زیندانییەکی نوگرە سەلمان: عەجاج بە سۆندە لە سەری منداڵەکانی دەدا و دەیکوشتن

01-08-2025
مالیک محەممەد
چیرۆکی فەیلە لەژێر ئەشکەنجەکانی عەجاج
چیرۆکی فەیلە لەژێر ئەشکەنجەکانی عەجاج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو کەسەی کە سکاڵای لە دژی عەجاج تکریتی تۆمارکردووە دەڵێت، لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سکاڵایان کردووە و دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە سکاڵاکەیان، عەجاج دەستگیرکراوە.
 
فەزیلە محەممەد، سکاڵاکاری دژی عەجاج و یەکێک لە زیندانییەکانی نێو نوگرە سەلمان لەبارەی هەواڵی دەستگیرکردنی عەجاج رایگەیاند، "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە بە بیستنی ئەو هەواڵە، ئەو زوڵمەی عەجاج دەیکرد لەوانەی زیندانی کرابوون، کەس نەیکردووە."
 
چیرۆکی سکاڵاکە و دەستگیرکردنی 
 
سەبارەت بە چیرۆکی دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی، فەزیلە محەممەد کە خەڵکی گەرمیانە و کەسوکاری ئەنفالکراوانە، گوتی "16ی ئایاری پار رۆیشتینە سەماوە، کابرایەکمان بینی گوتی عەجاج ماوە، دوایی خەڵکمان ناردە ئەو شوێنەی کە گوترا عەجاجی لێیە، خەڵکمان نارد و دڵنیابووینەوە کە خۆیەتی، سوپاس بۆ خوا 29ی ئەم مانگە عەجاج دەستگیرکرا."
 
گوتیشی، "لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سکاڵامان کرد و دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە سکاڵاکە عەجاج دەستگیرکرا."
 
لەبارەی تاوانەکانی عەجاج تکریتییەوە ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو رۆژێک عەجاج دەهاتە نێو هۆڵەکانی زیندانەکانەوە لە هەمووانی دەدا بە سۆندە، دواتر دەستدرێژیی سێکسی کردە سەر زۆرینەی کچانی نێو زیندانەکە."
 
بە گوتەی فەزیلە، هەموو زیندانییەکانی ئەوکاتی نوگرە سەلمان، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قوربانیی دەستی عەجاج بوون.
 
فەزیلە باسی دوو چیرۆکی کرد، کە وەک خۆی دەڵێت، "قەت بیرم ناچێتەوە":
 
"جارێکیان بەبەرچاوی هەموو زیندانییەکانەوە، گەنجێکی هەڵەبجەیی لە حەوشەی زیندانەکە هەڵواسی و بە تەور پارچە پارچەی کرد."
 
جارێکی دیکەش "پیاوێک کە ئەندامی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بوو، دوو لە کچەکانی لەگەڵ بوو، کچەکانی لە باوکیان جیاکردەوە، زۆر ئەشکەنجەی دان و دواتر بەبەرچاوی باوکیانەوە دەستدرێژی سێکسی کردە سەریان."
 
فەزیلە محەممەد دەڵێت، عەجاج بە زۆر منداڵی لە باوەشی دایکەکان دەبرد و جیای دەکردنەوە، "چەندین جار بە سۆندە لە سەری منداڵە کۆرپەکانی دەدا و دەیکوشتن."
 
ئەو زیندانییەی سەردەمی بەعس، چیرۆکی خوشکە تەمەن شەش مانگییەکەی خۆی وەکو نموونە باس کرد و گوتی، "رۆژێکیان عەجاج هاتە گیانی زیندانییەکان و بە سۆندە لە هەمووانی دا، دواجار هات بە سۆندەیەک لە سەری ئەو خوشکەمی دا و دەستبەجێ لەباوەشی دایکمدا گیانی لەدەستدا."
 
رۆژی پێنجشەممە نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاند، تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیركراوە.
 
عەجاج، ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدینە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێن. 
 
فەزیلە محەممەد چیرۆکێکی دیکەش دەگێڕێتەوە: "من منداڵێکی وریا بووم، جارێکیان باوکم لە دووری ئێمەوە بوو، هەرچۆنێک بوو خۆم پێی گەیاند، بەڵام لەو کاتەدا عەجاج بینی، پۆلیسێکی بەناوی رووعی نارد، ئەو هەرچۆنێک بوو دڵی باشتر بوو، نازانم خاڵی عەجاج بوو یان چی، بە قژ تاوەکو بەردەم عەجاج بردمی، گوتی، من بەهێز لێت نادەم، بەڵام تۆ بقیژێنە... کاتێک چووینە بەردەم عەجاج دارێکی سەر گەورەی بەدەستەوە بوو، خوشکە گەورەکەیشمی هێنا بەناوی سەمیرە، ئەو رۆژە لە شەشی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە لەژێر ئەشکەنجەدا بووین و چەرمی دەستمان بە ئاسنەکانەوە مابووەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".