بریکاری وەزارەتی بازرگانی: 75%ـی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراقە

02-06-2025
سۆران حوسێن
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق ئاستەنگی جۆراوجۆر بۆ بردنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دروست دەکات و دوای جێبەجێکردنی داوایەکی، داوایەکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
نزیکەی دوو ساڵە، ناوبەناو حکومەتی عێراق لە رێگەی بازگەکانەوە رێگری لە بردنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات ببرێت بازاڕەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق. لەو بارەیەوە سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو قسەیکرد و باسی لە هۆکاری رێگرییەکان کرد.
 
سەروەر هاواری، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئەو کێشانە لەم دوو ساڵەی دواییدا روویانداوە چەندین کێشەن، لە عێراق دوو وەزارەتی جیا هەن، وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان. ئەوان سەرەتا دانیان بە مۆڵەتی پەرەپێدانی پێشەسازی هەرێمی کوردستان نەدەنا، دواتر گوتیان دەبێت هەموو خاوەن کارگەیەک بێتە بەغدا و مۆڵەتی پشتیوانی پیشەسازی وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرهەمەکانی بهێنێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، 75%ـی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. گوتیشی: "بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان هاوکارە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق، دەبێت وەکو پاکێجێکی ئابووریی سەیر بکرێت لە زاخۆوە تاوەکو فاو."
 
هاواریی باسی لە پاساوەکانی عێراق بۆ رێگرییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەتا داوای مۆڵەتی پەرەپێدانی پیشەسازییان دەکرد، ئێستا داوای باڕکۆد دەکەن؛ جارێک داوای (کیو ئاڕ) دەکەن، بە جۆرێکە بابەتێک چارەسەر دەکەین بابەتێکی دیکە دروست دەکەن."
 
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: "رێگرییەکان لە بەرهەمی نێوخۆ وەکو سزایەکە و پەلاماردانی هەرێمی کوردستانە لە رێگەی ئابوورییەوە، هەرچەندە ئەم بابەتانەش هیچیان دەستووریی نین، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور خاوەن پەرلەمان؛ حکومەت و دامەزراوەی خۆیەتی."
 
بەگوێرەی قسەکانی سەروەر هاواری، ئەو یاسایانەی کارگەیەک یان کۆمپانیایەکی پێ تۆمار دەکرێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق هاوشێوەی یەکن. دەشڵێت: "عێراق دەبێت بیر لەوە بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی بچێت کاڵای دەرەوە هاوردە بکات لە هەرێمی کوردستانەوە بیبات و بگەینە چارەسەرێکی رێکوپێک، هەندێک بیانوو هەن کە دەستووریش رێگەی پێنادا."
 
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بابەتی هاوشێوەی کارگەکان چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر لە بەغدا کردووە و چەند جارێک رێککەوتنیان واژۆ کردووە، بەڵام "لە بەغدا پێیەوە پابەند نەبوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.