رووداو دیجیتاڵ
گرد و قەڵای مووتاوێی پیرانشار یەکێک لە کۆنترین شوێنە مێژووییەکانی کوردستانە، بەڵام کراوەتە زەویی کشتوکاڵی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پیرانشارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، فەرمانگەی میراتی کولتووریی پیرانشار بۆ ماوەی دوو ساڵ گردی قەڵای مووتاوێی بۆ کشتوکاڵ بە کرێ داوە. ئەوانەی بە کرێیان وەرگرتووە، شوێنی قەڵاکەیان کێڵاوە و گەنمیان لێ چاندووە.
داهاتی هەر هێکتارێک گەنم لە زەویی دێمە، ساڵانە لە 50 ملیۆن تمەن (هەزار دۆلار) کەمترە و بەپێی رووبەرەکەی، لە دوو ساڵدا داهاتی کشتوکاڵیی ئەو زەوییە ناگاتە 150 ملیۆن تمەن؛ بەڵام دەگوترێت، ئەو کەسانەی زەوییەکەیان بە کرێ گرتووە، بۆ ئەم دوو ساڵە 200 ملیۆن تمەنیان داوەتە فەرمانگەی میراتی کولتووری.
فەرمانگەی میراتی کولتووریی پیرانشار و بەڕێوەبەرایەتیی میراتی کولتووریی پارێزگای ورمێ هێشتا هۆکاری بەکرێدانی ئەو گردەیان روون نەکردووەتەوە.
رووبەری گشتیی قەڵای مووتاوێ لە کاتی خۆیدا نزیکەی 13 هێکتار بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رووبەرەکەی بچووک کراوەتەوە و بووەتە زەویی کشتوڵی و باخ. سەر تەپکی قەڵاکەش 13 بۆ 14 هەزار مەتر چوارگۆشە دەبێت.
قەڵای مووتاوێ لە چوار کیلۆمەتری پیرانشار لەسەر رێگەی سەردەشت، لەسەر گردێک دروستکراوە. ئاسەواری ژیانی 2500 ساڵە لەسەر ئەو گردە دۆزراوەتەوە و مێژووی دروستکردنی قەڵاکەش بۆ سەتەی 17ی زایینی دەگەڕێندرێتەوە.
میراتی کولتووریی ئێران ساڵی 2003 ئەو قەڵایەی وەکو ئاسەوارێکی نیشتمانی تۆمار کردووە، بەڵام لە جێگەی دابینکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی، ئێستا کراوەتەوە زەویی کشتوکاڵی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ