دەزگای روانگە فێستیڤاڵی "بەهار و کفری" بۆ خاوەنکاران رێک خست

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هونەر حەمید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی کفری، دەزگای روانگە فێستیڤاڵی (بەهار و کفری) رێک خست، کە تێیدا 25 خاوەنکار و خاوەن بیرۆکە بەرهەمەکانیان نمایش کرد تاوەکو دەرفەتی نوێی کار بدۆزنەوە.
 
بۆ بەشداربووان، ئەم فێستیڤاڵە سەکۆیەکە بۆ ناساندنی پڕۆژەکانیان و دەستگیرۆییکردنیان تاوەکو بتوانن کارە بچووکەکانیان گەشە پێ بدەن.
 
محەمەد حەسەن، کە خاوەن بیرۆکەیەکە لەبارەی ئامانجی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە دا دەڵێت: "بەشداری بکەم بۆ ئەوەی دەنگم بگەیەتە لایەنی پەیوەندیدار بەشکم هاوکارییەکی پێشوەختە بکرێم ئەمانە بەرهەمی 10 بۆ 20 ساڵ پێش ئێستایە".
 
هەروەها چیلەر ئیکرام، کە خاوەنکارێکی بەشداربووە، دەڵێت: "خواردنەکانمان تاقیکەنەوە دەستی کارەکانمان ببینن بۆ ئەوەی بمانناسێتەوە بیکرێتەوە لێمان".
 
لە فێستیڤاڵەکە دا بەرهەمی کشتوکاڵیش نمایش کران، ئەنوەر عەبدولعەزیز، ئەندازیاری کشتوکاڵ لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد: "پەیامی ئێمە لەوەدایە ئەم کنارەمان هێناوە بۆ ئێرە توانیومانە 18 جۆر لە کفریدا کۆکەینەوە لە کێڵگەکاندا لە ماڵاندا لە کێڵکەگانی دەوروبەری شاردا وەناوی جۆراوجۆری هەیە لەبەر ئەوەی ئەم کنارە بناسێنین".
 
دەزگای روانگە ئامانجیەتی لە رێگەی ئەم چالاکییانەوە، هەم بزە بخاتە سەر لێوی هاونیشتمانییان و هەمیش پاڵپشتیی دارایی و مەعنەویی خاوەنکارەکان بکات.
 
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، لەبارەی ئامانجی کارەکەیانەوە رایگەیاند: "مەبەستمانە لەڕێگای ئەم چالاکیە کلتوریانەوە هەم گەشتیار رابکێشین بۆ ئەم شارە خۆشەویستە وە هەروەها ئەو گەنجە بەهرەمەندانەی کە لەمشارەیا ئەژین وە خاوەن دەستێکی ڕەنگینن بتوانن لە رێگای ئەم فیستیڤاڵە بەهارییەوە بەرهەمەکانی خۆیان نمایش بکەن وە خۆشبەختانە ئێستا لێرە کەشێکی کلتوری کەشێکی بەبازارکردن درووست بوە وەکاری ئێمەش لە دەزگای روانگە پشتیوانیکردنی ئەم جۆرە کارانەیە تا ژینگەیەکی کۆمەلایەتی و کلتوری و بەبازارکردن برەخسێنین".
 
هەرچەندە ئەم فێستیڤاڵە تەنیا بۆ یەک رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام بووە وێستگەیەک بۆ ئاوێتەکردنی بەرهەمە نێوخۆییەکان و دەرخستنی توانای گەنجانی دەڤەرەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە