رووداو دیجیتاڵ
دوای هۆشدارییەکەی ئەمشەوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر هۆتێلەکانی هەرێمی کوردستان، درۆنێک لە نزیک هۆتێلێکی شاری هەولێر کەوتەخوارەوە و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هێرشێک بووە و تێکشکێندراوە.
رۆژی هەینی، 6ی ئاداری 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 11:00ی ئەمشەو، درۆنێک لە نزیک هۆتێل رۆتانا ئارجان و سکای تاوەر کەوتە خوارەوە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، درۆنەکە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت "تێکشکێندراوە."
ئومێد خۆشناو گوتی، "نازانرێت ئامانجی درۆنەکە کوێ بووە، بەڵام درۆنەکە کە تێکشکێندراوە و پارچەکانی لە نزیک ئەو هۆتێلە کەوتوونەتە خوارەوە."
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دا کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانێکی کەمی مادی هەبووە.
هەر ئەمڕۆ، 6ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند: "میلیشیا تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی ئێران، رەنگە هەوڵ بدەن ئەو هۆتێلانە بکەنە ئامانج کە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق روویان تێدەکەن."
باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بە ''زووترین کات'' و هەر کاتێک رێگەی ئارام هەبوو، خاکی عێراق جێبهێڵن؛ هەروەها داوا لەو کەسانە دەکات کە بڕیاری مانەوە دەدەن، پێداچوونەوە بە بژارەکانی مانەوەیاندا بکەن و هەمیشە ئامادەبن بۆ رووداوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ