دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق کرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کرد کە رۆژی 30ـی کانوونی دووەم واژۆیان کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حكومەتی سووریا لە شەدادییەوە بەرەو ناوچەی ئەلمیلیبیە بەڕێکەوتوون، وەک ئامادەکارییەک بۆ چوونە ناو شاری حەسەکە.
 
هێزەکە بە یاوەریی هاوپەیمانان دەچنە نێو حەسەکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، یاوەریی کاروانەکە دەکات تاوەکو دەچێتە ناو شاری حەسەکە.
 
بەگوێرەی رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات، ئەمڕۆ 15 ئۆتۆمبیلی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەچنە ئەو ناوچە ئەمنییانەی پێشتر دیاری کرابوون. سبەی سێشەممەش، بە هەمان رێکار و پلان، 15 ئۆتۆمبیلی دیکە دەچنە شاری قامشلۆ.
 
ئاڵدار خەلیل: ئەو هێزە سووریایین و ئێمەش سووریایین
 
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوانەی ئێستا لە دیمەشقن و دەڵێن دێنە ئێرە، کێن؟ مەگەر سووری نین؟ دەی ئێمەش سوورین! ئێمە پێکەوە کاردەکەین و دەڵێین تێکەڵبوون."
 
ئاڵدار خەلیل دەڵێت: "کاتێک دەڵێی تێکەڵبوون، ئەو دامەزراوانەی دادەمەزرێن، لە خەڵکی ئەم ناوچەیەن کە شوێنی خۆیان تێیدا دەگرن و نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکەن. دامەزراوەی دەوڵەت کارە رۆتینییەکانی دەوڵەتی تێدا بەڕێوەدەچێت، تۆ لەو دامەزراوانەدا کاریان تێیدا دەکەیت، بەڵام ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن و کار دەکەن، رۆڵەکان و خەڵکی ئەم ناوچەیەن."
 
ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاماژەی بەوەشکرد، "لێرەدا دوو لایەن هەن؛ لایەک دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت کە ناچارە پەیوەندیی بە دیمەشقەوە هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق لە پەیوەندیدا بێت، سیستمێک دادەنرێت و میکانیزمێکی پەیوەندیی دروست دەکرێت. لە پاڵ ئەمەشدا کۆمەڵگەیەکت هەیە زەوینەی بنەڕەتیی ئازادی و دیموکراسیی دروست دەکات؛ ئەوانە کۆمەڵگەن، نەک سیستمی دەوڵەت. سیستمی دەوڵەت تەنیا سیستمێکی بەڕێوەبردنی هەندێک کاروباری کارگێڕییە، بەڵام کۆمەڵگەکەت، ئەو کۆمەڵگەیەیە ئێستا وەک کۆمەڵگەیەکی رێکخراو لەسەر زەوییە."

 

 
 
ئاڵدار خەلیل: شاندێکی کورد دەچێتە دیمەشق
 
ئاڵدار خەلیل دەڵێت: "بە بەرپرسانی دیمەشقمان راگەیاندووە بۆ قسەکردن لە وردەکارییە پەیوەندیدارەکان بە پرسی کورد، شاندێک دێتە دیمەشق. ئێستا چاوەڕێی وەڵامیانین. ئەوانەی لە دیمەشقن ناچارن ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت ئارامی دروست ببێت و شەڕ و پێکدادان سەرهەڵنەداتەوە، دەبێت پرسی کورد و دۆزی کورد بگرنە دەست."
 
رێککەوتنەکە مانای ئەوە نییە دۆزی کورد چارەسەر کراوە
 
ئەندامەکەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە لە قسەکانیدا بۆ رووداو دەڵێت: "ئەم رێککەوتنەی ئێستا کراوە، ئامانجەکەی تەنیا ئەوەیە ئاگربەستێک دروست ببێت و هەندێک بابەت هەیە کە پرسی تێکەڵبوون جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی پارچەبوون نەمێنێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە دۆزی کورد چارەسەر کراوە. ئیدی رۆڵی ئەم شاندە کوردییە لە داهاتوودا ئەرکی سەرەکییان دەبێت بەو ئاراستەیە بجوڵێنەوە."
 
رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق
 
30ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە.
 
هەسەدە رایگەیاندووە رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لەنێوانیان، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناوەندی شاری حەسەکە و قامیشلۆ، هەروەها دەست دەکرێت بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانێ پێکدەهێنرێت لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب.
 
بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق تایبەتە بە یەکە کارگێڕییەکان، بەشێوەیەک کە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی جێگیر دەکرێن.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، کە مافی مەدەنی و خوێندنی گەلی کورد یەکلا دەکرێتەوە و گەرەنتیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان دەکرێت.
 
لە راگەیێنراوەکەی هەسەدەدا باس لەوەش کراوە، کە ئامانج لەو رێککەوتنە یەکخستنی خاکی سووریا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی تەواوەتییە لە ناوچەکە، لە رێگەی بەهێزکردنی هاوکاری لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بونیاتنانەوەی وڵات.
 
لە لایەکی دیکە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی سووریا هەمان ئەو خاڵانەی سەرەوەی وەکو رێککەوتنی نوێی دیمەشق و هەسەدە راگەیاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە