رووداو دیجیتاڵ
بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، لە عێراق سبەی چوارشەممە کرایە پشووی فەرمی.
جگە لە هەرێمی کوردستان هەر 15 پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، بڕیاریاندا سبەی چوارشەممە لە فەرمانگەکانی ئەو پارێزگایانە پێشووی فەرمی بێت.
پارێزگاکان بریتین لە کەرکووک، بەغدا، موسەننا، واست، دیوانییە، بەسرە، بابل، کەربەلا، زیقار، نەینەوا، دیالە،نەجەف، سەلاحەددین، ئەنبار و مەیسان.
بەرەبەیانی 3ی کانوونی دووەمی2020، لە بۆردوومانی درۆنێکی ئەمریکی، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.
بۆردوومانەکە کاردانەوەی ئێران و بەشێکی زۆر لە هێزە شیعەکانی عێراقی بەدوادا هات.
رۆژی 5-1-2020، پەرلەمانی عێراق بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە سوننەکان کۆبووەوە و بڕیاریدا هێزە بیانییەکان خاکی عێراق جێبهێڵن.
لە 7ی کانوونی دووەمی 2021، دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا و بە تۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ