لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سنووری هەولێر سێ پێشمەرگەی پاک بریندار بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان رایگەیاند، لە هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکیان لە سنووری هەولێر، سێ پێشمەرگەیان بریندار بوون.
 
کاژێر 22:45ی شەوی رابردوو، بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان لە نزیک ناوچەی دارەشەکران بە سێ درۆن بۆردوومان کرا. 
 
ئەمڕۆ هەینی، خەلیل کانی سانانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارەگاکەمان بە جۆرە درۆنێک بۆردوومان کراوە کە بۆمبڕێژکراو بووە، بەڵام بۆمبێکی کەمی پێوە کراوە و لەکاتی تەقینەوەدا دەنگی کەمە."
 
کانی سانانی گوتی: "سێ پێشمەرگەمان بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و پێویست نەبووە لە نەخۆشخانە بمێننەوە."
 
شەوی پێنجشەممە، ئەدیب خالید، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شەپۆلێکی هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگای چەمشاری سوپای میللیی کوردستان لە نزیک دارەشەکران، لە ناوچەی زرارەتیی سنووری پارێزگای هەولێر.
 
هەر شەوی رابردوو، 2 درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە. سەرچاوەیەک لە ئیدارەی ناحیەی باسرمەی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، کاژێر 7:20ـی ئێوارەی پێنجشەممە، درۆنێک لە نزیک گوندی (بابە جیسک)ـی سنووری ناحیەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
 
هاوکات درۆنێکی دیکە لە ناحیەی رزگاریی سنووری قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و ئەویش هیچ زیانێکی نەبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە