پشکنەرێکی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەنێونەبراوە

30-06-2025
شەهیان تەحسین
شەهیان تەحسین @Shahyan_Tahseen
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یوسری ئەبو شادی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یوسری ئەبو شادی
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پشکنەرێکی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گومانی هەیە ئێران ئەو بنکانە دروست بکاتەوە کە بۆردوومان کراون. دەشڵێت، ئێران دەتوانێت لە شوێنی نەناسراو و شاراوە لە ماوەی کەمی داهاتوودا، درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات.
 
یوسری ئەبو شادی کە یەکێک بووە لە گەورە پشکنەرەکانی ئاژانسەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، "بەگوێرەی خەمڵاندنەکان بنکەی ئەسفەهان وێران کراوە، چونکە زۆربەی ئامێرەکانی لەسەر زەوی بوون، بنکەی نەتەنزیش گومانم هەیە لەوەی هەمووی پێکرابێت، رەنگە بنکەی فۆردۆش بە هێرشی ئەمریکی تێکشکێنرابێت، بەڵام دڵنیایی تەواو بۆ ئەوە نییە."
 
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئێران ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت لە ماوەی کەمدا بگاتە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئاستی 90٪ یاخود نا؟ ئەو پشکنەرە پێشووەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم گوتی، "بەدڵنیاییەوە دەتوانێت، چونکە بێگومان یەکەی دیکەی پیتاندنی هەیە و رەنگە زیاتریشی دروست کردبێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ یوسری ئەبو شادی:
 
رووداو: وەک شارەزا و پشکنەرێکی پێشووی وزەی ئەتۆم، پێتوایە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوەکو چ رادەیەک زیانیان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گەیاندووە؟
 
یوسری ئەبو شادی: راستییەکەی هێرشەکان بەرنامەی ئێستایان بۆ ماوەیەک راگرت، چونکە راستەوخۆ لەو بنکە ئاشکرایانەیان دا کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێراندا پشکنینی بۆ دەکردن، واتە بنکەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان. بۆیە، بێگومان بەرنامەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام لەنێونەبراوە. چونکە ئێران زیاتر لە 23 هەزار یەکەی پیتاندنی (سانترفیوج) دروست کردووە. تەنیا لە فۆردۆ 3 هەزار یەکە هەیە، ئەگەریش وا دابنێین ئەو سێ هەزارە لەنێوبراون، هێشتا نزیکەی 15 بۆ 16 هەزار یەکەی دیکەی ماون. ئەمانە هێشتا لەنێو نەبراون و باوەڕ ناکەم بە تەواوی تێکشکێنرابن، چونکە بنکەی نەتەنز کە 80 مەتر لەژێر زەوییە، هەرچەندە میدیا و ئەمریکییەکان زۆر گرنگییان پێنەدا، بەڵام ئێران گورزێکی گەورەی لە ئەسفەهان بەرکەوت، کە سەرچاوەی سەرەکیی پەرەپێدانی پرۆسەی پیتاندنە. لەوێ یۆرانیۆمی گازیی دروست دەکرێت و پاشان بۆ پیتاندن رەوانەی نەتەنز و فۆردۆ دەکرێت. ئەم سەرچاوەیە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.
 
سەبارەت بە پرسیارەکەتان کە ئایا ئێران هێشتا توانای هەیە، وەڵامەکەی بەڵێیە؛ توانای هەیە، چونکە پێشتر نزیکەی 500 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60% هەبوو. هەروەها 10 تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی نێوان 2% بۆ 20% هەیە، کە دەتوانرێت دەستبەجێ بەکاربهێنرێت.
 
رووداو: ئێران چەند کاتی دەوێت تاوەکو بنکە ئەتۆمییەکانی چاکبکاتەوە؟
 
یوسری ئەبو شادی: گومانم هەیە ئێران ئەو بنکانە دروست بکاتەوە کە بۆردوومان کراون، چونکە ئێران، لە سەرەتای شەڕەکەوە، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی و پشکنەرەکانیدا کۆتایی پێهێناوە. لەم رۆژانەش بڕیاریان دا هاوکاری لەگەڵ ئاژانسدا نەکەن و رێگەش نەدەن بەڕێوەبەرەکەی بچێتە ناو خاکی ئێرانەوە. مانای ئەمە ئەوەیە کە بنکە ئەتۆمییە ناسراوەکان، ئاژانس باش دەزانێت لە کوێن، لە ئەنجامیشدا ئیسرائیل و ئەمریکاش دەیزانن. دووبارە دروستکردنەوەیان، من لەمە بە گومانم. ئێران خاوەنی چەندین شوێنی ژێرزەوینییە کە کەس هیچی لەبارەیانەوە نازانێت. ئەگەر سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە، دەیان کارگەی هەیە کە دەتوانن یەکەی نوێی پیتاندن دروست بکەن. واتە، روو دەکاتە ئەو بنکانەی کە بۆ هەموو لایەک نەناسراون. ئاژانسیش ناتوانێت پشکنینیان بۆ بکات و بەم شێوەیە ئێران دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا، کە رەنگە تەنیا چەند مانگێک بێت، بگەڕێتەوە سەر دۆخی پێشووی خۆی. بەڵام ئێران دەتوانێت سوود لەو ماددانە وەربگرێت کە لەبەردەستیدایە و توانیویەتی لە گورزەکان رزگاریان بکات. وەک رایانگەیاند، گواستراونەتەوە بۆ شوێنی ئارام، بەتایبەتی ئەو 500 کیلۆگرامە یۆرانیۆمەی بە رێژەی 60% پیتێنراوە، کە ئامادەیە و دەتوانێت راستەوخۆ کاری پێبکات.
 
رووداو: ترەمپ گوتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان سڕییەوە، بەڕای تۆ ئەوە راستە؟
 
یوسری ئەبو شادی: بێگومان راپۆرتێکی بێناوەڕۆکە و پڕە لە خۆبەزلزانییەکی گەورەی ئەمریکی. زۆر بە روونی، چاوەڕوان ناکرێت ئێران ئەوەندە بێئاگا بێت و سەیری سیناریۆی رووداوەکان بکات کە چۆن پێشدەکەوێت؛ لەوەتەی راپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس لە 31ی ئایار کە پڕ بوو لە تۆمەتی بە سیاسیکراو، سەیر و ئاشکرا، تاوەکو بڕیاری ئەنجوومەنی بەڕێوەبەران بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران لەسەر بابەتگەلێکی سادە و بێ بنەما، تاوەکو دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل. هەموو ئەمانە لە ماوەی 12 کاژێردا لە نێوان بڕیارەکەی ئاژانس و هێرشەکەی ئیسرائیلدا روویاندا. ئایا لۆژیکییە ئێران دەستەوئەژنۆ دابنیشێت و سەیری ئەم سیناریۆیە بکات تاوەکو هێرشی دەکرێتە سەر، بەتایبەتی سەبارەت بەو 500 کیلۆگرامە یۆرانیۆمەی کە بە پلەیەکی بەرز پیتێنراوە؟ ئەم بڕە بە ئاسانی دەگوازرێتەوە.
 
رووداو: ئایا راپۆرتی ئاژانسەکە لە پێش هێرشەکە لەسەر بنەمای زانیاری پشکنەرانی ئاژانسەکەیە، یاخود زانیاری وڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا کار دەکاتە سەر راپۆرتی ئاژانسەکە لەسەر ئێران؟
 
یوسری ئەبو شادی: بێگومان راپۆرتێکی بە سیاسیکراوە، چونکە هەرکەسێک بە تێگەیشتنێکی تەکنیکییەوە بیخوێنێتەوە پێی پێدەکەنێت. پشت بە شتانێک دەبەستێت کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 2003. هەموو ئەو بەڵگانەی ئێرانی پێ تۆمەتبار دەکرێت، پەیوەستن بە بنکە کۆنەکانەوە کە لە ساڵی 2003دا هەواڵگریی ئەمریکا گومانی دەکرد بۆ بەرنامەی سەربازی بەکاربهێنرێن. لە کانوونی یەکەمی 2015دا، ئاژانس راپۆرتەکەی خۆی بڵاوکردەوە و گوتی هەموو کێشە کۆن و نوێیەکانی لەگەڵ ئێراندا کۆتایی پێهاتووە و ئێران لە هەر بەرنامەیەکی سەربازی پاکە. ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی رێککەوتننامەی 2015 بوو لەگەڵ گروپی 5+1. لەناکاو، دوای ئەو هەموو ساڵە و دوای ئەو هەموو هاوکارییە گەورەیەی ئێران کە بەپێی ئامارەکان بووەتە ئەو وڵاتەی زۆرترین چاودێری دەکرێت، تەنانەت لە ژاپۆن، ئەڵمانیا و کەنەداش زیاتر، ئەم راپۆرتە دەردەکەوێت. ئەمە مانای وایە راپۆرتەکە بە تەواوی بەسیاسیکرابوو.
 
رووداو: ئێران رایگەیاند کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بێلایەن نییە و هاوکاری لەگەڵ راگرت، ئایا ئەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت؟
 
یوسری ئەبو شادی: نەخێر، بابەتەکە لەمە خێراتر پێشدەکەوێت، چونکە چاوەڕێ ناکەن. چیرۆکی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئێران بە قەدەخەکردنی پشکنەران و بەڕێوەبەری ئاژانس، قەدەخەکردنی چاودێری لەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکات. بۆیە دەبێت دۆسیەی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بنێردرێت تاوەکو سزا دەربکات. ئایا ئێران چاوەڕێی هەموو ئەمانە دەکات و ئەو سیناریۆیە دەزانێت؟ بڕیارێک لە پەرلەمانی ئێرانەوە هەیە کە لە کاتێکدا ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە گونجاوی بزانێت، لە پەیماننامەکە بکشێتەوە. پێشبینیی من ئەوەیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە ئەمڕۆ یان سبەی، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەران و ئاژانس بڕیاری سەرکۆنەکردن و ناردنی دۆسیەکەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەردەکەن. لەم دۆخەدا، ناڕەزایەتییەکان زۆر نابن، چونکە بەڕاستی پێشێلکاری دەکات. بەڵام ئەوەی لەمە گرنگترە ئەوەیە کە ئێران رەنگە لە پەیماننامەکە بکشێتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چالاکی و بنکە ئەتۆمییەکانی رانەگەیەنێت و کەس هیچی لەبارەیەوە نازانێت؛ وەک ئەو سیناریۆیەی پێشتر لە کۆریای باکوور روویدا و وەک دۆخی ئێستای ئیسرائیل، کە کەس پشکنینی بۆ ناکات.
 
رووداو: ئێوە پێشبینی دەکەن و پێتانوایە ئیسرائیلیش خاوەنی چەکی ئەتۆم بێت؟
 
یوسری ئەبو شادی: بێگومان ئیسرائیل لە ساڵانی پەنجاکانەوە خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازییە؛ لەو کاتەوەی بنکەی دیمۆنایان لە ساڵی 1958 بە یارمەتیی فەڕەنسا دروست کرد. لە ساڵی 1964دا دەستی بەکارکرد و لە ساڵی 1967دا یەکەم بۆمبی خۆی دروست کرد. لە ساڵی 1973دا، دوای دەستپێکردنی شکستەکەی لە میسر و سووریا، 11 فڕۆکەی فانتۆمی بارکراو بە بۆمبی ئەتۆمی ئامادە کرد. کەواتە، ئیسرائیل خاوەنی دەیان ئەگەر سەدانیش نەبێت، بۆمبی ئەتۆمییە، چ بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی دیمۆناوە بێت، یان لە کارگەکانی پیتاندن و بنکەکانی دیکەوە کە کەس هیچی لەبارەیانەوە نازانێت و کەس پشکنینیان بۆ ناکات. بێگومان، ئیسرائیل تاکە دەوڵەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاوەنی ئەم چەکانەیە.
 
رووداو: بۆچی ئیسرائیل ئاشکرای ناکات و چاودێری ناکرێت؟
 
یوسری ئەبو شادی: بەخوا، ئەمە رێککەوتنێک بوو لە نێوان ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا، جۆنسن، دوای کوژرانی سەرۆک کەنەدی، کە پرسیاری زۆری لەسەرە. چونکە سەرۆک کەنەدی بە تەواوی کەوتبووە گومانەوە کە بنکەی دیمۆنا بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت و ئەو ئەم شێوازەی قبووڵ نەدەکرد. بەهەرحاڵ، دوای کوژرانی کەنەدی، جۆنسن هات و رێککەوتنی ئەمریکی-ئیسرائیلی ئەوە بوو کە ئەم بابەتە ئاشکرا نەکرێت. بەڵام ئەمڕۆ، هیچ دەوڵەت و کەسێک لە جیهاندا نییە باوەڕی وا نەبێت کە ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمییە. بێگومان هەیەتی و زۆریشی هەیە. ئەم دواییە لە غەززە، یەکێک لە وەزیرەکان گوتی: "خۆزگە بۆمبی ئەتۆمیمان بەکارهێنابا و هەموو غەززەمان پاک کردبایەوە، لەبری ئەم هەوڵە گەورەیە و ئەو زیانانەی دەیبینین." بۆیە، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەگەرێکی کراوەیە؛ ئەی پێشتر لە هێرۆشیما و ناگازاکی بەکارنەهێنراوە؟
 
رووداو: ئایا وەک پشکنەرێک پێشتر سەردانی وێستگەی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆت کردوون؟ 
 
یوسری ئەبو شادی: بەڵێ، من چوومەتە ئێران و لە نزیکەوە بەدواداچوونم کردووە، ئەو کاتە من بەرپرسی هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی چاودێری بووم. رەنگە زیانەکان گەورە بن.
 
رووداو: بەڕای ئێوە ئەو وێستگانە دەکرێت چەند زیانیان بەرکەوتبێت؟
 
یوسری ئەبو شادی: بەپێی خەمڵاندنی من، ئەسفەهان وێران کراوە و زۆربەی کارگە و بنکەکانی لەنێوبراون، چونکە زۆربەیان لەسەر زەوی بوون. رەنگە بنکەی فۆردۆ بە هێرشی ئەمریکی تێکشکێنرابێت، بەڵام دڵنیایی بۆ ئەوە نییە، فۆردۆ 3 هەزار یەکەی پیتاندن لە کۆی 23 هەزار یەکە لەخۆدەگرێت. بنکەی نەتەنزی سەرزەوی رووخێنراوە، بەڵام ئەوەی ژێرزەوی، کە زۆربەی یەکەکان، لەوانەیە 16-17 هەزار یەکە بێت لەخۆدەگرێت، گومانم هەیە لەوەی هەمووی پێکرابێت. بەڵام ئەوەی لە هەموو ئەمانە گرنگترە ماددە ئەتۆمییەکانە. وەک گوتم، ئەو 500 کیلۆگرامە. بەنزیکەیی دڵنیایی هەیە کە گواستراونەتەوە. سەبارەت بە 10 تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی دیکە، گومان هەیە ئێران هەمووی گواستبێتەوە، بەڵام بێگومان بەشێکی گواستووەتەوە. کەم تاوەکو زۆر ئەمە قەبارەی زیانەکانە.
 
رووداو: وەک شارەزایەک لەو باوەڕەدان ئێران ئەگەر بیەوێت دەتوانێت لە ماوەی کەمدا بگاتە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئاستی ٪90؟
 
یوسری ئەبو شادی: بەڵێ، دەتوانێت، چونکە بێگومان یەکەی دیکەی پیتاندنی هەیە و رەنگە زیاتریشی دروست کردبێت، چونکە دەوڵەت ناچار نییە دروستکردنی ئەم یەکانە رابگەیەنێت ئەگەر ماددەی ئەتۆمییان تێدا نەبێت. ئەوەی لەمە گرنگترە، دەتوانێت هەمان یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتێنراو بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاربهێنێت، بەڵام قەبارەکەیان کەمێک گەورەتر، کێشیان زیاتر و هێزی وێرانکەرییان لاوازتر دەبێت. بەڵام ئەگەر چارەیەکی دیکەی نەمێنێت، دەتوانێت ئەم کارە بکات، شتێکی قورس نییە.
 
رووداو: ئێران ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەتەنیا و بەبێ هاوکاری رووسیا بۆمبی ئەتۆم دروست بکات ؟
 
یوسری ئەبو شادی: بەخوا، ئەو قسەیەی دەڵێت دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی شتێکی قورسە... کۆریای باکوور چەندین بۆمبی دروست کرد، ئەفریقای باشوور دروستی کرد، ئیسرائیلیش سەدانی دروست کرد. کەواتە، تەکنەلۆژیاکە قورس نییە، تەکنەلۆژیا هەیە و دیزاینکردنیشی ئەستەم نییە. ئەگەر سەدام پەلەی نەکردایە، عێراقیش زۆر نزیک بوو لە دروستکردنی. دیزاینکردنی بۆمب شتێکی ئەستەم نییە، ئەوەی بەڕاستی قورسە ئەو ماددەیەیە کە لێی دروست دەکرێت، واتە یۆرانیۆمی بە پلەیەکی بەرز پیتێنراو یان پلۆتۆنیۆم. ئەوەی پێویستە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا

جەم ئۆزدەمیر بۆ رووداو: تێناگەم بۆچی ئێزدییەکان دیپۆرت دەکرێنەوە و نەتەوەپەرستەکان دەمێننەوە

جەم ئۆزدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری پارتی سەوزەکان و وەزیری پێشوو لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە شتوتگارتەوە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی پەیام ئاراستەی کورد دەکات و بەشداریکردنی لە کۆنسێرتە خێرخوازییەکەدا بە "دەربڕینی رێز بۆ قوربانیانی دەستی داعش" ناودەبات.