رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی بواری شیکاری و کۆنتڕۆڵی خۆراک دەڵێت، ئاوی رووبارەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی تێکەڵبوونی زبڵ و زێرابەوە، ئەوەندە پیسبوون، "بوونەتە هۆکار بۆ تووشبوونی مرۆڤ بە چەندین نەخۆشی."
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رەنج کە رۆژی دووشەممە 29-03-2021 پێشکێشکرا، تایبەت بوو بە ژینگە و ئاوی رووبارەکان لە هەرێمی کوردستان.
رۆژانە لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار تۆن زبڵ، کە دەکاتە مانگی 210 هەزار تۆن و ساڵی دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن، زبڵ فڕێدەدرێتە نێو ژینگەوە. ئەمەش یەکێک لە کاریگەرییە خراپەکانی، ژەهراویکردنی ئاوی سەرزەوییە.
د. دارا محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بواری شیکاری و کۆنتڕۆڵی خۆراک گوتی "ئاوی خواردنەوە لەوە تێپەڕیوە کە بڵێین پسیبووە، ئەوەی کە ئاوەکە دەخواتەوە، یان خۆی پێ دەشوات، یانیش ماسیی رووبارەکان دەخوات، رەنگە تووشی چەندین نەخۆشی ببێت. جگە لە فڕێدانی زبڵ و پاشماوە، تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و زێرابیش بە ئاوی رووبارەکان، هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ئاوی سەرزەوین. ئاوی رووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا مەترسین بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، کۆلێرا، نەزۆکی، هەناو، مێشک و پێست و چەند نەخۆشییەکانی دیکە."
د. سیراج محەممەد، سەرۆکی بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانکۆی سەلاحەدین کە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەبارەی ئاوی رووبارەکانی هەرێمی کوردستان و زێی بچووک بەتایبەتی کردووە دەڵێ، ئاوی زێی بچووک، هایدرۆکاربوون کە لە 16 پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە، کادیمیۆم، قوڕقوشم، کرۆمیۆم و زینک-ی تێدایە و دەشڵێ:" پێنج توخمی جیاوازم لە ئاوەکە وەرگرتووە، بۆم دەرکەوتووە کە بە رێژەی مەترسیدار ئەو ماددانە لە ئاوەکەدا هەن، بەتایبەتی لە قووڵاییدا".
د. سیراج محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای مانگی 11ـەوە، ساڵانە نەخۆشی کۆلێرا زیاد دەبێت، ئاوی پیسیش هۆکارە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی، چونکە لەدوای ئەو مانگەوە، ئاوی ژێرەوە و سەرەوەی رووبارەکان تێکەڵدەبن.
سەرۆکی بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد، قوڕقوشمی ناو ئاوەکە کاریگەریی لەسەر دەمارەکانی مێشک دەبێت، لەناو ئێسقان و مۆخی ئێسقان کە بەرپرسیارە لە دروستکردنی خرۆکەی سوور لەو حاڵەتەشدا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن دروست دەبێت.
لە هەرێمی کوردستاندا پێنج رووباری هەن، سیروان، زێی گەورە، زێی بچووک، خابوور و ئاوەسپی، کە تێکڕای ئاوی ساڵانە نزیکەی 30 ملیار مەتر سێجایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ