لە دوو گۆڕستانی کەرکووک کێلی 60 گۆڕ دەشکێندرێت

02-01-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گۆڕستانی موسەڵا و تەپە لە کەرکووک کێلی 60 گۆڕ دەشکێندرێت و چەند گۆڕێکیش شێوێنراون. بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق سکاڵای تۆمارکردووە و داوا دەکات گۆڕستانەکان بپارێزرێن.
 
کێلی 15 گۆڕیان لە گۆڕستانی موسەڵا شکاندووە و 45ـەکەی دیکە لە گۆڕستانی تەپە شکێنراون، دانیشتووانی شوێنەکەش دەڵێن، کە تاوەکو ئێستا رووداوی لەوشێوەیە رووینەداوە.
 
نەجم ئەحمەد، یەکێکە لە گۆڕهەڵکەنەکانی کەرکووک و دەڵێت: "15 بۆ 16 ساڵە لەم گۆڕستانەی موسەڵا کاردەکەم، تائێستا شتی وامان نەبینیوە، لە بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە لێرەم، کورد، عەرەب، کاکەیی و تورکمان لێرە هەن، تێکەڵاون، ئەو گۆڕە عەرەبە، ئەمانە کوردن تێکدراون، بەڵام دەست لەوانەی دیکە نەدراون."
 
لە گۆڕستانی (تەپە)ش، کورد، تورکمان و عەرەبی سنوورەکە بە خاکدەسپێردرێن، ئەو گۆڕانەشی لەم گۆڕستانە تێکدراون لە هەر سێ پێکهاتەکەن و نازانرێت کێ تێکی داون.
 
میران شێرزاد، گۆڕهەڵکەنە لە گۆڕستانی تەپە و گوتی: "ئەمە یەکەمجارە شتی وا ببینم، 25 ساڵە لێرە کار دەکەم و شتی وا نەبووە، هاتوون ئاگریان کردووەتەوە و خۆیان گەرم کردووەتەوە، ئەم گۆڕە بەم بەردە شکێنراوە، دواتر چوونەتە ئەوبەری گۆڕستانەکە و دوو سێ گۆڕی دیکەیان تێکداوە و لەوێش ئاگریان کردووەتەوە، واتا زۆر بە هێمنی کارەکەیان کردووە، هیچ ترسێکیان نەبووە، بەڵام زۆرترین گۆڕ لەم گۆڕستانە تێکدراوە."
 
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و داوا دەکات  گۆڕستانەکانی کەرکووک بپارێزرێن.
 
ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: "تاوەکو ئێستا رێکارێکی تووندی دیاریکراو نییە بۆ داڕشتنی یاسای پاراستنی گۆڕستانەکان، لە هەموو وڵاتان گۆڕستانێکی تایبەت هەیە، ناهێڵن کەسێک لەوێ بنێژرێت کە ناسراو و خەڵکی ئەو شوێنە نەبێت و بنەچە و شوناسی دیار نەبێت."
 
هەموو گۆڕەکان لە یەک کاتدا و بەبێ جیاکاری تێکدراون و هێشتا هیچ کەسێک لەسەر ئەو کارە دەستگیرنەکراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە نووری عوسمان دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.