ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی: هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی بە لیستی داخراو و دەنگدانی ئاشکرا دەبێت

01-10-2023
پەیمان محەممەد
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی زانیاری دەدات
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی زانیاری دەدات
نیشانەکردن کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دەڵێت، هەڵبژاردنی سەرکردایەتی بە لیستی داخراو، بەڵام بە دەنگدانی ئاشکرا دەبێت. ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێ ''بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی، سنووری جوگرافی، لەبەرچاو گیراوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-10-2023، پێنجەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بەر لە چوونە ژوورەوەی بۆ هۆڵی کۆنگرە، بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''دوێنێ بەشێکی زۆر لە مادە و بابەتەکانی نێو پەیڕەوی ناوخۆ گفتوگۆیان لەسەر کرا و ئەندامانی کۆنگرە بەوپەڕی ئازادییەوە بەشدارییان تێدا کرد.''
 
لوقمان وەردی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆش درێژە بە گفتوگۆ لەسەر مادەکانی دیکەی پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت و دوای تەواوکردنی پەیڕەوەکە، ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن.

 

 
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی 61 ئەندام دەبن، 51 ئەندامیان لەنێو کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێن. ئەو 10 کەسەی دەمێنێننەوە، پێنجیان بۆ کەسانی سیاسی و حکومی تەرخاندەکرێت و 5 کورسی بە بەتاڵی بۆ ئەو حیزب و لایەنانەیە کە دێنە نێو یەکێتی.
 
''هەڵبژاردنی سەرکردایەتی بە لیستی داخراو دەبێت''
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لەو خاڵانەی لە هۆڵی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا گەنگەشەیەکی تووندی لەسەرە، میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکەیە.
 
سالار مەحموود، ئەندامێکی دیکەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، بە رووداوی گوت، کۆنگرە بڕیاری داوە ئەندامانی سەرکردایەتی بە لیستی داخراو، بەڵام بە دەنگدانێکی ئاشکرا هەڵبژێردرێن.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراون، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمیدا بووەتە سێ "ئاراستە"، ئەوانیش کەرکووکییەکان کە رەفعەت عەبدوڵڵا و ئاسۆ مامەند سەرکردایەتیی دەکەن، ماڵی کۆسرەت رەسووڵ و مام جەلال تاڵەبانی.
 
سالار مەحموود رەتیدەکاتەوە لەنێو کۆنگرەدا هیچ گرفتێک هەبێت و دەڵێت، ''تەنیا ئەندامانی کۆنگرە زۆر مکوڕن لەسەر ئەوەی گفتوگۆ لەسەر کۆی پرسەکان بکرێت و مادەکان بە خێرایی تێنەپەڕێندرێن و رێگە نەدەن هیچ کەموکوڕییەک بمێنێتەوە، ئەگەرنا لە کۆنگرە هیچ گرفتێک نییە.''
 
رۆژی 27-09-2023 کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیار بوو سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی دەنگدان و گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆ، نەتوانراوە لەو ماوەیەدا هەمووی تەواوبکرێت و پەسند بکرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەر لە چوونە ژوورەوەی ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بۆ هۆڵەکە، حاجی مەسیفی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ''ئەو مادانەی ماون لە پەیڕەوی نێوخۆ دەنگیان لەسەر بدرێت، زیاتر تایبەتن بە هەردوو ئەنجوومەنی راوێژکاری و ئەنجوومەنی پشتیوانی.''
 
یەکێتی لە پێنجەمین کۆنگرەیدا، سێ ئەنجوومەن دروستدەکات، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، کە پێشنیاز کراوە ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، هەروەها ئەنجوومەنی پشتیوانی.
 
ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کە ژمارەیان 120 کەس بوو، دەکرێنە ئەندامی ئەنجوومەنی پشتیوانی کە کاریان راوێژ و چاودێریکردن دەبێت.
وەک حاجی مەسیفی ئاماژەیدا لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی حیزبەکە، سنووری جوگرافی، کارامەیی، دڵسۆزی و پسپۆڕی لەبەرچاو گیراوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن