رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کەسێک رۆژی سێشەممە، لە شوێنێکی چۆڵ لە گوندێکی سنووری هەولێر برای خۆی کوشتووە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت بکوژ "برای کوژراوەکەیە و دەستگیرمان کرد".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-4-2026 لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە رێککەوتی 28ی نیسان لە گوندی دووشیوانی سەر بە قەزای قوشتەپەی شاری هەولێر، لە رووداوێکی کوشتن ئاگادار کراینەوە، کە هاووڵاتییەک بەناوی (مالیک ئەنوەر ئەحمەد) پیشەی شوانی مەڕو و ماڵاتە و لە شوێنێکی چۆڵەوانی کوژراوە".
ئاسایش ئاماژە بەوە دەدات، "دەستبەجێ لە لایەن تیمی تاوانەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کرا و ناسنامەی تۆمەتباری بکوژ ئاشکراکرا کە دەکاتە برایەکی کوژراوەکە".
"دوای رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری بکوژمان دەستگیر کرد بەناوی (د. ئـ. ئـ)، لە لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەستاوە بە کوشتنی براکەی خۆی"، ئاسایش وا دەڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ