رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەهۆی جەنگەوە هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک دروست نابێت و رایدەگەیێنێت، خۆراکی پێویست بۆ شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگەکە، وەزارەتی بازرگانی ئامادەکاریی تەواوی کردووە و بەردەوام لەگەڵ بازاڕ و بازرگانەکان دا لەسەر هێڵن.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "سەردانی سەرجەم کۆگاکانمان کردووە و بۆمان دەرکەوتووە خۆراکێکی زۆر لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی رێکخراو دابەشی مارکێت و بازاڕەکان بکرێت، بەشی شەش مانگ دەکات و هیچ کێشەیەک دروست نابێت."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێ، دەروازە سنوورییەکان دانەخراون، لەوانەش دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و دەروازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەن. بازرگانەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە لە هەر شوێنێکەوە دەستیان پێدەگات دەتوانن خۆراک هاوردە بکەن.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، ئێستا سەرقاڵی دابەشکردنی بەشەخۆراکی دووەمن، کە پێکهاتووە لە (سێ کیلۆ برنج، زەیت، لەتکەنۆک، نیسک و دۆشاوی تەماتە)، کە پێیوایە هاوکارییەکی باشی خێزانە کەمدەرامەتەکان دەکات.
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بەشەخۆراکی دوو مانگی دیکەش لە کۆگاکاندا هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی داوای لە هاووڵاتییان کرد بەهۆی دۆخەکەوە نەشڵەژێن و گوتی: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست ناکات خۆراک لە ماڵەکانیاندا هەڵبگرن، چونکە رێگە نادەین بازاڕ قۆرخ بکرێت و بقۆزرێتەوە؛ خۆراکی پێویستیش هەیە".
لەبارەی کۆنترۆڵکردنی بازاڕیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماری مانگی رابردووی لیژنەکانی چاودێریی خستەڕوو و رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا لیژنەکان 3 هەزار سەردانیان بۆ بازاڕەکان کردووە، تێیدا 270 سەرپێچی تۆمارکراون و سەرپێچیکاران بە بڕی 21 ملیۆن دینار سزادراون. هەروەها دەست بەسەر 70 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە و 20 شوێنیش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان داخراون.
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی هێرشی بەردەوامی درۆن و مووشەک؛ بە گوێرەی ئامارەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 588 هێرش تۆمارکراون و تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 32 درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاکان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ