رووداو دیجیتاڵ
حاجییان لە کەعبەی پیرۆز لە سەروو 40 پلەی سیلیزی دا، بە گەرمی نزا و نوێژ دەکەن. چاوەڕێن حەجی ئەم ساڵ دەستپێبکات و واجبی سەر شانیان بەجێ بگەیێنن.
هێرش حوسێن، حاجییەکی کوردە و دەڵێت، "هەستێکی زۆر خۆش و خۆشحاڵیم هەیە، کە خودا سەرکەوتووی کردین لەم سەرزەوییە پڕ لە ئیمانەدا ئامادەبین و سوپاس بۆ خوا هەستێکی خۆشم هەیە".
تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 250 هەزار حاجی گەیشتوونەتە مەککە، وەزارەتی کاروباری حەجی سعودیە دەڵێ: چاوەڕێن ژمارەی حاجییان بگاتە زیاتر لە 2 ملیۆن.
سعود قەدری، حاجییەکی ئێرانییە و باس لەوە دەکات، "مەککە باشترین شوێنە بە بڕوای من، لێرە باشترم نەدیوە، کە هاتوومە ئێرە نە بیری ماڵەوە و نە بیری منداڵ؛ بیری هیچیان ناکەم".
سەبری سەعد، حاجییەکی میسرییە و باس لەوە دەکات، "تەمەنم 65 ساڵە و جارێکی دیکە ناتوانم حەج بکەمەوە، بۆیە نزا دەکەم خوای گەورە حەجکردنم قبووڵ بکات و لە تاوانەکانم خۆش بێت. گرنگترین شت ئەوەیە خوا حەجم قبووڵ بکات و لە قۆناخی داهاتووی ژیانم کارەکانم ئاسان بکات."
لە عێراقەوە، زیاتر لە 17 هەزار حاجی بە 105 گەشتی ئاسمانیی گەیشتوونەتە سعودیە.
تەها علێوی، حاجییەکی عێراقییە و دەڵێت، "لە هەموو شوێنێکی گۆی زەوی هاتوونەتە ئێرە بۆ سەردانی کەعبەی پیرۆز و ماڵی خوای گەورە. سوپاس بۆ خوای گەورە زۆر دڵخۆشم توانیم ئەم ساڵ حەج بکەم و خوشک و برا موسڵمانەکانم لە عێراق و هەموو وڵاتان ببینم."
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆ ئەوەی ئەرکی حەج بەجێ بگەیێنن و بەشێکی زۆریشیان سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینەی منەوەرە دەکەن.
هەموو رێکارەکانی حەج دەکەونە مانگی زولحیجەو و چوار تاوەکو شەش رۆژ دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ