رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای شاماران رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کۆگاکانی کێڵگەی نەوتی سەرسنک لە هەرێمی کوردستان تەقینەوەیەک روویداوە؛ بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی سەرسەنگ و ئەترووش راگیراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی نیسانی 2026، کۆمپانیای "شاماران پترۆلیۆم"ـی کەنەدی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن کۆمپانیای "HKN Energy" کە کارپێکەری کێڵگەی سەرسنکە، ئاگادارکراونەتەوە کە تەقینەوەیەک لە یەکێک لە کۆگاکانی ئەو کێڵگەیەدا روویداوە.
سەبارەت بە زیانەکان، کۆمپانیاکە دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "سەرجەم کارمەندەکان سەلامەتن و هیچ بریندارێک لە رووداوەکەدا نەبووە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆمپانیای HKN دەستی بە هەڵسەنگاندنی وردی دۆخەکە کردووە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان لە پەیوەندیدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی گیانی دانیشتووانی ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەی شاماراندا هاتووە، ئێستا کارەکانی کێڵگەی سەرسنک راگیراون، هەروەها وەک رێکارێکی خۆپارێزی، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەترووشیش راگیراوە.
کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پابەندی بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی و پاراستنی ژینگەن و لەگەڵ گەیشتنی زانیاریی زیاتر، وردەکاریی نوێ بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
ئەمە دووەمین جارە لەماوەی جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هێرش دەکرێتەسەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک، رۆژی 5ی ئادار بە درۆن کۆگاکانی نەوت کرایە ئامانج و زیانێکی گەورەی بە کێڵگەکە گەیاندووە.
کۆمپانیای شاماران، کۆمپانیایەکی سەربەخۆی کەنەدییە و لە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کاردەکات؛ کۆمپانیاکە خاوەنی 50%ی پشکەکانی کێڵگەی ئەترووش و 18%ی پشکەکانی کێڵگەی سەرسنکە.
کۆمپانیای ئیچ کەی ئین و کۆمپانیای شاماران لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداری هەردوو کێڵگەی نەوتی سەرسنک و ئەترووش دەکەن و پێش راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەکە رۆژانە 53 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهات..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ