رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى ئەمنیى سلێمانى بڕیاریدا بە داخستنى گۆڕەپانى ماتۆڕسکیلەکانى هوانە و لە رۆژى هەینى داهاتووەوە پۆلیس جێبەجێى دەکات.
رووداو زانیوێتى، سکاڵاکارى ئەو 16 گەنجەى پۆلیسى سلێمانى رۆژى شەممە دەستگیرکردنى راگەیاندن، داواکارى گشتییە و تۆمەتباران تاوەکو رۆژى 3ى ئەم مانگە دەستبەسەرن.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بە رووداوی گوت، "بکەرانى ئەو کێشەیە رەنگە لە چەنجەکانى دەست تێپەڕنەکەن، بەڵام هەندێک کەس بە هاوکاریى کردنیان تێوەگلاون. مادەى یاسایی ئەوانە 413یە و بڕیاریش لاى دادوەرە کە ئایا مادەکەیان دەگۆڕێت یان هەندێکیان کە تۆمەتبارى سەرەکى نین ئیفراج بکرێن."
ئەو کچە 17 ساڵانەى رۆژى هەینى چەند گەنجێک هێرشیان کردەسەرى، تاوەکو ئێستا شوێنبزرە و سکاڵاشى لەسەر نییە. بەپێى زانیارییەکانى رووداو، ئەو کچە یوتیوبەر و تیکتۆککەرە و خەڵکى خانەقینە، ساڵێکە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکى لە سلێمانى دەژى، کەسوکارەکەى لە خانەقینەوە لەگەڵ پۆلیس قسەیان کردووە و هەردوولا چاوەڕێى ئەوەن کچەکە بدۆزنەوە و بزانن سکاڵاى لەسەر کوڕەکان هەیە یاخود دادوەر بڕیارێکى دیکە بدات.
گۆڕەپانەکە لە نێوجەرگەى خەڵک و ناوچەیەکى پیشەسازیدایە، رۆژانى هەینى کاتێک پیشەواران بۆ پشوو دووکانەکانیان دادەخەن، ئیتر کاتی ماتۆڕسکیلەکان دەستپێدەکات.
شوان سەلیم، پیشەوەرێکی ئەو ناوچە پیشەسازییەیە و دەڵێت: "من خۆم ئۆتۆمبێلەکەم وەستاندووە خۆیانی پێدادەکێشن، ماتۆڕ دەخەنە سەر یەک تایە و لە منداڵى خەڵک دەدەن."
دووکاندارەکانى ئەو ناوچەیە لەو دۆخە نیگەرانن و ماتۆڕسوارەکانیش داوا دەکەن شوێنێکى باش و گونجاو بۆ نمایشکردن دابینبکرێت. ماتۆڕسوارێک دەڵێت، "لە دەرەوەى شار شوێن زۆرە، وەک سیتەک و قەرەداخ؛ لە نزیک بازگەکان شوێنێک دابین بکەن، بە پارەش بێت و خەڵکەکەش چاودێرى بکرێت."
پێشتر چەند جارێک هێزە ئەمنییەکان، شوێنەکەیان بە گەنجەکان چۆڵکردووە، بەڵام هەر کاتێک ئاسایش و پۆلیس لەوێ نەمان، ماتۆڕسوارەکان سەردەردێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ