رووداو - دهۆک
لە سێمێلی دهۆک سەربڕخانەیەکی هاوچەرخی تایبەت بە سەربڕینی مریشک کرایەوە، 52 هەزار مریشک دوای سەربڕینیان پاک دەکرێنەوە و بۆ ناردن بۆ بازاڕەکان ئامادە دەکرێن و دەرفەتی کاریشی بۆ زیاتر لە 150 کەس رەخساندووە.
سەربڕخانەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراوە و دەتوانێت رۆژانە 70 تۆن گۆشتی مریشک بخاتە بازاڕەوە.
ئەندازیار سەباح بەهجەت، پسپۆڕی بەرهەمی ئاژەڵی، "ئەم سەربڕخانەیەمان لە عێراقدا پێشکەوتووترینە. هەموو سیستەمەکەی خۆکارە. دوای پاککردن مریشکەکان دەخەینە نێو ساردخانەوە تاوەکو پلەی ئێسکەکەی دەگەیەنینە 18ی ژێر سفر".
لە سەربڕخانەکەدا مریشک بە هەشت قۆناخدا تێدەپەڕێت. هەر لە هەڵواسینەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەخرێتە ساردخانەوە و دواتر بە گوێرەی کێشیان جیادەکرێنەوە.
د. لوقمان تەیب، پسپۆڕی ڤێتێرنەرییە و دەڵێت، "جیاوازیی مریشکی ئێمە و هاوردە ئەوەیە کە هی ئێمە لە قۆناخی یەکەمدا دەکەوێتە بازاڕ. ئەو مریشکە بەستووەی لە دەرەوە دێت زۆر جار دەتوێتەوە کە ئەوەیش دەبێتە هۆی پیسبوونی".
زیاتر لە 150 کەس رۆژانە هەشت کاژێر لەو سەربڕخانەیەدا کاردەکەن و بەرهەم دەخەنە بازاڕی مریشکان کە کێشیان لە 900 گرامەوە تاوەکو دوو هەزار و 200 گرام دەستپێدەکات.
سەربڕخانەکە جگە لە مریشک 16 بەرهەمدیکەی وەک سنگ، باڵ، جگەر، مل، ران، چیکڵدانە، دڵ و چەندانی دیکە دەخاتە بازاڕ.
بەیار ئامێدی، یەکێکە لە خاوەنەکانی سەربڕخانەکە و دەڵێت، "گرنگیی پرۆژەکە ئەوەیە کە داهاتی ئێمە هەر لەنێو کوردستاندا دەمێنێتەوە. هەروەها دەرگەی کاری بۆ زیاتر لە 150 کەس کردووەتەوە و گرفتی بەبازاڕکردنی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای دهۆکیش ناهێڵێت".
لە هەرێمی کوردستان نۆ سەربڕخانەی مریشک هەن کە ساڵانە 151 هەزار و 200 تۆن گۆشتی مریشک دەخەنە بازاڕەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ