆ ئێمە چییە ئەگەر ئەمریکا هێرشیکردە سەر هەر هێزێک لەو هێزانەی لە عێراق هەن، گەرەنتی چییە ئەگەر جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و سووریا رووبدات، گەرەنتی بۆ هەرێم چییە، ئێمە گەرەنتیمان نییە، بۆیە ئێمە لەنێو ئەو دۆخەداین بە ئەرێنی و نەرێنییەوە.  
 
رووداو: بەڕێز مەلا بەختیار، سیاسەتڤان و رۆشنبیری دیار سوپاس بۆ ئەو دیدارە راشکاوانە کە لانی کەم گەیشتینە ئەوەی بینەران بزانن چ دەگوزەرێت.
 
مەلا بەختیار: قۆناخەکانی راشکاویی سیاسی گەمژەییە.
 
رووداو: بینەرانی رووداوی عەرەبی سوپاس بۆ ئێوەش بە هیوای دیدار.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا

نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا بۆ رووداو: لە نزیکترین کاتدا سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەم

میخائیل ئۆنماخت، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر سووریا، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر دەستوورێکی نوێ دەبێت رەنگدانەوەی ویستی هەموو پێکهاتەکان بێت و زمان و کولتووری کوردی بە سامانێکی نیشتمانی وەسف دەکات