بە فێڵێک لە فەیسبووکەوە نزیکەی 22 ملیۆن دیناری لە پیاوێکی هەولێر سەندراوە

02-05-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
ئەو پیاوەی لە هەولێر فێڵی لێکراوە قسە بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو دەکات
ئەو پیاوەی لە هەولێر فێڵی لێکراوە قسە بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو دەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە رێگەی ریکلامێکی فەیسبووکەوە دەکەوێتە داوی فێڵێکی ئۆنڵاینەوە. بەناوی وەبەرهێنان لە بووکینگی هۆتێل، قۆناخ بە قۆناخ نزیکەی 22 ملیۆن دیناری لێدەسەندرێت کە بە قەرز وەریگرتبوو؛ ئێستا سکاڵای تۆمار کردووە.
 
 13ی نیسانی ئەم ساڵ ریکلامێک لە فەیسبووک چووە بەردەمی هاونیشتمانییەک، لێی نووسرابوو "لە ماڵەکەی خۆت رۆژانە پارە قازانج بکە،" ئەویش لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا بووە، هەربۆیە کلیکی لەسەر ریکلامەکە کردووە و راستەوخۆ بردوویەتی بۆناو نامەی ژمارەیەک لە وەتسئەپ، چیرۆک فێڵکردن لەو هاونیشتمانییە و پارە خواردنی لەو نامەیەوە دەستیپێکرد.
 
هاونیشتمانییە فێڵلێکراوەکە بە رووداوی گوت، ئەو کەسانە بە ئۆنڵاین "هۆتێلەکان بۆ خەڵک دەگرن، کۆمپانیای سەرەکییان booking و Booking holdingـە، ئەوانەش لاوەکین لەگەڵیان. سێ کۆمپانیای سەرەکییان هەیە."
 
مامەڵەکە وا بووە، پارەیەکی کەم بە FIB حەواڵە دەکەیت و لە ئەپلیکەیشنی "بووکینگ" ژووری پێدەگرن لە هۆتێلە جیهانییەکان و گوایە دواتر پارە قازانج دەکەن، ئەو هاونیشتمانییە لە 10 هەزار دینارەوە دەستیپێکردووە.
 
هاونیشتمانییە فێڵلێکراوەکە گوتی، "هەنگاوی یەکەم چوومە ژوورەوە و 10 هەزار دینارم دا و بڕێکم وەرگرتەوە، دواتر 30 هەزار دینارم دا و بڕێکم وەرگرتەوە، دواتر لە قۆناخی سێیەم گەیشتینە قۆناخی سێیەم کە گرتنی هۆتێلەکان بێت. لەوێ 25 هەنگاو بوو، هەر جارەی بیانوویەکیان دەدۆزییەوە. جارێک دەیانگوت، ئەو بڕەی راتکێشاوە هەڵەت کردووە، بۆیە دەستی بەسەردا گیراوە و دەبێت پارە بدەیت، بە نزیکەیی 22 ملیۆن دینار دەبێت پارەکە، هەمووی بە قۆناخ قۆناخ داومە لە 10 هەزار دینارەوە دەستیپێکرد، دواتر 20، 100، 270، 400 و تاوەکو گەیشتە نزیک 22 ملیۆن دینار."
 
هەرجارەی گرووپەکە داوایان کردووە بۆ ژمارەیەکی جیاوازی FIB پارەکە حەواڵە بکرێت، لە 13ی نیسان پیاوێک کەوتووەتە داوی ئەو تۆڕە و لە 17ی هەمان مانگ درکی کردووە کە ئەمە فێڵە، هەموو پەیوەندییەکان لە رێگەی چاتی تێلیگرام بووە و کەسەکان بە عەرەبی قسەیان کردووە، پرۆژەکەش وەهمییە و هیچ راست و دروستییەکی نییە.
 
ئەو پیاوە فێڵلێکراوە گوتی، "سەرەتا یەک کەس بوو، دواتر بردمیانە نێو گرووپێکی چوار کەسی و پێنج کەسی." لەدوای پێزانینی ئەو فێڵە، ئەو پیاوە چووە بۆلای پۆلیس، بۆئەوەی سکاڵا تۆمار بکات.
 
فێڵلێکراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، "دادگە لەنێوان دادوەر و دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر، لەو نێوانەدا وەکو گەردەلوول و گێژەڵووکە دەمسووڕێنن. دادوەر لێکۆڵینەوەکەی راگرتووە."
 
تیمی رووداو چیرۆکی ئەو فێڵەی برد بۆ لای یونسی پارێزەر؛ ئەو گوتی، کەیسی لەو شێوەیە دەچنە چوارچێوەی ماددەی 456ی یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە فێڵکردن.
 
یونس حەسەن، پارێزەر ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە ئەو تاوانە ئەلیکترۆنییانە بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆیان هەبێت بەڕاستی. ژووری ئۆپەراسیۆن هەیە، بەڵام ناگاتە ئەو بڕە زۆرەی تاوان، چونکە تاوانەکان زۆر زۆرن."
 
ئەم پیاوە ئەو بڕە پارەی کە لێی براوە، بە کۆی گشتی 21 ملیۆن و 600 هەزار دینارە و هەمووی بە قەرز لە ناسیاوەکانی وەرگرتووە، ئێستا لەژێر باری قەرزێکی زۆر و دۆخێکی بێچارەیی خراپدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.