خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان؛ لە قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە تاوەکو زانکۆکان دەستیپێکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راگرتنی خوێندنی ناو پۆل، پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سەرجەم پارێزگاکان دەستیپێکردووە. بەرپرسانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش دەڵێن، پرۆسەکە بە "سەرکەوتوویی" بەڕێوەدەچێت و رێکاری پێویست بۆ هاوکاریکردنی قوتابیان گیراوەتەبەر.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارەکان جێبەجێکراون. هەڵسەنگاندم لە بەڕێوەبەرایەتییەکان وەرگرتووەتەوە و بڕیارە هەموو سێشەممەیەک هەڵسەنگاندن لە هەموو پەروەردەکانی پارێزگای هەولێر وەربگرم."
 
سەبارەت بە شێوازی وانەگوتنەوەکە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتی: "خوێندن ئۆنلاین دەستیپێکردووە و هەموو شتێک بە باشی دەڕوات؛ قوتابییان لە رێگەی سیستمەکانی ئی-هەڵسەنگاندن، ئی- وانە و تەلەفزیۆنی پەروەردەوە دەتوانن وانەکان بخوێنن، مامۆستایانیش راستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی پەروەردە وانەکان دەڵێنەوە."
 
لە پارێزگای دهۆکیش پرۆسەکە هەمان رۆژ دەستیپێکردووە. نەبیل شنگالی، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی دهۆک بە رووداوی گوت: "لە هەموو پەروەردەکانی دهۆک خوێندنی ئۆنلاین دەستیپێکردووە؛ تەنیا هەندێک کێشەی بچووک و تەکنیکی هەن تاوەکو قوتابییان دەچنە ناو سیستمەکەوە، بەڵام بە گشتی هەموو شتێک باشە."
 
نەبیل شنگالی ئاماژەی بەوەدا هەر مامۆستایەک سەرپەرشتیی گرووپێک دەکات، تەلەفزیۆنی پەروەردەش بەردەستە و وانەکان دەخوێندرێن.
 
بە گوێرەی زانیاریەکانی رووداو، خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانیش لە رێگەی سیستەمی (ئی- وانە)، گرووپەکانی تەلەگرام، واتسئاپ و تەلەفزیۆنی پەروەردەوە دەستیپێکردووە.
 
تەنیا پەروەردەکان نین، بەڵکو زانکۆ و پەیمانگاکانیش چوونەتە نێو سیستەمەکەوە. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "خوێندنی ئۆنلاین و دیجیتاڵی لە 30ـی ئادارەوە لە هەموو زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان دەستیپێکردووە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئێمە ئەزموونی پێشوومان هەبووە و هیچ کێشەیەک دروست نەبووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل رابگیرێت و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە