رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانیی شارە جیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ عومرە چوونەتە سعودیە و بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە گیریانخواردووە.
محەممەد کازم ئەیوب، یەکێکە لەو هاونیشتمانییانە و لە شاری مەککەی سعودیەوە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گرووپەکەی ئێمە دەبوو چەند رۆژێک پێش ئێستا بگەڕێینەوە. ئێستا بەڵێنێکمان پێدراوە کە سبەی بچینە مەدینە و فڕۆکەمان بۆ گەڕانەوە بۆ دابینبکرێ. نازانین بەو جۆرە دەبێت یان نا".
ژمارەی عومرەکارەکان بە وردی دیار نییە، بەڵام محەممەد کازم دەڵێت، لەنێوان 300 بۆ 400 کەس دەبن.
محەممەد کازم خەڵکی هەولێرە و دەڵێت، چەند گرووپێکی دیکەی عومرەکار لە سلێمانی و دهۆک هاوشێوەی ئەوان گیریانخواردووە. گوتیشی، "خەڵک هەیە پارەی پێنەماوە؛ هەیە نەخۆشی هەیە. لە هۆتێلێک بێ خزمەتگوزاری ماوینەتەوە و دۆخمان خراپە".
ئەو هاونیشتمانیانەی لە مەککە گیریانخواردووە تێیاندا هەیە کە دەبوو هەفتەیەک لەمەوبەر بگەڕێتەوە؛ هەشیانە چوار رۆژ بەسەر کاتی گەڕانەوەیەدا تێپەڕیوە.
محەممەد کازم گوتی، "گەشتی عومرە نۆ رۆژە، بەڵام خەڵک زۆر زیاتر ماوەتەوە؛ هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهانامانەوە بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ