سوننە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبنەوە؛ حەلبوسی و سامەڕایی بەربژێرن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان، کە بە گوتەی بەرپرسی یەکێک لە لایەنە سوننەکان، حەلبوسی و سامەڕایی بەربژێرن. لایەنە براوەکانی ئەو پێکهاتەیە لەسەر هاوکێشەیەک بۆ دابەشکاریی پۆستەکانی حکومەتی داهاتوو رێککەوتوون.
 
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم کە یەکێکە لە رێگەپێدراوانی لایەنە سوننەکان بۆ لێدواندان بۆ میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە ماڵی سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسم دەبێت، بەڵام رۆژەکەی دیاری نەکراوە.
 
ئەو هەنگاوەی سوننەکان لەکاتێکدایە 10 رۆژ لەبەردەمیاندا ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان، بەوپێیەی مەرسوومی سەرۆککۆماری عێراق رۆژی 29ی کانوونی دووەمی دیاری کردووە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، کە تێیدا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
 
عەزام حەمدانی رایگەیاند، بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان یەکلا نەکراوەتەوە و دوو بەربژێر هەن، کە محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم و موسەننا سامەرایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمن، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکرێت، پێش ئەوەی دواتر بخرێتە بەردەم لایەنەکانی دیکە.
 
ئەو ئەنجوومەنە لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت و زیاتر لە 70 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو هێزە سوننەکانەوە دەستی کەوتووە، رێککەوتنی بەرایی نێوانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان وایە، لەسەر بنەمای خاڵ بێت، کە پشتی بەستووە بە ژمارەی کورسیی هەر یەک لەو لایەنانە.
 
رێککەوتنەکە وایە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەر یەکێک لە لایەنەکانی تەقەدوم و عەزم بکەوێت؛ ئەگەر هاوپەیمانیی تەقەدوم پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، پشکی لە وەزارەتەکانی حکومەتی داهاتوو یەک وەزارەت دەبێت و ئەگەر ئەو پۆستەی نەبێت دوو وەزارەت وەردەگرێت. ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێتە هاوپەیمانیی عەزم، وەزارەتێکیش وەردەگرن بەبێ وەزارەتی سیادی کە بۆ تەقەدوم بەجێدەهێڵرێت.
 
سوننەکان داوای شەش وەزارەت لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن کە بەسەر لایەنە براوەکاندا دابەش بکرێت، هەریەک لە هاوپەیمانیی سەروەری و حەسم وەزارەتێکیان پێدەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە