شاڵاو کۆسرەت رەسوول: هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان نەبوون

02-05-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن هاوپەیمانیی کوردستان شاڵاو کۆسرەت رەسوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "بەداخەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی ( لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا کراوە) هیچ یەک لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون".
 
شاڵاو کۆسرەت رەسوول، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی بەهۆی کشانەوەی رێباز بێرکۆتی لە بەربژێربوونی بۆ پەرلەمانتاری عێراق، نامەیەکی بۆ ناوبراو ناردووە و نووسیویەتی: "بەداخم کە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستەکەمان جەنابتی تێدا نییە، لە کاتێکدا بۆ سەرکەوتنی یەکێتی لە هەولێر پێویستمان بە کەسایەتی جەنابت و پەیوەندییەکانت بوو؛ بوونی تۆ دەبووە مایەی سەرکەوتن و بەخشینی ورەیەکی بەهێز پێمان. بەداخەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەک لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبوون ئەم دۆخەی دروستکرد، هیوادارم هاوپەیمانێتییەکە سەرکەوتوو بێت و هیچ شوێنێک نەکرابێتە قوربانی شوێنێکی دیکە و براوەی سەرەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت".  
 
رووداو لە سەرچاوەیەکی نزیکی شاڵاو کۆسرەت رەسوولەوە لە دروستیی نامەکە دڵنیابووەوە و زانیویەتی، نامەکە بەهۆی کشاندنەوەی رێباز بێرکۆتییەوەیە. شاڵاو کۆسرەت رەسوول لە نامەکەیدا زیاتر دەڵێت: "لەڕێگەی ئەم نامەیەوە سوپاسی خۆمت ئاراستە دەکەم کە هەمیشە هەڵوێستەکانت لە پێناو بەرژوەندی گشتی بووە و بەرژەوەندی خۆت وەلاناوە".
 
بەرلەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتی رابگەیێنن، رێباز بێرکۆتی، بەربژێری یەکەمی بازنەی یەکێتی هەولێری ئەو حیزبە بوو، بەڵام دوای رێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان، گۆڕانکاری بەسەرداهێنرا و ئافرەتێکیان لە شوێنی رێباز بێرکۆتی بەربژێرکرد.
 
رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و کەسێکی نزیکی کۆسرەت رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە. 
 
رۆژی شەممە هاوپەیمانی کوردستانی، لە نێوان یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا بە سەرۆکایەتی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راگەیێندرا.
 
رۆژی یەکشەممە 02-05-2021 مەلا بەختیار لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک چەند دێڕێکی بەشێوەی "رەخنە" لەبارەی هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت "لەبەر ئەوە نییە هەردوولا بەهێزن. بەڵكو لەبەر مەترسی سەرەنجامی هەڵبژاردنە. دوای ئەم هەڵبژاردنە، رێگەی تەندروستی هەردوولا.. یەكگرتنیانە.. هاوپەیمانی ناچاری.. گولاجە عیلاج نییە!"
 
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە میدیای فەرمی حیزبەکەی راگەیاند، رێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان بە لێکتێگەشتن لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە واژۆکراوە و جەماوەری یەکێتی لە سەرکەوتن دڵنیا دەکەینەوە".
 
رزگار حاجی حەمە دەڵێ:" بەپێی رێککەوتنەکە، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکی لیستەکە دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئاکپارتی: زۆر نیگەرانین بە هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی

گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەوان بەو هێرشە درۆنییەی کراوەتە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "زۆر دڵتەنگ و نیگەرانن" و هیوای سەلامەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەخوازن.