کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای زانیاریی لەبارەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

01-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق داواى وردەکاریى پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکان لە  هەرێمى کوردستان دەکات، ئەمەش بە مەبەستی ئامادەکاریى تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان. 
 
رۆژی 30ى تشرینى دووەمى 2023، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژی 27ی تشرینى دووەم بە نووسراوى فەرمى داوای لە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردووە کە وردەکارى ئەو پارتە سیاسیانەیان پێ بدەن، لە لای ئەوان تۆمارکراون و لە بەغدا تۆمار نەکراون
 
بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق: "پێشتر ناوى پارتەکان نێردراوە، بەڵام پێویستى بە وردەکارى زیاترە، داواى وردەکاریى ئەو پارتانەمان کردووە لە ناوى سەرۆک و ماوەى سەرۆکایەتیەکە و وردەکاریى دیکە."
 
سەبارەت بە ئامانجی داواکارییەکە، هەیمان تەحسین گوتی: "ئەوە وەک ئامادەکارییە بۆ کردنەوەى دەرگاى تۆمارى ناوى پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان".
 
بڕیارە لە 25ى شوباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بکرێت.
 
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاریداوە ئەو پارتانە مافى بەشداریکردنیان هەبێت لە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، کە بەگوێرەى یاساى پارت و رێکخراوە سیاسیەکانى عێراق لە ساڵى 2015 و یاساى پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى ژمارە 19ـی ساڵى 1993 یان بەگوێرەى یەکێک لەو دوو یاسایە تۆمارکرابن.
 
38 پارت بەگوێرەى یاساى پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 17 پارتى سیاسى خۆیان لەگەڵ یاسای پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى عێراق خۆیان گونجاندووە.
 
بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوەدا بۆ کردنەوەى دەرگای تۆمارى پارت و هاوپەیمانێتیەکان بۆ هەڵبژاردن، چاوەڕوانى یەکلاکردنەوەى ئەو سکاڵایەن کە لەدادگەى باڵاى فیدراڵی عێراق لە بارەى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە.
 
بڕیارە 3ى کانوونى یەکەمى 2023 دانیشتنێکى دیکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە بارەى ئەو سکاڵایەوە بکرێت کە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆماریانکردووە و تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.