رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، بەهۆی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هەلەکانی وەبەرهێنان، قەبارەی وەبەرهێنان لە پارێزگاکەدا گەیشتووەتە 200 تریلیۆن تمەن و جەختیشیکردەوە، ئەمە گەشەسەندنی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار لە پارێزگاکە خێراتر دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 18-12-2025، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ لەکاتی سەردانێکیدا بۆ شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بە دەرئەنجامە ئابوورییەکانی کۆنفرانسی هەلەکانی وەبەرهێنان کرد و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا قەبارەی وەبەرهێنان لە پارێزگای ورمێ 200 تریلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە."
پارێزگاری ورمێ تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەو کۆنفرانسە و گوتی: "ئەو کۆنفرانسە تەنیا رووداوێکی کاتی نەبوو، بەڵکو توانی روانگەی بەرپرسان و وەبەرهێنەران بەرەو هاوکاری و پشتیوانیی پراکتیکی بۆ خۆشگوزەرانیی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار بگۆڕێت."
رەزا رەحمانی باسی لەوەش کرد کە تەنیا راکێشانی وەبەرهێنەران ئامانج نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی جیدی کار لەسەر دابینکردنی ژێرخانی پێویست دەکرێت؛ لەوانەش: ئاو، کارەبا، گاز، هێڵی ئاسن و فڕۆکەخانەکان، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکان گونجاو بێت.
بە گوتەی پارێزگاری ورمێ، پێویستە حکومەت پاڵپشتیی تەواوی ئەو وەبەرهێنەرانە بکات، کە توانای رەخساندنی هەلی کار و زیادکردنی داهاتیان هەیە. داواشی لە دامودەزگە پەیوەندیدارەکان کرد پێشەنگ بن لە لابردنی ئاستەنگ و کێشە کارگێڕییەکانی بەردەم وەبەرهێنەران.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هەلەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای ورمێ، رۆژی 12-05-2025 بە بەشداریی دەیان وەبەرهێنەری نێوخۆیی و بیانی لە شاری ورمێ بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی ناساندنی تواناکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە کەرتە جیاوازەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ