رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێشمەرگە هەولێر و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستانی پاراست و داعشی تێکشکاند، ئەو پشتیوانیانەشی بۆ هێزی پێشمەرگە هاتوون نەگەیشتوونەتە 1%ی پێویستییەکانی.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی شووباتی 2021، یادی تەقینەوەکانی 1ی شوباتی هەردوو بارەگای لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کرایەوە، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و حکومی و کەسوکاری قوربانییەکان تاجە گوڵینە لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی 1ی شووبات لە هەولێر دانرا.
لە رێوڕەسمەکەدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێدوانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دا، رووداوەکەی 1ی شووباتی بە "کارەساتێکی گەورە" ناوبرد "کە ژمارەیەکی زۆر لە کادیر و فەرماندە و تێکۆشەرەکانی میللەتەکەمان لەدەستدا، لەڕاستیدا ئەو کۆمەڵە تێکۆشەرە مێژوویەکیان هەبوو لە خەباتی نەتەوەکەمان".
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی لەم دواییانەدا لەبارەی پاراستنی هەولێر کرا لە دەستی داعش، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کە ئەوکات وەزیری پێشمەرگە بوو، گوتی "بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە بوو پاراستی، لە سەرتاسەری سەنگەرەکان و پاراستنی هەولێر و رزگارکردن و پاراستنی کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکان هێزی پێشمەرگە بوو، پێشمەرگە لە گۆڕەپانەکە بە شێوەیەکی مەیدانی قوربانیی داوە و فیداکارییان کردووە".
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد "ئێمە زیاتر لە 13 هەزار شەهید و بریندار و کەمئەنداممان لە شەڕی داعشدا هەیە، سەرەتاش هیچ پشتیوانییەکمان نەبووە، لە دواییش کە پشتیوانییەکان هاتوون، ئەو پێویستییانەی کە پێویستبوون بۆ هێزەکانمان دابینبکرێن نەگەیشتوونەتە 1%ی پێویستییەکانمان، راستە بە پشتیوانیی ئەوانە توانرا داعش بە تەواوەتی تێکبشکێنین، بەڵام پارێزگاریکردنی ئەو شارانە و دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی بەهێز لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بوو، هێزی پێشمەرگە توانیی هەولێر لەو هێرشانە بپارێزێت و دووژمنان تێکبشکێنێت".
سەبارەت بە رۆڵی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، شێخ جەعفەر گوتی "جەنابی سەرۆکیش فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە هەر لە جەلەولا و سەعدیەوە تاوەکو دەگاتە شنگال، جەنابیان فەرماندەی گشتی و سەرۆکی هەرێم بوون، هەمووشمان لەژێر فەرمانی جەنابی سەرۆکدا بووین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ