رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. هەردوولا هاوڕابوون کە "میلیشیا و گرووپە لەیاسادەرچووەکان مەترسین بۆ سەر ئاسایش و دەبێت حکومەتی عێراق رێگرییان لێ بکات."
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی شوبات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەنجام دا. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، قەتەر و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ کراوە.
لە بەشێکی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا بە "تووندی" سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەر. هەروەها نیگەرانییەکی قووڵیان بەرامبەر پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و جەختیان لە پێویستیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
مەسرور بارزانی و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە "میلیشیا و گرووپە لەیاسادەرچووەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین" و پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و کۆنترۆڵیان بکات.
سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی ئاشتی کرد و رایگەیاند کە دەبێت هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ناوچەکە بەهەند وەربگیرێن. هاوکات مەسرور بارزانی هاوسۆزیی هەرێمی کوردستانی بۆ خەڵکی قەتەر دووپات کردەوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
دەقی راگەیێندراوی حکومەت:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/2 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و قەتەڕ و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریاتستیانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەڕ و نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەوەی میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات.
سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ, جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچا بگیرێن.
سەرۆکی حکومەت، هاوسۆزی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ خەڵکی قەتەڕ دووپات کردەوە .
هەردوولا کۆک بوون لە سەر پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ