رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری کۆچی دوایی زانایانی ئایینی لە ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2025دا 46 زانا و مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان کۆچی دواییان کردووە.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو زانایانەی لە ساڵی 2025دا ماڵئاواییان کردووە، "پردی پەیوەندی بوون بۆ گەیاندنی پەیامی ئایین و هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بوون کۆمەڵگە بەرەو تێگەیشتنی دروستی ئایینی ببەن."
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێت، "زانایانی ئایینی وەک مۆم وابوون کە بۆ خۆیان سوتاون تاوەکو روونی بدەنە دەوروبەریان؛ ئەوانەی قەدری ئایین دەزانن، هەمیشە بە چاوی رێزەوە سەیری زانایانیان کردووە. مردنی زانایەک بە مردنی جیهانێک دادەنرێت، چونکە ئەوان چرایەکی رۆشنن بۆ ئاین و دونیای خەڵک."
بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی زانایان جەختی لەوەش کردووەتەوە، "زانایانی ئایینی تەنیا موڵکی خۆیان نین، بەڵکو سەروەتێکی گەورەی ئایینی و نیشتمانین و میراتێکی گرانبەهای رێبازی خواناسین."
یەکێتیی زانایان داوا دەکات وەک وەفایەک بۆ کۆچکردووان، "رێز لەو زانایانە بگیرێت کە ئێستا لە ژیاندا ماون و خزمەت بە خاک و خەڵک و ئایین دەکەن."
شێرکاوەیی دووپاتی دەکاتەوە، "ئەوانەی قەدری ئەهلی زانست دەگرن، لە قووڵایی ئەو پەندە تێگەیشتوون کە دەڵێت، قەدری زێڕ لای زێڕنگرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ