120 ژن و کچی ئێزدی لە دەرەوەی وڵات بە ئۆنلاین گەواهی لەسەر تاوانەکانی داعش دەدەن

01-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ سوودمەندبوونیان لە یاسای رزگاربووانی ژن و کچانی ئێزدی و گەواهیدان لەسەر تاوانەکانی داعش تاوەکو ئێستا 120 ژن و کچی کوردی ئێزدی کە لە دەرەوەی وڵاتن، بە ئۆنلاین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە.
 
سراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر ئێزدییەک لە هەر وڵاتێک بێت دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات، لە 150 کەس کە داواکارییان پێشکێشکردووە، تاوەکو ئێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ 120یان کراوە و تەنیا 30 کەسیان ماون". 
 
رۆژی پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە نەینەواوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنان و کچانی ئێزدی کرا، کە لە دەرەوەی وڵاتن.
 
پرۆسەکە بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا/ دادگەی لێکۆڵینەوەی ئەلقوش و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق/ فەرمانگەی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی، کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.
 
پێنجشەممەی هەموو هەفتەیەک دیاریکراوە و دادوەرێک لە ئەلقوش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی ئێزدی دەکات، کە لە دەستی چەکدارانی داعش رزگاریان بووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین. 
 
چاوپێکەوتنەکان لە ئەڵمانیا و فەرەنسایە، بەگوتەی بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدیی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، ئەمانە لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی عێراق چاوپێکەوتنیان بۆ رێکدەخرێت. بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا دەژین چاوپێکەوتنیان لە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین، کۆنسووڵخانەی عێراق لە فرانکفۆرت بۆ رێکدەخرێت و لە فەرەنساش لە پاریس چاوپێکەوتنیان بۆ رێکدەخرێت.
 
رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 8ـی ژنانی رزگاربووی ئێزدی پەسندكرد. بەگوێرەی یاساکە دەبێت سەرجەم رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوو بکرێنەوە. سەراب ئیلیاس، گوتی، ئەو ژنە رزگاربووانەی دەستی داعش مووچەی مانگانەیان 800 هەزار دینارە.
 
بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق راشیگەیاند، دادوەرەکە هەموو پێنجشەممەیەک دەتوانێت چاوپێککەوتن لەگەڵ سێ بۆ پێنج کەس بکات.
 
گوتیشی: هەندێک لەو ئافرەتانەی زۆر لە دەست چەکدارانی داعش ماونەتەوە، چاوپێکەوتنەکانیان کاتێکی زۆری پێدەچێت".
 
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی 2014، داعش بە هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.