رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەمین رۆژی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەژێر ناوی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" رێکی خستبوو، هەشت پانێڵی جیاواز پێشکێش کران کە دیارترینان گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی بوو. هەروەها چەند پانێڵێکیش لە لایەن خانمانەوە لەبارەی رۆڵ و مافەکانی ژنانەوە پێشکێش کران.
پانێڵی یەکەمی سێیەمین و دوایین رۆژی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر تایبەت بوو بە "رۆڵی ئافره‌ت له گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست" کە تێیدا باس لە گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست کرا و سێ ژن پانێڵەکانیان بەڕێوەبرد.
"ژنان لە دوای شۆڕشی عەرەبییەوە بەهێزتر بوون"
لە یەکێک لە پانێڵەکاندا د. نادیه ئه‌میر، راوێژكاری دامه‌زراوه‌ى توێژینه‌وه‌ى زانستیى لیبیا قسەی کرد و رایگەیاند، "ژنان دواى شۆڕش و به‌هاری عه‌ره‌بی به‌هێزتر بوون و توانیویانه بگه‌ن به داواكارییه‌كانیان و توانییان له رێگه‌ى به‌كارهێنانى شه‌قام و خۆپێشاندان ده‌نگیان بگه‌یێنن به جیهان."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ژنان رۆڵێکی کارایان لە خەباتی باشووری کوردستاندا گێڕاوە و مافی ژنان لە ئەجێندای کاری حکومەتدا پارێزراوە، بەڵام دەڵێت، "هێشتا کەموکوڕی زۆرە و پێویستە زیاتر پشتگیری بکرێن."
د. خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان لە سێیەم رۆژی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر لە پانێڵێکدا لەژێر ناونیشانی "رۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" رایگەیاند: "کاتێک لەم کۆڕبەندەدا، بابەتی ئافرەتان لەگەڵ تەوەرە سیاسییەکانی دیکە دەخرێنە بەرباس، بە مانای ئەوەیە تەوەری ئافرەتانیش، بابەتێکی سیاسییە."
خانزاد ئەحمەد پێیوایە، لە سەرهەڵدانەکاندا کەمتر باس لە یەکسانیی جێندەری و رۆڵی ژنان کراوە و گوتی: "ئەگەر لە هەندێک لە سەرهەڵدانەکانیش باس لە بابەتی یەکسانیی جێندەری و مافی ئافرەت کرابێت، ئەوە پێویستی بەوە بووە کە ژنان و بزووتنەوەی ژنان بتوانن لە سەرهەڵدانەکەدا رۆڵێکی کارایان بۆ قۆناخی گواستنەوە هەبێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی سەرهەڵدان و قۆناخی گواستنەوە لەسەر یەکسانیی جێندەری و مافی ئافرەت دەدرێن کاتێک بە سەقامگیری گەیشتن، لەبیر دەکرێن و گوتی: "بە بۆچوونی من، بۆ ژنان ئەستەم نییە هاوپەیمانەکانی خۆیان بدۆزنەوە و بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان بخەنە ئەجێنداکانی حکومەت و کاری هاوبەش بکەن."
د. نوورشین ئاته‌ش ئۆغڵو، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى كۆماری توركیا بهشداربوویێكى دیكه‌ى پانێڵه‌كه بوو و، پێیوایه په‌روه‌رده به‌س نییه بۆ پێگه‌یاندنى ئافره‌ت و ژنان، به‌ڵكو ده‌بێت ئافره‌ت خۆی كار بكات بۆ لابردنى ئاسته‌نگه‌كان و رووخاندنى به‌ربه‌سته‌كان.
په‌روه‌رده به‌شێكه له وه‌ربه‌رهێنان
"وەبەرهێنان لە پەروەردە: خاڵی وەرچەرخانی گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ئەمە ناونیشتانی تەوەرێکی دیکەی سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی هەولێر بوو کە تێیدا كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا گفتوگۆیان له‌باره‌ى په‌روه‌رده و وەبه‌رهێنان له‌بواری په‌روه‌رده و گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوری و سه‌قامگیریی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست كرد.
به‌شداربووانى پانێڵه‌كه هاوڕابوون كه په‌روه‌رده كه‌رتێكى گرنگ و بونیاتنه‌ری هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه و پێویسته به‌رده‌وام نوێكاری له‌و كه‌رته‌دا بكرێت و پێویسته هاوكاریی ئه‌و وڵاتانه بكرێت كه پێویستیان به به‌ره‌وپێشبردنى په‌روه‌رده‌یه.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 60 هەزار کەس لە کامپی هۆلن لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و زۆرینەی ئەوانیش ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی رێکخراوی داعشن و ئێستا "کامپی هۆل قوتابخانەیەکی راستەقینەی نموونەییە لە دروستکردنی نەوەیەکی نوێی داعش"
لە سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رێکیخستووە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەشداربوو و، رایگەیاند، ئەو منداڵانەی لە کامپی هۆلن بە "هزرێکی داعشی" پەروەردە دەکرێن، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بە رێکارەکانی حکومەت بۆ رێگەگرتن لە پەڕێنەوەی چەکدارانی داعش لەنێو سووریاوە بۆ نێو عێراق کرد و گوتی: "ماوەیەکە کاری زۆرمان لەسەر تووندووتۆڵکردنی سنووری عێراق کردووە و پێشکەوتنی گەورەشمان بەدەستهێناوە. ئێستا سنووری عێراق تووندوتۆڵە و ساتری خۆڵ و خەندەق لێدراوە".
سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر و سه‌رۆكوه‌زيرانی پێشووترى عێراق لە پانێڵێک دا لە کۆڕبەندی هەولێر لەژێر ناوی "ئاسۆی تەگەرە ئابووری و سیاسییەکانی عێراق، ریفۆڕم یان داڕمان" قسەی کرد.
حەیدەر عەبادی پێیوایە کشانەوەی رەوتی سەدر لە حکومەت "هەموو هاوکێشەکەی گۆڕی" و دەڵێت، ئەگەر حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی شکست بهێنێت، عێراق بە قەیرانێکی دیکەیدا تێدەپەڕێت و خەڵک زیانی زۆر دەکات.
سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر باس لە "ئاراستەیەکی زاڵ" دەکات کە دەیەوێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاکان یەکبخات و میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامانی کۆمیسیۆنیش جیاوازبێت.
پانێڵەکە بە گفتوگۆیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "گرفتە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داهاتووی هەرێمی كوردستان" کۆتاییهات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاییندەی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، دۆخی عێراق و ناوچەکە، پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەیش قسەی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کرد تیمی یەکێتی کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە، بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکان و لەوێوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەشڵێت، لە دەرەوەی کۆبوونەوەکانی حکومەت هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ