نزیکەی 600 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی هێرشی بەردەوامی درۆن و مووشەک؛ بە گوێرەی ئامارەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 588 هێرش تۆمارکراون و تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 32 درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاکان کراون.
 
77%ی ‌هێرشەکان کراونەتە سەر هەولێر
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ، 2ـی نیسان، بە 458 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر کراون، واتە 77.8٪ی کۆی هێرشەکان.
 
هەروەها 103 درۆن و مووشەک (17.5٪) ئاراستەی سلێمانی کراون. بە 25 درۆن و مووشەک (4.2٪) هێرش کراوەتە سەر دهۆک و لە یەک هێرش دا دوو درۆن بۆ سەر هەڵەبجە بەکارهێندران.
 
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان:
 
هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو 32 درۆن بوون، 25یان شاری هەولێر، دوو لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، چوار درۆن ئاراستەی دهۆک و یەکێکیش ئاراستەی سلێمانی کراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیانی مادی بە چەند هاونیشتمانییەک گەیاندووە. لەبارەی زیانە گیانییەکانەوە، هێزە ئەمنییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی دهۆک لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو نزیک کاژێر 12:00 بە چوار درۆن هێرش کراوەتە سەر دهۆک و سنووری پارێزگاکە، بەڵام زیانەکانی ئاشکرا نەکراون.
 
هەروەها نزیک کاژێر 12:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، بەگوێرەی زانیاریی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووداو، یەکێک لە درۆنەکان لە چیای هەیبەت سووڵتان کەوتووەتە خوارەوە.
 
نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، دەنگێکی بەهێز لە سلێمانی بیسترا. تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لەبارەی جۆری هێرشەکە و ئەنجامەکانی هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
 
قوربانیی هێرشەکان
 

بە گوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 91 کەسیش بریندار بوون.

 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
 
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
 
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
 
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
سلێمانی، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
 
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە.
 
لە سنووری ئامێدیش، 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە