بکوژی رەحیم زەبیحی دەرهێنەری دیاری کورد لە سنە لەسێدارە درا

01-09-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 7 ساڵ، بکوژی رەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحیی برای لە زیندانی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە درا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 تەیب زەبیحی، کوڕی کەیوان زەبیحی بە رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 31-08-2025، بکوژی کەیوان زەبیحیی باوکی و رەحیم زەبیحیی مامی، لە گرتووخانەی ناوەندی سنە لەسێدارە درا.
 
تەیب زەبیحی گوتی، "تاوانبار خزمێکی خۆمان بووە، ساڵی 2018 بەهۆی کێشەی داراییەوە باوکم و ماممی سووتاند و گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەر زوو تاوانەکە ئاشکرا بوو و تاوانبار دەستگیرکرا، دواتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دوێنێ سزاکەی جێبەجێ کرا."
 
لە 07-12-2018 رەحیم زەبیحی و براکەی بەناوی کەیوان زەبیحی، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان بە سووتاوی دۆزرانەوە، سەرەتا گومان دەکرا کە رووداوی هاتووچۆ بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت رووداوەکە بە ئەنقەست بووە.
 
دوای 24 کاژێر ئەکبەر عەباس پوور، خزمی ئەو دوو برایە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا و دانی بە تاوانەکەیدا نا.
 
بكوژەكە باسی لەوە کردبوو، "رۆژی رووداوەكە رەحیم زەبیحی ‌و براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەك ‌و لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداون‌، دواتر بۆ ماوەی یەك كاژێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون و دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكە ‌و بەنزینی پێدا كردوون سووتاندوونی." 
 
رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتی‌ و بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە‌.
 
زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزموونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنان ‌و سیناریۆدا.
 
یەكەمین كاری دەرهێنانی رەحیم زەبیحی لە ساڵی 2002 دا بوو بۆ كورتەفیلمێك بەناوی "هاوار"، ئەو فیلمە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە مشتومڕی زۆری دروستكرد.
 
كورتە فیلمی "هاوار" بەشداری لە فێستیڤاڵەكانی كورتە فیلمدا لە (تاران- ئەسفەهان- سونی- وارش- باران- كلرمۆنت فراند فەرەنسا- هامبۆرگی ئەڵمانیا- ساوپاولۆی بەرازیل)و چەندین فیستیڤاڵی دیکەدا کردووە، وەكو باشترین كورتە فیلمی فیستیڤاڵی "كلرمۆنت فراند فەرەنسا" هەڵبژێردرا.
 
زەبیحی دوای كورتە فیلمی "هاوار"، دەرهێنانی بۆ چەند كورتە فیلمێكی دیکە كرد لەوانە (سەتەلایت –  ئەو پیاوەی كە چوو بۆ گەڕان- كۆتایی جەنگ- قاچاخچی- استرس).
 
لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای کۆمیدی "ماڵەكەی مەعرووف" ناسرا، كە بینەرێکی زۆری هەبوو لە هەرێمی کوردستان، هەردوو ئەکتەری کۆمیدی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکییان لە درامەکەدا بینیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە