رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران رێکاری پێویست دەگرێتەبەر؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وەرگرتنی مووچە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش تا ئەو کاتەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەرکراوە، یاسایی بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-07-2023، وەعد مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین و زانا کایانی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەما و ''ئیدی لەوانەیە دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان رێکارەکانی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران بگرێتەبەر، چونکە ئەوە کارێکی کارگێڕییە.''
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 01-10-2022ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو، بەڵام حیزبەکان نەسازان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازهیاساى بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسندکرد و بەو جۆرەش تەمەنی پەرلەمان بۆ کۆتایی ساڵی 2023 درێژ کرایەوە، بەڵام دادگەی فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکدا درێژکردنەوەکەی بە نایاسایی هەژمار کرد و رایگەیاند، "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە خۆی 6-11-2022 کۆتایی دەهات، پەرلەمان هەشت کۆبوونەوەی هەبووە، لەو کۆبوونەوانەدا 5 یاسای دەرکردووە و 11 بڕیاری پەسند کردووە؛ 9 بڕیاریان پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران بووە؛ بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیش هەموویان بە هەڵوەشاوە دادەنرێن.
د. وەعد مزووری ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی یاسای چاکسازی، ئەگەر پەرلەمانتارێک نەیەوێت خانەنشین بکرێت، دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر کاری پێشووی خۆی کە پێش لە پەرلەمانتاربوونی هەیبووە.
لەبارەی مووچەی پەرلەمانتارانیش، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ''بەپێی یاسا، وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ کێشەیەکی نەبووە و پێویست بە گەڕاندنەوە ناکات و بڕیاری دادگەی فیدراڵی کاریگەری لەسەر نابێت، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیارەکە، نابێ پەرلەمانتاران مووچەیان وەرگرتبێت.''
بەهۆی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵ و چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و چەند بەربژێرێکی پێشووی هەڵبژاردن سوێندی یاساییان خوارد و چوونە جێگەیان. بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، پەرلەمانتاربوونی ئەوانیش رەتدەکرێتەوە.
وەعد مزووری لەوبارەوە گوتی، وەرگرتنی مووچە لەلایەن ئەو کەسانەی دواتر بوون بە پەرلەمانتار، کارێکی یاسایی بووە و پێویست بە گەڕاندنەوەی مووچەکانیان ناکات، ''چونکە بەپێی پەیڕەوی نێوخۆیی و بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان دەنگیان پێدراوە و بوونەتە پەرلەمانتار، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، ئەوان خانەنشین ناکرێن.''
راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی مادەی حەوتی یاسای چاکسازی، مەرجی خانەنشینکرنی پەرلەمانتاران ئەوەیە کە تەمەنیان لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و کەمتر لە 15 ساڵیش خزمەتیان نەکردبێت، ''ئەگەر ماوەی خزمەت یان تەمەنیان لەوە کەمتر بێت، تەنیا بۆ ئەم خولە خانەنشین دەکرێن و 15٪ـی مووچەکەیان وەردەگرن و بۆ هەر ساڵێک خزمەتیش 1.5٪ـی دیکەی پێیەوە زیاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر تەمەنی پەرلەمانتار سەرووی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵیش پێشینەی خزمەتی هەبێت، ئەوە بە 50٪ـی مووچەکەیانەوە خانەنشین دەکرێن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ