رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، دوو گوتار پێشکەشکران، سێ گفتوگۆ و پێنج پانێڵ بەڕێوەچوون، هەرێمی کوردستان، عێراق، دراوسێکانی، پرسی وزە و چەندین تەوەری دیکە، گفتوگۆی جدییان لەسەرکران، کۆڕبەندەکە لایەنە جیاوازەکانی کۆکردەوە و بە ڕاشکاویی قسەی تێدا کرا.
عادل باخەوان، لێکۆلینڤان و بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لەبارەی ئەم کۆڕبەندەوە گوتی "کۆڕبەندەکە لە چرکەساتێکی زۆر گرنگدا دەکرێت، چونکە دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بڵێی ناسکە، بۆ چوونەدەرەوە لەم دۆخە ناسکە، ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆکردنە لەگەڵ یەکدی".
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سێ تەوەر و لە پانێڵێکی تایبەتدا باسی پرسەکانی هەڵبژاردن، پرسی ئەمنی، کێشەکانی حیزبەکەی لەگەڵ پارتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، دوای تەواوبوونی قسەکانی، رای خۆی لەسەر کۆڕبەندەکە بە رووداو گوت.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گوتی "لە راستیدا (لە کۆڕبەندەکە) قسەی باشمان کرد. فۆڕوومەکە زۆر رێکوپێک بوو. سوپاسیان دەکەم مەجالیان بە ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا قسەی خۆمان بکەین و دەستی ئاشتی بکەینەوە بۆ هەڤاڵەکانمان و، داوا بکەین بە گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەربکەین".
سەکۆی کۆڕبەندەکە لایەنە ناکۆکەکانیشی کۆکردەوە، بەجۆرێک باوەش و بەخێرهاتنی گەرمیان بە تامەزرۆییەوە لەیەکدی دەکرد.
زریان رۆژهەڵاتی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێ "توانیمان دەنگ و رەنگە جیاوازەکان لێرە کۆبکەینەوە و هەولێر بکەینە شوێنێک بۆ ئەوەی تێیدا گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکرێت، سەبارەت بەو کێشە و گرفتانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەن".
کۆڕبەندەکە سێ رۆژ دەخایەنێت، پانێڵی زیاتر و گفتوگۆی راشکاوانە و میوانی تایبەتتریشی دەبێت. لە رۆژی سێیەمدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵێکی تایبەتدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ