کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لەنێوان کفری و کەلار دانرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کامێرای چاودێریی لە جۆری خاڵ بۆ خاڵ بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی لەنێوان هەردوو قەزای کەلار و کفری لە ئیدارەی گەرمیان دانرا. گوتەبێژی هاتووچۆ دەڵێت، تاوەکو ئێستا کامێراکان سەرپێچی تۆمار ناکەن.
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کامێراکان دانراون، بەڵام وردەکاری ماوە و تاوەکو ئێستا بە فەرمی سەرپێچی تۆمار ناکەن".
 
دوو سایدی نێوان قەزاکانی کفری و کەلار، ساڵی 2024 تەواو بووە و درێژییەکەی 42 کیلۆمەترە؛ 16 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەکەدا دانراوە.
 
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی: "هێڵ و هێماکانی تیژڕۆیی لە رێگەکە ماون، بۆیە تاوەکو ئەوانە تەواو نەکرێ کامێراکان سەرپێچی تۆمار ناکەن".
 
هەر پێنج کیلۆمەترێک کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ دانراوە. موقەدەم سامان گوتی: "لانیکەم مانگێکی دیکەی دەوێ بۆ تەواوکردنی کەموکورتییەکان و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان".
 
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج لە رێگەکانی هەرێمی کوردستان دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
 
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی: "پێش کاراکردنی کامێراکان لە رێگەی میدیاکانەوە شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە لە وردەکاری و رێنماییەکان".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە