رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شارۆچکەی خەلفەتیی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان 48 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران، یەكێک لە دەستبەسەرکراوەکان سەرۆکی پێشووی شارەوانییە، کە ئاکپارتی بە قەیووم داینابوو.
ئۆپەراسیۆنەکە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 24ـی نیسانی 2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و تاوانە رێکخراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رووها کرایە سەر شارەوانیی خەڵفەتیی، 49 کەس دەستبەسەرکران.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن داواکاری گشتیی بێرەجووک ـەوە دەستیپێکردووە، 49 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی لە تەندەرەکاندا لە ماوەی خولی بەڕێوەبردن لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی 2019 تاوەکو 2024 دەستبەسەرکران.
لەنێو دەستبەسەرکراوەکاندا شەرەف ئاڵبایراک سەرۆکی شارەوانیی ئەو کاتە، بریکارانی سەرۆکی شارەوانی، جێگری سەرۆکی شارەوانی، ئەندامانی ئەنجوومەن، بەڕێوەبەری یەکەکان، ئەندازیاران و کارمەندانی تەکنیکی هەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی بەپێی راپۆرتی بۆردی پشکنینی مەدەنیی وەزارەتی ناوخۆ و راپۆرتەکانی بۆردی چاودێریی باج لەبارەی سەرپێچییەکانی شارەوانیی خەلفەتی کراون؛ رێکاری یاسایی دژی 51 گومانلێکراو گیراوەتەبەر، کە 28ـیان فەرمانبەری گشتین و 49 کەسیان دەستبەسەرکراون."
لە خولی 2014 - 2019 و پێش سەردەمی شەرەف ئاڵبایراک، مستەفا بایرام لە دەبەپە شارەوانیی خەلفەتی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە 13ـی کانوونی دووەمی 2016 ـدا شەرەف ئاڵبایراک کە ئەو کاتە قایمقامی شارۆچکەکە بوو، وەک قەییوم دامەزرێندرا.
لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی 31ـی ئاداری 2024ـدا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) شارەوانیی شارۆچکەکەی بردەوە، بەڵام لە 4 ـی تشرینی دووەمی 2024 ـدا هاکان باشئۆغوڵ، قایمقامی شارۆچکەکە وەک قەییوم دامەزرێندرا. شارەوانییەکە هێشتا لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی قەییومدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ