رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئاڵۆزی عێراق و چەقبەستوویی سیاسیی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستپێشخەرییەکەوە، بانگهێشتی هەموو لایەنە عێراقییەکانی کردووە بۆ هەولێر. راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی ئامانجێکی گەورەی لە پشتەوەیە، لە پێشینەدا پارێزگاریکردنە لە بوون و پێگەی هەرێمی کوردستان."
دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانی سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە
رۆژی یەکشەممە 31-07-2022، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکدا، لایەنە سیاسییەکانی عێراقی بۆ گفتوگۆیەکی کراوە بانگهێشتی هەولێر کرد و گوتی، ههرێمى كوردستان بهشێك دهبێت له چارهسهر. لایەنە عێراقییەکانیش بەدەم دەستپێشخەرییەکەوە هاتن و بە هەنگاوێکی ئەرێنی باسیان کرد.
ئەو دەستپێشخەرییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دواى رۆژێک بوو لە خۆپێشاندانى لایەنگرانى سەدر و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمان، ئەمەش ناکۆکیى ئەو رەوتەى لەگەڵ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى زیاتر کرد.
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12ـی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، راگەیاند، هەر لە دەستپێکەوە بڕوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی عێراق وابووە کە وڵاتێکی فرە نەتەوە، ئایین، مەزهەب و لایەنە و بیر و بۆچوونی جیاوازی تێدان، گۆڕانکارییەکان تێیدا قۆناخ بە قۆناخ نەبوون و لەدوای حوکمێکی دیکتاتۆری یەکسەر گۆڕاوە بۆ حوکمێکی دیکە. ئەمەش کاریگەریی بەسەر هەموو عێراقەوە هەیە و هێشتا عێراق ماویەتی کە بە ژماردنی دەنگ و کورسی پڕۆسەی سیاسیی تێیدا یەکلایی بکرێتەوە.
دڵشاد شەهاب ئاشکرای دەکات کە ئەم دەستپێشخەرییە سوودی بۆ پێگەی هەرێمی کوردستانیش دەبێت و دەڵێ: "لە روانگەی کاریگەریی پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری گەلی کوردستان بەپێی یاسا و دەستوور، لە پەرۆشییانەوە بۆ دۆخەکە بە گشتیی و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژوەندییەکانی گەلی کوردستان. هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامانجێکی گەورەی لە پشتەوەیە، ئەویش لە پێشینەدا پارێزگاریکردنە لە بوون و پێگەی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا."
هاوکات، بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە گوتی: بێگومان دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی دروستە و ئاراستەکە بۆ چارەسەری کێشەکان دەبات "هەنگاوێکە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستانیش لە هەر تەنگژە و کاردانەوەیەکی نەرێنی ئەم دۆخە."
"کورد ئێستا دەرفەتی ئەوەی هەیە کە رۆڵی خۆی ببینێت"
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە، لەم دۆخەی ئێستادا، کورد دەتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت و هەرێمی کوردستانیش بە شوێنێکی ئارام بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان دەزانێت.
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کورد دەرفەتی ئەوەی هەیە لەم دۆخەدا رۆڵێک ببینێ، بەڵام کورد خۆی پێویستی بە یەکگرتنە و هەروەها دەبێ بە پڕۆژەیەکی روون ئەو کارە [دەستپێشخەرییە] بکات.
بە بڕوای موسەننا ئەمین، ئەو رۆڵە ئاسان نییە، چونکە ئێستا هەولێر وەکو بێلایەن سەیر ناکرێت، "بەڵام دەرفەت هەر ماوە و هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەتوانن کۆببنەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو کە دووەم خولی لەسەریەکە لە پەرلەمانتاری عێراقە، ئەرکی کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی عێراق بە قورس دەزانێت و دەڵێ، "ئەوە ئەرکێکی قورسە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چونکە هەندێ لایەنی چوارچێوە کورد تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەرپرسیارێتی بەشێکی دروستبوونی کێشەکان کوردە."
لای خۆشیەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، کاتی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە بە "زۆرباش" وەسف دەکات. شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، "بەڕاستی دەستپێشخەرییەکە لە کاتێکی زۆر باشدا بوو، ئەوە باڵانس بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەڵامی داوەتەوە و دەستپێشخەرییەکەی پێ باشە، بەڵام پێکانی ئامانجەکە پێویستی بە کاتە."
شوان محەممەد تەها ئاماژە بەوە دەکات، هەولێر ئامادەیە بۆ ئەوەی وەکو هەمیشە ببێتە چەتری کۆکەرەوەی لایەن و رەنگە جیاوازەکان.
بەربەستەکانی بەردەم دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانی چین؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق دەڵێ، "دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باشە، بەڵام تەنیا لەلایەن یەک لایەنی کێشەکانەوە پێشوازیی لێکراوە و لایەنی دووەم بێدەنگی هەڵبژاردووە."
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات و هەموو دەستپێشخەرییەکانیان رەتکردووەتەوە، هەروەها هەردوولا سوورن لەسەر قسە و هەڵوێستی خۆیان و گوتی، "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە سینگێکی فراوانەوە بچنە نێو گفتوگۆکەوە گرفتەکان چارەسەر دەبن، بەڵام تەنیا لەلایەن یەک لایەنی کێشەکانەوە پێشوازیی لێکراوە و لایەنی دووەم بێدەنگی هەڵبژاردووە."
هاوکات، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی گوتی: "هێزە سیاسییەکانی شیعە لە گفتوگۆی بەردەوامدان، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدر چاودێری ئەوە دەکەن بزانن ئەنجامەکە بەکوێ دەگات، موقتەدا سەدر هەموو جەختەکەی خستووەتە سەر شکستی محەممەد شیاع سودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرکوەزیران، ئەمەش واتای شکستی ئیرادەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، وەک چۆن چوارچێوە شکستی بە موقتەدا سەدر هێنا لە پەرلەمان و سیستمی سیاسیدا."
لەبارەی هەڵوێستی سەدرییەکانەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "پەیامی سەدر زۆر روون نییە و دیارنییە لە جێی ئەو کەسانەی رەتیاندەکاتەوە کێی قبووڵە؟"
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دەڵێ، "دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ناوەندی سیاسیی و رۆشنبیری عێراقیدا دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبووە، بەڵام دەپرسێت، "ئایا ئەوان چەند ئامادەی چارەسەرن؟"
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق، بەربەستێکی بەردەم دەستپێشخەرییەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێ، "بەربەستی بەردەم ئەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە کە لایەنەکان ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیە و رەنگە بڕوایان بەوە نەبێ ئەم دیالۆگە بگاتە هیچ لایەنێک."
"ئەگەر لایەنەکانی عێراق پێکیش نەیەن، کورد بە هەڵوێستێکی باش و بەهێز لە گرفتەکان دەردەچێت"
دڵشاد شەهاب دەڵێ: بڕوای سەرۆک نێچیرڤان وایە کە کێشەکان کاریگەریی راستەوخۆیان بەسەر هەموو عێراقەوە دەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە و دەشڵێ، "لە مانگی نیسانی 2021دا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە عێراقییەکانی کرد، ئەوکاتەش کە هێشتا هەڵبژاردن نەکرابوو، پێی راگەیاندن کە دۆخەکە هەستیارە و کەس بیر لە وەلانانی کەسی دیکە نەکاتەوە."
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەوڵەی ئێستای سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە راگەیاندن باسکراوە، پێشتریش هەبووە و پەیوەندییەکانی بەردەوامبوون.
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کوردستان هەمیشە هۆکاری چارەسەر و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە عێراقییەکان بووە، ئەم دەستپێشخەرییەش ئەمەش تەواوکەری ئەو ئاراستەیەیە، بۆیە لەم کاتەدا "ناکرێ کورد بینەربێ، چونکە کاریگەریی خراپیشی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە دەبێت."
بە بڕوای بەشیر حەداد، ئەم هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەڵامێکە بۆ ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن: کورد بەشێکە لە کێشەکان و هۆکاری لەتکردنی ماڵی شیعەیە. "ئەگەر پێکیش نەیەن، کورد بە هەڵوێستێکی باش و بەهێز لە گرفتەکان دەردەچێت."
"کەس نەماوە لایەنە عێراقییەکان کۆبکاتەوە"
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی لە عێراق دەڵێت: هەردوولا [چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر] هێزی چەکداری گەورەیان هەیە و توانای ئەوەیان هەیە پەنا ببەنە بەر چەک، ئەمەش ترسێکی گەورەیە.
ئاماژە بەوەش دەکات: ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست، "جاران کە گرفت هەبوو، 5-6 کەس کۆدەبوونەوە و چارەسەریان دەکرد، ئێستا ئەوانە نەماون، ئەوانەشی کە ئێستا هەن، خۆیان بەشێکن لە کێشەکان. ئێستا کەس نەماوە کۆیان بکاتەوە."
هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
هاوپەیمانیی فەتح: دەستپێشخەرییەکە باشە و بنەماڵەی سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرن بۆ ئەو پرسانە
محەممەد مەهدی بەیاتى، بەرپرسی میحوەری باکووری رێکخراوی بەدر و یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی فەتح لەبارەی دەستپێشخەرییەکە رایگەیاند، "دەستپێشخەرییەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەستپێشخەرییەکى باش و جوانە، نامانەوێت پرسەکە تەنها لە کوردستان قەتیس بکرێت، چونکە ئەو قەیرانە مەترسییەکەى کەمترە لە مەترسیی سیستمى سیاسى بەشێوەیەکى گشتى، هیواخوازین ئەو دەستپێشخەرییە ناکۆکەکان لە بەغداش بگرێتەوە و بەڕێز نوورى مالیکى و بەڕێز موقتەدا سەدر و سەرجەم لایەنە ناکۆکەکانى دیکە بگرێتەوە بۆ ئەوەى هاوکاربن بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، دەستپێشخەرییەکە باشە و بنەماڵەی سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرن بۆ ئەو پرسانە و بنەماڵەیەکی ئایینى رێز لێگیراون لە عێراق و پێویستە ئەوانیش بەشێک لە بەرپرسیارێتى و قورسایی ئەو کێشەیە هەڵبگرن، ئێمە پاڵپشتیی ئەو دەستپێشخەرییە دەکەین، بەتایبەت ئەگەر فراوان بکرێت و لە هەولێرەوە بگوێزرێنەوە بۆ بەغدا تاوەکو هەمووان نزیکبن و کۆببنەوە."
شرۆڤەکارێکی نزیک لە سەدر: بانگهێشتەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەخشندانەیە
حەسەن زرگانی، شرۆڤەکارى نزیک لە رەوتى سەدر دەڵێت، "بانگهێشتەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەخشندانەیە، دیالۆگ زمانى ئاسمان و زمانى ئاقڵمەندانە لەسەر زەوى، برایانى نووسینگەى شەهید سەدر و جەماوەرەکەى چاوەڕوانى سازشى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و ئەو دۆخە خۆبەگەورەزانین و کەلـلەڕەقییە دەکەن، بەرامبەر بە جەماوەرى رەوتى سەدر و سەرکردەکانیان، بۆ ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى دەستلەکاربکێشێتەوە و وادەیەکى دیاریکراو دابنێن بۆ دادگاییکردنى بەڕێز نوورى مالیکى، ئەمە دەرفەت دەدات بۆ ئەوەى لە داهاتوویەکی نزیکدا دانوستاندنیان لەگەڵ بکەن، ئەگەر لایەنەکانى دیکە دەیانەوێت پێکهاتەى شیعە بەرەو شەڕى یەکدى بەرن ئەوە تاوانى ئەوانە، پێویستە دیالۆگێک هەبێت کە هاوتاى قەبارەى رەوتى سەدر بێت."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پێشوازى لە بانگهێشتەکەى برامان نێچیرڤان بارزانی دەکەین
کێشەى رەوتى سەدر و چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى شێوازى پێکهێنانى حکومەتی نوێیە کە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و هێشتا ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت دیارنییە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "پێشوازى لە بانگهێشتەکەى برامان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ دیالۆگى نیشتمانى."
بزووتنەوەى بابلیون: پێشوازى لە دەستپێخەرییەکەى نێچیرڤان بارزانی دەکەین
ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى بابلیون پێشوازى لە دەستپێشخەرییەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەبارەى چارەسەرى قەیرانى سیاسیى ئێستاى عێراق دەکات و رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکە لە کاتێکدایە وڵات لە دۆخێکى "ئاڵۆزدایە" و ئەوەش بەڵگەى پەرۆشی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە "بۆ فەراهەمبوونى ئاسایش و ئارامى."
رەیان کلدانی، ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى بابلیون بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشوازى لە دەستپێشخەرییەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ کوژاندنەوى ئاگرى قەیرانى ئێستا."
بزووتنەوەى بابلیون خاوەنى چوار کورسی کۆتایی کریستیانەکانە لە پەرلەمانى عێراق. رەیان کلدانى گوتیشى، ئەو دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە وڵات لە دۆخێکى "ئاڵۆزدایە" و هەنگاوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەڵگەى پەرۆشییەتى "بۆ فەراهەمبوونى ئاسایش و ئارامى و ئاشتى کۆمەڵایەتى لە عێراق."
رۆژی 31ـى تەممووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لايهنه سياسييهکانی عێراقى بانگهێشتکرد بۆئەوەی له ههولێرى پايتهختى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە و "دهست به گفتوگۆيهكى كراوهى كۆكهرهوه بكهن و لهسهر بنهماى بهرژهوهندييه باڵاكانى وڵات بگهنه لێكگهيشتن و رێككهوتن." گوتیشی: "هيچ كێشهيهك نييه به گفتوگۆ چارهسهر نهكرێت."
ئەو دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە، پەیوەندى نێوان هەردوو بەرەى ناکۆکى شیعەکان کە بەرەى رەوتی سەدر و هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگین ئاڵۆزبووە.
لایەنگرانى رەوتى سەدر لە 29ـى تەممووزەوە لەنێو هۆڵى پەرلەمانی عێراق مانگرتنیان راگەیاندووە و بڕیارە 1ـى ئابیش لایەنگرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگی دژە خۆپێشاندان لە بەغدا بەرامبەر لایەنگرانی رەوتی سەدر بکەن.
نێچیرڤان بارزانی؛ کۆکەرەوەی لایەنە جیاوازەکان لە هەولێر و بەغدا
ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کە تائێستاش کورد (پارتی و یەکێتی) لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون.
رۆژی 22-5-2022 نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی، یەکگرتووی ئیسلامیی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە کۆبووەوە.
هەمان رۆژ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە ئەنجامدانی گفتوگۆ کردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئێمە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و کێشەکان پێکەوە چارەسەربکەین، لەبەرئەوەی لە ئەنجامدا ئێرە وڵات و میللەتی خۆمانە. دەبێت پێکەوە کاربکەین، داهاتووی هەموو ئەو لایەنانەی لە هەرێمی کوردستانین پێکەوەیە."
ساڵی رابردوو و لە 7ـی ئایاری 2021، هەوڵێکی دیکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، ئامادەسازیی لایەنە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەرئەوکات نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاری سلێمانیی کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و حیزبی سۆسیالیست کۆبووەوە.
رۆژی 25ـی ئایاری 2022، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان كۆبوونهوهى هاوبهشى ههردوو مهكتهبى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستان و يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچوو.
پاش کۆبوونەوەکە، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە ئاماژەیان بەوە کرد، "له كۆبوونهوهكهدا راشكاوانه پهيوهندييهكانى ههردوولا و دۆخى ئێستاى عێراق و ههرێمى كوردستان و زهمينهى هاريكاريى هاوبهش و كارى پێكهوهيى، تاوتوێ كرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ