لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران: پێویستە حەقدەستی کرێکاران زیاد بکرێت

01-05-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، ''حەقدەستی کرێکاران لە ئاستی پێویستدا نییە و ناتوانن بە تەواوی بژێویی ژیانیان دابین بکەن''؛ گوتیشی، پێچەوانەی یاسا، ژمارەیەک لە کرێکاران ناچار دەکرێن زیاتر لە 8 کاژێر لە رۆژێکدا کار بکەن. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-05-2025، وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەتمان بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران نییە و تەنیا بە یاسایەکی عێراقیی ساڵی 1971 کار دەکەین.''
 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کرێکاران خرایەڕوو، بەڵام بەهۆی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانەوە راگیرا؛ وڵات ئۆزمانی گوتی، ''ئەگەر خولی شەشەمی پەرلەمان دەستبەکار بێت، یاساکە دەخرێتەوە دەنگدان و ئینشائەڵڵا پەسند دەکرێت، بۆ ئەوەی کرێکاران لە رێگەی یاساکەوە بە مافی خۆیان بگەن.''
 
لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر کاژێرێک کارکردنی کرێکاران، دوو هەزار و 500 دینار دیاریکراوە. سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان داوای زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران دەکات و دەڵێت، ''پێشتر زۆر باشتر بوو، بەڵام لەدوای هاتنی ئاوارەکان، شەڕی داعش و کۆرۆنا، هەلی کار و حەقدەستی کرێکاران کەمیکرد.''
 
وڵات ئۆزمانی پێیوایە هێشتا حەقدەستی کرێکاران لە ئاستی پێویستدا نییە و ناتوان بە تەواوی بژێویی ژیانیان دابین بکەن. ئەگەر رۆژێک کار نەکەن، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانیان دەبێت.
 
بەشێک لە خاوەنکاران پابەندی کاژێرەکانی کار نابن و کرێکاران ناچار دەکەن هەفتانە زیاتر لە 48 کاژێر کار بکەن. سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، دەڵێت، ئەمە ''پێشلکاریی یاسا''ـیە و پێویستە بە جێبەجێکردنی یاسا رێگری لێبکرێت.
 
رۆژی یەکی ئایار، بە رۆژی جیهانیی کرێکاران دیاریکراوە و ساڵانە لە زۆربەی وڵاتان بەم بۆنەیەوە دەکرێتە پشوو.
 
بەگوێرەی ئاماری لقەکانی سەندیکای کرێکاران لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەم ساڵ هەشت کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە چواریان لە سلێمانی، سێ لە دهۆک و مردنی یەک کرێکاریش لە هەولێر تۆمارکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.