سوودانی و ماکرۆن: گرنگە گفتوگۆ و دانوستاندن بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

06-03-2026
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. سوودانی داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لە ئاوارەبوونی خەڵک لە لوبنان بگرێت.
 
رۆژی هەینی، 6ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێگەیشت. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بووە بە دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگ.
 
نووسینگەکەی دەڵێت، لە پەیوەندییەکەدا سوودانی جەختی لە ''گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان'' کردووەتەوە بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوە جیهانییەکان و وڵاتە زلهێزەکان کردووە ''کار بۆ راگرتنی جەنگ بکەن و رێگری بکەن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە لە "رەتکردنەوەی بەئامانجگرتن و ئاوارەکردنی خەڵک لە لوبنان" و رایگەیاندووە: ''پێویستە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە بپارێزرێت.''
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا "ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان." ماکرۆن ''پشتگیریی خۆی'' بۆ بانگەوازەکەی سوودانی دەربڕی کە تێیدا داوای کردبوو "گفتوگۆ، دیپلۆماسی و دانوستاندن" بکرێنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کاری هاوبەشی نێوان پاریس و بەغدا کردەوە ''بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژماری من

هەژماری من: ئەوانەی سبەی ناویان لە لیستی مووچەیە تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان

پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، ئەو مووچەخۆرانەی سبەی ناویان لە لیستی مووچە هەیە و لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون، تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەچێتە سەر هەژماریان. بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا ناویان تۆمارکردووە.