رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور دەکات، گرژییەکانی نێوانیان کۆتایی پێبهێنن.
رۆژی هەینی، 1ـی ئابی 2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەسەدە و ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کرد، بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و گوتی: "ئەمریکا جەخت لە گرنگیدان بە کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سووریا دەکاتەوە، لەوانەش جەختکردنەوە لە دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش لەرێگەی هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات".
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزی ئەمریکادا هاتووە: "ئێمە پشتگیری لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکەین".
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئاماژەی بەوەشکرد ئەو شەڕ و ناکۆکیانە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت.
رۆژی سێشەممە، 29-08-2023 گرژی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور لەنێوان شەڕڤانان و چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور روویدا و لە ئەنجامدا 10 چەکداری ئەنجوومەنەکە کوژران و سێ شەڕڤانیش گیانیان لەدەستدا.
شەڕەکە دوای ئەوە هات کە چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەهۆی ئەوەی رۆژی یەکشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای حەسەکە شەڕڤانان ئەحمەد خەبیل ناسراو بە ئەبو خەولە، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیان دەستگیر کردبوو.
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور یەکێکە لە گرووپە سەربازییە عەرەبییەکان و بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزەکە ئاسایشی ناوچەکانی پارێزگای دێرەزوور دەپارێزێت، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ