رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی بەردەوامن و دەیانەوێت ئاسانکاریی تەواو بۆ حاجییان بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 30ی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی حاجیان بە ئاسانترین رێگە بگەیێننە سعودیە.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی گەشتەکان، گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە لە 12ی حوزەیرانەوە گەشتی حاجییان دەستپێبکات. گوتیشی، " وەک کارئاسانییەک، هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتەکانیان ئەنجام بدەن."
کاروان ستوونی باسی لەوەش کرد، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەدراوە، "بەڵام ئومێدێکی زۆر هەیە کە هەوڵەکان بگەنە ئەنجام."، راشیگەیاند، "لە ئەگەری هەر بڕیار و رێککەوتنێکی نوێ، هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەینەوە."
گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، ئامانجی ئەوان دابینکردنی "سەلامەتترین و ئاسانترین" رێگەیە بۆ ئەوەی حاجییان بەبێ ماندووبوون فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەم ساڵ 5 هەزار و 120 هاونیشتمانی ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ