حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی دەسەڵاتی دادی ئێران رەتدەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی دەسەڵاتی دادی ئێران رەتدەکاتەوە، کە بانگەشەی کردبوو، دوو کەسیان لەسێدارە دابوو کە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری وڵاتێکەوە راهێنانیان پێکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە ئەمڕۆ هەینی 24ـی نیسان بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "جەخت لە پابەندبوون بە سەقامگیری و سەروەری و پەیوەندی باشی دراوسێیەتی دەکەینەوە".
 
20ـی نیسان، دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی دوو کەسیان جێبەجێکردووە بە ناوەکانی محەممەد مەعسووم شاهی و حامید وەلیدی، کە گوایە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلەوە راهێنانیان پێکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتدا هاتووە: "نیگەرانی قووڵ دەردەبڕین لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و راگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی دیکەوە مەشقیان پێکراوە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان نییە. بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستییەوە".
 
فەرمانگەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ و بەشدارییەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییە داوە".
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکەکەی بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەروەریی عێراق و رێگریی لەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لەسەر پابەندبوون بە پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە