رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 22 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ''75٪ـی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی لالش-شێخان تەواوکراون.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-06-2025 سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لەکاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بڕیارە لە سنووری قەزاکە جێبەجێ بکرێن رایگەیاند، 35 پڕۆژەن بە گوژمەی 22 ملیار دینار کە ناوەندی قەزاکە و سەرجەم ناحیەکان دەگرنەوە.
بەگوتەی سەردار شێخ یەحیا، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خۆیان لە کەرتەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، رێگەوبان، پەروەردە و تەندروستیی سنووری قەزای شێخان و ناحییەکانی باعەدرێ، قەسرۆک، ئەترووش، کەڵەکچی و زێلکان دەبینەوە.
قایمقامی شێخان ئاماژەی دا، سەرجەم پڕۆژەکان بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستیی دانیشتووانی سنوورەکە، لەلایەن ئیدارەی پارێزگای دهۆک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریان لەسەر دراوە و کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
75٪ـی کارەکانی دووسایدی شێخان-لالش تەواو کراون
سەردار شێخ یەحیا باسی لە پڕۆژەی دووسایدی شێخان-لالش کرد و گوتی، ''75٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون، هەروەها 58٪ـی کارەکانی رێگەی باعەدرێ-دهۆکیش جێبەجێکراون''.
درێژیی پرۆژەی دووسایدی شێخان- لالش 10 کیلۆمەترە و تێچووەکەی 28 ملیار دینارە.
بەشێکی پڕۆژەکانیش تایبەتن بە نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانی گوندەکان. قایمقامی شێخان دەڵێت، ''بۆ ئەوەی گوندەکان دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە، مەبەستمانە رێگری لەو کۆچکردنە بکەین کە بەرەو ناوەندی ناحیە و قەزاکان دەکرێت.''
سەردار شێخ یەحیا لەبارەی پڕۆژەکانی تایبەت بە کەرتەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەوبان گوتی، ''لە ناوەندی قەزای شێخان دوو پڕۆژە خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە و نزیکەی 40٪ـی کارەکانیان تەواو بوون کە دانانی ئاوەڕۆی سندووقی، نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامە نێوخۆییەکان و دروستکردنی شۆستە لەخۆدەگرن و، ئومێد دەکەین تاوەکو سێ مانگی دیکە، تەواو بکرێن.''
''بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان گلەییمان لە حکومەتی فیدراڵی هەیە''
لەڕووی دابەشکارییەوە بەشێکی قەزای شێخان سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام لەڕووی کارگێڕییەوە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ''ئێمە ناڕازین لە کەمیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئەم گلەییەمان رووبەڕووی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتی پلاندانان و ئیدارەی نەینەوا کردووەتەوە.''
قایمقامی شێخان دەڵێت، سەرەڕای هاوکاریکردنیان لەلایەن بەرپرسانی کورد لە حکومەتی فیدراڵی و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەغدا و پارێزگای نەینەوا ئاوڕێکی ئەوتۆیان لە داواکارییەکانی خەڵک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەداوەتەوە.''
بەگوتەی سەردار شێخ یەحیا چەند ساڵە حکومەتی فیدراڵی و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەڵێنیی درستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەییان لە سنووری شێخان داوە، ''زەوییەکەمان بۆ دابینکردووە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە هۆکاری جیاجیا دواخراوە.''
ئەوە لەکاتێکدایە وەک قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیان بووە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سنوورەکە، ''تەنیا لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، بە گوژمەی زیاتر لە 240 ملیار دینار ، پڕۆژەی خزمەتگوزای خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە یان [بە تەواوی] جێبەجێکراون.''
''پێشبینی دەکەین بەرەهەمی ئەم ساڵی پەتاتە بگاتە 200 هەزار تۆن''
ئەم ساڵ کەمبارانی زیانی گەورەی بە جووتیارانی پارێزگای دهۆک گەیاندووە. بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 420 هەزار دۆنم خەلە لەو سنوورە، بەهۆی کەمبارانییەوە بەرهەمییان زۆر کەم دەبێت.
سەرەڕای کەمیی باران سەردار شێخ یەحیا دەڵێت، ''ئەم ساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە لە سنووری قەزاکە بگاتە 200 هەزار تۆن، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی جووتیاران دەکات.''
قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک لە پێنج ناحیەی باعەدرێ، قەسرۆک، ئەترووش، کەڵەکچی زێلکان، چوار کۆمەڵگە و 187 گوند پێکهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ