رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە مێرگەپان کچ و باوکێک لە ماڵێکدا خنکان، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی غازی ماڵانەوە بووە و لەکاتی خەوتندا بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە خنکاون.
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باوکەکە تەمەنی 37 ساڵانە و کچەکەی تەمەنی 10 ساڵانە. ئەوان لە باخێک بوون لە مێرگەپان و لەنێو ماڵەکەیاندا غازەکەیان لێیچووە، بەوهۆیەوە کاتێک لە خەودابوون، گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو دایک و باوکی ئەو کچە کە ناوی "رۆزی"ـیە لە یەکدی جیابوونەتەوە و منداڵەکە لەگەڵ دایکیدا ژیاوە، بەڵام هەفتەی جارێک باوکی بینیوە. شەوی رابردووش کە پێنجشەممە بووە و هاوکات بوو لەگەڵ سەری ساڵی زایینی، چووە باوکی ببینێت.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی 1-1-2021 ئاشکرا بووە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەكانی بەڵگەی تاوان و پۆلیسی دووكان چوونەتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان كردووە و "هیچ شوێنەوارێكی تاوانی كوشتن بە تەرمەكانەوە نەبینراوە، تەنها گومانی خنكانیان بە غاز هەبووە."
تەرمی ئەو کچ و باوکە رەوانەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی کران و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە و بڕیارە لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بە خاکبسپێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ