رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە هایبەرد لە گومرگ بەخشراون و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو جۆرێکی دیکەی ئۆتۆمبێل کە کارەبایی تەواوە لە وەرگرتنی گومرگ ببەخشرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 1ـی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە هایبەرد لە گومرگ بەخشراوە، نووسراوشیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ جۆرێکی دیکە ئۆتۆمبێل کە کارەبایی تەواوە ئەویش لە وەرگرتنی گومرگ ببەخشرێت". ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەش هەر دەبەخشرێت، بەڵام لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئامادەبوونی وەزیرانی پلادانان، دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازیی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان، راوێژکارانی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و یاسایی و بریکاری وەزارەتی نەوت کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە پشتیوانیکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە و کارەبایی و هەڵوەشانەوەی گومرگ و باجی تۆمارکردنی سەر ئەو ئۆتۆمبێلانە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان گوتی، "ئەم ئۆتۆمبێلانە دۆستی ژینگەن، لە هەموو جیهاندا پەرە بە جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەدرێت هانی خەڵک دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بەکاربهێنن، بۆیە ئێمەش ئەوپەڕی پشتگیری ئەم بابەتە دەکەین و پشتیوانی ئەوەیش ببەخشرێن وەک پاڵپشتییەک تاوەکو خەڵک بیانکڕن".
رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگشتی لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراون.
هەروەها رۆژی 05-10-2023، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسکیل و توک توک کە ژمارەیان لەنێوان 250 - 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە.
بە گوتەی هینداوی، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل گوشارێکی زۆری بۆ سەر توانای شار و شەقامەکان دروستکردووە، بۆیە ئێستا حکومەت پلانی هەیە رێگەی بازنەیی و شەقامی نوێ دروست بکات بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەپێی پێویست بێت و هانی گواستنەوەی گشتی بدرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دوایین ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی 31-3-2023، لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 'ئامێری گواستنەوە' بە فەرمی تۆمارکراون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778یان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ